لە ٦١ خولەکدا تەواوی دیمەنی ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێریی شەهید دۆغا ڤیان بڵاوکرایەوە

ناوەندی هەواڵەکان

ماڵپەری گەریلا تیڤی، لە ٦١ خولەکدا تەواوی دیمەنی ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێریی شەهید دۆغا ڤیان، کە لە ١٧ـی شوبات لە دژی سوپای داگیرکەری تورک لە گردی جودی لە زاپ ئەنجامیان دابوو، هەروەها تێیدا ٣٧ داگیرکەر سزا دران و تەواوی گردەکە لە داگیرکەران پاککرایەوە.

کەمێک پێش ئێستا، ماڵپەری گەریلا تیڤی، تەواوی دیمەنی ئۆپەراسیۆنی شۆڕشگێڕیی شەهید دۆغا ڤیانى لە گردی جودی لە زاپ بڵاوکردەوە.

دیمەنەکە فیلم ئاسایە و ماوەکەی ٦١ خولەکە، کە دیمەنی سەرەتای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە، هەڵکوتانە سەر داگیرکەران، سووتاندنی بنەکە و بارەگاکانی دەوڵەتی تورک و ئەو چەک و کەرەستە سەربازییانەی دەستی بەسەردا گیراوە پیشان دەدرێت.

لە دیمەنەکاندا دەردەکەوێت، گەریلاکانی ئازادیی کوردستان بە مۆڕاڵەوە دەچنە سەر داگیرکەران.

ئەو بنکە و بارەگەیە کە گەریلا هێرشی کردووەتە سەری، پێشتر دەوڵەتی تورک لە میدیاکانییەوە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە پارێزراوە و چەندین سیستەمی چاودێری و ڕاداری تێدا جێگیر کراوە، بەڵام گەریلاکانی ئازادیی تەواوی سیستەمەکان هەڵدەوەشێننەوە و دەکەونە ناو مۆڵگەکانی داگیرکەران.

هەروەها، لە دیمەنەکەدا دەردەکەوێت، گەریلاکانی ئازادیی تەواوی بنکە و بارەگانی داگیرکەران دەسوتێنن لە نێویشیدا بەشی هەواڵگیریی و فەرماندەیی هێزەکە و ڕێگە نادەن داگیرکەران لەسەر خاکی کوردستان درێژە بە داگیرکارییەکانیان بدەن.

لە دیمەنەکەدا، دەنگی گەریلاکانی ئازادیی دەبیسترێت، کە هەلهەلەی سەرکەوتن لێدەدەن و دەڵێن: “ئاگر کەوتە ڕۆمێ، ئاگر کەوتە دڵی ئەنقەرە، ئێرە زاپە ڕاکردن نییە، دەبێت بمرن”.

هەروەها، دەستیان بەسەر چەندین چەکی بیکەیسی، نیشانەشکێنی بۆرا، مەپەتە و دەیان پارچە و کەرەستەی سەربازییدا گرتووە.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، لە ١٧ـی شوبات بڵاوی کردەوە، هێزەکانمان ئۆپەراسیۆنێكی شۆڕشگێڕییان بە ناوی شەهید دۆغا ڤیان، لە دژی دەوڵەتی داگیرکەریی تورک، لە گردی جودی لە ناوچەی بەرخۆدانی زاپ ئەنجامداوە، لە ئەنجامیشدا ٣٧ داگیرکەر سزادراون، کە یەکێکیان فەرماندەی هێزەکەیە، هەروەها دەستیان بەسەر ٢٢ چەک و کۆمەڵێک کەرەستەی سەربازییدا گرتووە و تەواوی گردەکە لە داگیرکەران پاککراوەتەوە.

 

ب. جـ

Comments are closed.