ساڵڕۆژی بۆردوومانکردنی قەڵادزێ تەنها بە دانانی تاجەگوڵیینە بەڕێوەچوو

قەڵادزێ

لە شارۆچکەی قەڵادزێ لە لایەن بەشێک لە هاوڵاتییان، لایەنە سیاسی و حزبی و حکومییەکان و نوێنەرانى لایەنە پەیوەندیدارەکان تاجە گوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدانى بۆردوومانەکەى ٢٤-٤-١٩٧٤ دانرا، جگە لەوە هیچ چالاکییەکى تر بەهۆی نیگەرانى هاوڵاتییان لە حکومەتى هەرێم و پەراوێزخستنى ناوچەکەیان ئەنجام نەدرا.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە مۆنۆمێنتی شەھیدانی قەڵادزێی، لە ٥٠ـەمین ساڵیادی بۆردوومانکردنی قەڵادزێدا، بە بەشداری بەشێکی کەم لە هاوڵاتییانی شارۆچکەکە، لایەنە سیاسی و حزبی و حکومییەکان و نوێنەرانى لایەنە پەیوەندیدارەکان تاجە گوڵینە لەسەر مەزاری شەهیدانى بۆردوومانەکەى ٢٤-٤-١٩٧٤ دانرا.

ئەمساڵیش وەک ساڵی ڕابردوو لە کردنەوەی ئەم یادەدا، جگە لە دانانی تاجە گوڵینە لە سەر مەزاری شەھیدان ھیچ چالاکیی و مەراسیمێک ئەنجام نەدرا، بەشێکی زۆری ھاوڵاتییانیش بەهۆی نیگەرانییان لە حکومەتى هەرێم و پەراوێزخستنى شارەکەیان بەشدارییان لە ساڵیادەكەدا نەکرد.

جێگای باسە، لە ٢٤ـی نیسانی ١٩٧٤، فڕۆکەکانی ڕژێمی بەعس بۆردوومانی سنووری شارۆچکەی قەڵادزێـی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین و زانکۆی سلێمانییان لەو شارۆچکەیە کرد، بەهۆیەوە ٤٦٧ هاوڵاتیی شەهید و برینداربوون، کە بەشێک لەو شەهیدانە خوێندکار و مامۆستای زانکۆی سلێمانی بوون.

هـ.ح

Comments are closed.