كۆچی نێودەوڵەتی: ٨١%ـی خێزانە ئاوارەكانی عێراق گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان

ناوەندی هەواڵەكان

ڕێكخراوی کۆچى نێودەوڵەتی بڵاوی كردەوە، ٨١%ـی كۆی ئەو خێزانانە عێراقییانەی، كە لە كاتی شەڕی داعشدا ئاوارە بوون و ماڵەكانیان جێهێشتبوو، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و زۆربەیان خەڵكی پارێزگاكانی نەینەوا و ئەنبار و سەڵاحەدینن، دەشڵێن، هێشتا ٢٠٤ هەزار و ٣٤٤ خێزان لە ئاوارەیدا دەژین.

ڕێكخراوی كۆچى نێودەوڵەتى (IOM) لە بارەی ژمارەی ئاوارە گەڕاوەكانی عێراق بۆ زێدى خۆیان ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، بەهۆی شەڕ و پێكدادانی داعش لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧زیاتر لە یەك ملیۆن و ٢٧ هەزار و ٥٢٣ خێزانی عێراقی، كە دەكاتە ١٦٪ـی دانیشتووانی عێراق ئاوارە بوون و ناچاربوون ماڵ و زێدى خۆیان بەجێبهێڵن و كۆچ بكەن بۆ ناوچە ئارامەكان.

ئاماژە بەوەشكراوە، تا مانگی ئەیلولی ساڵی ٢٠٢١،  ٨٢٣ هەزار و ١٧٩ خێزان گەڕاونەتەوە بۆ ناوچەكانی نیشتەجێبوونیان، كە ٨١%ـی كۆی ژمارەكە پێكدەهێنێت، لە كاتێكدا ٢٠٤ هەزار و ٣٤٤ خێزان لە ئاوارەیدا ماونەتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، زۆرترین ڕێژەی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەبووەكان لە پارێزگای نەینەوا بووە، كە ٣٢٠ هەزار و ٤١٦ خێزان گەڕاونەتەوە، دواتر لە پارێزگای ئەنبار، ٢٥٦ هەزار و ٩١١ خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە، پاشان لە پارێزگاری سەڵاحەدین، ١٢١ هەزار و ٩٧٠ خێزان گەڕاونەتەوە.

ئەمە لەكاتێكدایە، شنگال و ناوچەی بەعج كەمترین ڕێژەی گەڕانەوەی خێزانە ئاوارەبووەكانی بەخۆیەوە بینیووە، كە ڕێژەی گەڕانەوەیان تێدا ٣٦٪ و ٣٥٪ بووە.

لە كۆتایی ڕاپۆرتەكەدا باس لەوەشكراوە، ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە ناوچەكانیان ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە دەبنەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.