“داوادەکەین ناوەندە جیهانییەکان بێنە سەر هێڵ بۆ ئەوەی میدیای ئازاد بپارێزین”

سلێمانی

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، سەنتەری میترۆ، ڕایگەیاند، ئەم هەڵکوتانە لە کاتێکدایە “ستێرک و مەدیا خەبەر” دەنگی گەلێکی ستەم لێکراو دەگوازنەوە، شێوازی کردەوەکە گومانەکان زیاتر دەکات کە بەرژەوەندیی سیاسیی لە پشتەوەیە، داواکاریشین لە سەرجەم ناوەندە جیهانییەکان بێنە سەر هێڵ بۆ ئەوەی میدیای ئازاد بپارێزین.

ئەمڕۆ، لە سەنتەری میترۆی شاری سلێمانی، ڕۆژنامەنووسانی ئازاد، سەنتەری میترۆ و فیدراسیۆنی ڕۆنووس، لە بارەی هەڵکوتانە سەر هەردوو کەناڵی دەنگی ئازادیی کوردان “ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر” لەلایەن پۆلیسی بەلجیکاوە لە بەرەبەیانی ٢٣ـی ئەم مانگە، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییان ئەنجامدا.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، بەیاننامەی سەنتەری میترۆ، لەلایەن دیاری محەمەد، بەڕێوبەری سەنتەر خوێندراوەیەوە و وتی: ئەو هەڵکوتانە لە کاتێکدایە ئەم کەناڵانە دەنگی گەلێکی ستەم لێکراو دەگوازنەوە، بە تایبەتیش لە وڵاتێکی دیموکراتییدا ئەم ڕووداوە ڕوویداوە، کە لە جیهاندا وا خۆیان پیشان دەدەن شەڕی دیموکراسییەت دەکەن و پشتیوانیی لە ڕاگەیاندنی ئازاد دەکەن، بەڵام بەداخەوە مایەی سەر سووڕمان بوو لە لامان، کە چۆن لە وڵاتێکی دیموکراسییدا بەو جۆرە ئەو مامەڵەیە دەکرێت.

وتیشی: بە نیگەرانییەوە لەم بابەتە دەڕوانین و بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کونسوڵخانەکانمان ڕاگەیاندووە، هیچ بەڵگەیەکمان لەبەردەست نییە، کە ئەم کەناڵانە بە نایاسایی مامەڵەیان کردبێت، شێوازی هەڵکوتانە سەری و ڕاگرتنی پەخشەکەیان، گومانەکان گەورە دەکات کە ئەمە بڕیارێکی سیاسییە و بەرژەوەندی سیاسیی لە پشتەوەیە.

داواشی لە سەرجەم ناوەندە جیهانیەکان کرد، بێنە سەر هێڵ بۆ ئەوەی میدیای ئازاد بپارێزین، پێمان وایە ئەم هەڵوێستانە تەنها کاری ڕێکخراوێک نییە بەڵکو ئەرکی هەموو دامەزراوە و ڕۆژنامەنووسەکانە، کە بڕوایان بە مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕادەربڕین هەیە و دڵسۆزن، بەداخەوە ئێستا لە دامەزراوە میدیاییە کوردییەکان نابینرێت کاتێک هاوکارێکیان ڕووبەڕووی سوکایەتیی و دەستگیرکردن دەبێتەوە، هیچ هاوسۆزییەکیان نییە، هیوادارم هەموومان بە یەکەوە فشار بکەین تا ئەم کارانە دووبارە نەبنەوە.

ب.جـ

Comments are closed.