“ئەگەر دەسەڵات سلێمان ئەحمەد دەستگیربکات ئەوا دەیان سلێمان درووست دەبنەوە”

سلێمانی

ڕۆژنامەنووس هاوژین شوانە، لە بارەی ڕفاندنی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، هەروەها دۆخى ئازادیی ڕۆژنامەنووسی لە باشووری کوردستاندا دەڵێت: ئەگەر سلێمان ئەحمەدێک دەستگیر بکەن و بێسەروشوێنی بکەن، ئەوا بە دەیان سلێمان ئەحمەد درووست دەبێتەوە، دەشڵێت: دەسەڵات میدیا و کاری ئازاد قبوڵ ناکات، بەڵکو دەیەوێت لە ژێر میدیا سێبەرەکانی خۆیاندا کار بکەین.

لە جیهاندا ئازادیی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەنووسی لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدا پۆلێن دەکرێت، بەڵام لە باشووری کوردستاندا دەسەڵات تا دێت ئازادییەکان بەرتەسک دەکاتەوە، ئەگەر ڕۆژنامەنووسان لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدا کار نەکەن، ئەوا ئەشکەنجە دەدرێن و دەخزێنرێنە زیندانەکانەوە یاخود دەڕفێنرێن و تیرۆر دەکرێن، لەو چوارچێوەشدا ماوەی ١٩٥ ڕۆژە سلێمان ئەحمەد، ڕۆژنامەنووس لە لایەن پەدەکەوە ڕفێندراوە و تا ئێستا بێسەروشوێنە.

هاوژین شوانە
هاوژین شوانە

هاوژین شوانە ڕۆژنامەنووس، لە شاری سلێمانی لە بارەی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد هەواڵسازیی بەشی عەرەبی ئاژانسی ڕۆژنیوز، لە لایەن پەدەکەوە بۆ ئاژانسەکەمان دەدوێت.

لەبارەی ڕەوشی ئازادیی ڕۆژنامەنووسیی لە باشووری کوردستاندا، هاوژین شوانە وتی: لە هەرێمی کوردستاندا میدیایەکی زۆرمان هەیە، بەڵام زۆرێکیان لە ژێر باڵی حزب و دەسەڵات و خێڵەکیدا کاری میدیایی دەکەن، ئەگەر چی بەشێکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسی گەنجمان هەیە، کە ئێستا هاتوونەتە پێشەوە و کاری میدیایی دەکەن، بەڵام بەداخەوە بەشێکیان بە هۆی ئەو باردوخ سەختە ئابوورییەی دەسەڵات درووستی کردووە ناچارن لە دەزگا سێبەرەکانی حزب کار بکەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، کاری ڕۆژنامەوانی بریتییە لە بوونی مامەڵەی جوان و هەست کردن بەرپرسیاریتی لە ڕووی یاسایی و ئەخلاقییەوە، دەبێت پێش هەموو شتێک ڕۆژنامەنووسان ڕاست و دروست بن بەرامبەر بە پرسە ئەخلاقییەکانی ناو کۆمەڵگە.

هەروەها سەبارەت بە بوونی ئازادییەکان لە باشووری کوردستاندا، هاوژین شوانە، دەڵێت: ئازادییەکان ڕۆژ بە ڕۆژ بەرتەسک دەبنەوە لە هەرێمی کوردستاندا، ئەمەش بە هۆی ئەو هێرش و داگیرکەرییە بەردەوامانەیە، کە لەسەرمانە بە درێژایی مێژوو وای کردووە گەلی کورد بە دەیان ڕۆڵەیان شەهید ببێت و ببنە قوربانی لە پێناوی ئازادیی نیشتیمان و ئازادیی ڕۆژنامەگەریی و ڕادەربڕین بووە.

وتیشی: بە دەستگیرکردنی سلێمان ئەحمەد، دڵگرانم وەک ڕۆژنامەنووسێکی ئازادییخواز دەبینم هاوپیشە و هاوکارەکەم دەنگی نییە و بێسەروشوێنە، ئێمە وەک ڕۆژنامەنووسانی ئازادییخواز هەڵوەستەی لەسەر دەکەین و ئیدانەیی ئەو قۆرخکاری و داگیرکەرییەی دەسەڵات دەکەین و هەرگیز قبوڵی ناکەین، ئەگەر سلێمان ئەحمەدێک دەستگیر بکەن و بێسەروشوێنی بکەن، ئەوا بە دەیان سلێمان ئەحمەد درووست دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا، دەسەڵات هێندە لە سلێمان ئەحمەد، دەترسێت ناهێڵن خانەوادە و پارێزەرەکانی بیبینن یاخود لەناو دادگادا سلێمان ئەحمەد بێت ڕوونی بکاتەوە ئایا چ کێشەیەکی هەیە بۆچی هێشتان بچێتە ڕۆژئاوایی کوردستان و بۆ لە کاتی گەڕانەوەیدا ئێوە دەستگیری دەکەن، ئایا سلێمان ئەحمەد چ تاوانێکی کردووە با ئێمەش بزانین، تا خولەکەکانی کۆتایی سلێمان ئەحمەد لەپێناو پرسە نیشتمانییەکاندا و بەها ئەخلاقییەکان و کاری میدیایی خۆیدا کاری کردووە هیچ لادانێکی نەبووە.

هاوژین شوانە، جەختی کردووە، مادام قۆرخکاریی بەرامبەر بە دادگا و پارێزەران هەیە، کەواتە ئەمە پێمان دەڵێت ئەم سیناریۆیەی، کە درووستیان کردووە دوورە لە ڕاستییەوە، ئێستا خۆشبەختانە نەک هەر ڕۆژنامەنووسان، بەڵکو هاوڵاتییان لە سیناریۆکانی دەسەڵات تێگەیشتوون و دەزانن چی ڕوودەدات لە هەرێمی کوردستاندا و کردەوەکانی دەسەڵات بە تایبەت لە زۆنی زەرددا.

باسی لەوەشكرد، دەسەڵات کەوتووەتە ژێر کاریگەریی داگیر کارانەوە، چۆن بە زهنی داگیرکاران هەڵسوکەوت لەگەڵ کورداندا دەکات لە کاتێکدا ئەوان درووشمیان دیموکراسیی و ئازادییخوازیی و پاراستنی نیشتیمانە، بەداخەوە ئەوەی ئێمە دەیبینین پێچەوانەکەیەتی.

ب. جـ

Comments are closed.