لە چەندین وڵاتی جیهان هێرشی سەر چاپەمەنی ئازاد شەرمەزارکرا

ناوەندی هەواڵەکان

لە هەریەکە لە شارەکانی شتوتگارت، ڤیەنا، فرانکفۆرت، لیماسۆل، هامبۆرگ و ئەسینا لە دژی هێرشکردنە سەر گەلی کورد و هێرشی سەر چاپەمەنی ئازاد، چالاکوانان ڕوویان لە گۆڕەپانەکان کرد و پەیامیان دا.

لەسەر بانگەوازی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتیی کوردی ئەوروپا-کەجەدە-ئە، بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی سەر گەلی کورد و هێرشی سەر چاپەمەنی ئازاد، لە چەند وڵاتێکی ئەوروپا چالاکی ئەنجامدرا.

بە پێشەنگایەتی دەکتەم، چالاکونان لەبەردەم کونسوڵخانەی بەلجیکا لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا کۆبوونەوە، ناڕەزایەتییان دەربڕیی بەرامبەر هێرشەکانی پۆلیسی بەلجیکا و فەرەنسا.

مەسعود داگهان، هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی دیموکراتیی شتوتگارت ڕایگەیاند، ئەردۆغان بۆ دۆزینەوەی هاوکاری لە پێناو قڕکردنی گەلی کورد، وڵات بە وڵات گەڕاوە، فشاری سەر کوردانی ئەوروپا بەشێکە لەو سیاسەتە، هێرشەکە تەنها بۆ سەر چاپەمەنی ئازاد نییە، بەڵکو دژی تەواوی گەلی کوردە.

هەروەها، لەسەر ناوی کۆنفیدراسیۆنی کۆمەڵگەی کوردستانیان لە ئەڵمانیا-کۆن-مەد، داوا لە بەرپرسانی بەلجیکا کرا دەست لە ڕێبازی نادیموکراتیی هەڵبگرن.

دژی هێرشی سەر مەدیا خەبەر و ستێرک تیڤی، لە شاری ڤیەنای پایتەختی نەمسا چالاکییەک ئەنجامدرا.

هەروەها بۆ هەمان مەبەست لە شاری ڤیەنای پایتەختی نەمسا چالاکییەک ئەنجامدرا، لە چالاکییەکەدا ئەحمەد زیرەک هاوسەرۆکی دەکتەم، ڕایگەیاند، ڕێکخەری پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی هەر تورکیا نییە، بەڵکو ئەوروپا و ناتۆیە، دەیانەوێت بێدەنگمان بکەن، بەڵام بێدەنگ نابین، وەک چۆن گەریلاکانی ئازادیی کوردستان تێدەکۆشن، ئێمەش لە ئەوروپا درێژە بە تێکۆشان دەدەین.

پاشان، دۆسییەیەک دەربارەی ڕووداوەکانی بەلجیکا ڕادەستی کۆنسوڵخانەی بەلجیکا کراوە و داواکرا واز لە تاوانبارکردنی کوردان بهێنێت.

هەروەها لە شاری فرانکفۆرت لە ئەڵمانیا، چالاکوانان هێرشی سەر چاپەمەنی ئازادیان شەرمەزار کرد و محەمەد چۆپان هاوسەرۆکی فەجەدەکە-کاوە ڕایگەیاند، ئەم هێرشە دانەبڕاوە لە هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، ناتوانن بێدەنگمان بکەن، هەرگیز ئەمە قبووڵ ناکەین.

چالاکونان و وڵاتپارێزان، لە شاری لیماسۆلی قوبرس، ڕێپێوانیان ئەنجامدا و هێرشکردنە سەر ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەریان شەرمەزار کرد، لەبەردەم شارەوانی لیماسۆل ڕێپێوانەکە گۆڕا بۆ گردبوونەوە و ڕاگەیاندراو بە زمانی ئینگلیزی خوێندرایەوە.

هەروەها هێرشکردنە سەر ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر لە شاری هامبۆرگی ئەڵمانیا شەرمەزار کرا و ڕایانگەیاند، دەستتان لە ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر دووربخەنەوە، ئانجا فلاخ لە پارتی کۆمۆنیستی ئەڵمانیا وتەی پێشکەش کرد و وتی: هێرشەکەی بەلجیکا هاوکاتە لەگەڵ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر مەتینا.

هەروەها لە ئەسینای پایتەختی یۆنان بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی پۆلیس و هەڵکوتانەسەر مەدیا خەبەر و ستێرک تیڤی، دژی هێرشەکەی پۆلیسی فەرەنسی بۆ سەر ماڵەکانی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیی کورد لە درانسی، ڕێپێوانێکی جەماوەریی ئەنجامدرا.

بە پێشەنگایەتی دەکتەم، چالاکوانان و وڵاتپارێزان و دەسپێشخەریی Riseup4Rojava (لەپێناو ڕۆژئاوا ڕاپەڕە) بەشداری چالاکییەکە بوون.

چالاکوانان تا بەردەم کونسوڵخانەی بەلجیکا بە وتنەوەی دروشم ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

ب. ق

Comments are closed.