ڕۆژنامەنووسانی مەخموور هێرشەکانی سەر ستێرک و مەدیا خەبەریان شەرمەزار کرد

مەخموور

ڕۆژنامەنووسانی کامپی پەنابەرانی مەخموور ئیدانەی هێرشەکانی سەر کەناڵەکانى ستێرک و مەدیا خەبەریان کرد و ڕایانگەیاند، ئێمە وەکو ڕۆژنامەنووسانی ئازاد بەڵێن دەدەین، کە ئامانجمان هەمیشە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان دەبێت.

لە بەیاننامەیەکدا لە کۆمیتەی خانەوادەی شەهیدان، ڕۆژنامەنووسانی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی (مەخموور) بە بەشداری کارمەندانی ڕۆژنامەوانی ئازاد و خەڵکی کامپەکە هێرشەکانی سەر چاپەمەنی ئازادیان شەرمەزار کرد.

چیا پیران لەسەر ناوی کارمەندانی چاپەمەنی مەخموور و هاووتەبێژی ڕۆژنامەی ڕۆژەڤی مەخموور بەیاننامەکەی خوێندەوە.

لە سەرەتای بەیاننامەکەدا هاتبوو، وەک دەزانرێت هێرشێک بۆسەر کەناڵی ستێرک تیڤی و تەلەفزیۆنی مەدیا خەبەر لە بەلجیکا ئەنجامدراوە، ئەوەش ئاشکرابووە، کە ئەم هێرشە لە لایەن فەرەنساوە ئەنجام دراوە، هەر لەو ڕۆژەدا زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسانی ڕۆژنامەوانی ئازاد لە تورکیا دەستبەسەر کران.

دەشڵێن، ئەم هێزانەی هێرش دەکەنە سەر چاپەمەنی ئازاد دەیانەوێت دەنگی ڕاستی کپ بکەن، بەڵام ئێمە وەکو ڕۆژنامەنووسانی ئازاد بەڵێن دەدەین، کە ئامانجمان هەمیشە ئاشکراکردنی ڕاستییەکان دەبێت.

باس لەوەشکراوە، ڕۆژانە هێرش دەکرێتە سەر کۆمەڵگا و ڕۆژانە خەڵکی سڤیل دەکوژرێن، ئەو هێرشانەی بۆ سەر ڕۆژنامەگەری ئازادی کوردی دەکرێن لەو ڕووداوانە جیاوازنین، وەک خەباتکارانی چاپەمەنی ئازاد داوا لە هەموو دۆستان و ئازادیخوازان دەکەین خاوەندارێتی لە چاپەمەنی ئازاد بکەن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، داوا لە حکومەتی بەلجیکا دەکەین ئەم کارانە ڕابگرێت، کە خزمەت بە حکومەتی تورکیا دەکەن، چونکە هیچ کەسێک ناتوانێت دەست بەسەر کامێراکانماندا بگرێت و هیچ هێزێک ناتوانێت دەنگی ڕاستییەکان کپ بکات.

لە کۆتایشدا دروشمی “بژی سەرۆک ئاپۆ”، “بێ سەرۆک ژیان نابێت” و “ژن ژیان ئازادی” وترانەوە.

ب. ق

Comments are closed.