تەڤگەری ئازادیی: پێویستە بە یەکڕیزی ڕێگری لە هێڵی خیانەت بکەیین

ناوەندی هەواڵەکان

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان لە ساڵڕۆژی بۆردومانکردنی شارۆچکەی قەڵادزێ پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا داوا دەکات، کاتی ئەوەیە بە یەک دەنگی و یەکڕیزی ڕێگریی لە هێڵی خیانەت بکرێت و برینی گەلەکەمان ساڕێژ بکەین.

ئەمڕۆ نیو سەدە تێدەپەڕێت بەسەر بۆردوومانکردنی شارۆچکەی قەڵادزێدا، بۆ یادکردنەوەی ئەو زامەش تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت: دەڤەری پشدەر، بەردەوام لەژێر ئەو ھێرش و پەلامارانەدا بووە و ھیچ کات چۆکی بۆ دوژمنان دانەداوە، بۆیە بەردەوام ئامانجی داگیرکەران و دووژمنان بووە.

لە بەیاننامەکەی تەڤگەری ئازادییدا هاتووە، لەکاتێکدا یادی ئەو تاوان و کۆمەڵکوژییانە دەکەینەوە، کە لەمانگی نیساندا ڕویانداوە، وەک ئەنفال و کیمیاباران لە ساڵی ١٩٨٨، ئەو برینە قوڵانە ساڕێژ نەبوون و بەردەوام ئازار و خوێنیان لێ دەچۆڕێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، دەڤەری پشدەر، بەردەوام  لەژێر ئەو ھێرش و پەلامارانەدا بووە و ھیچ کات چۆکی بۆ دوژمنان دانەداوە، وەک ناوچەیەکی گرنگ و ستراتیژیی لەرووی ئاسایشی نەتەوەیی و خۆپاراستنەوە، بۆ گەلی کورد گرنگە و ڕۆڵێکی بەرچاویشی هەبووە لە ژیاندن و بەردەوامیی دان بە تێکۆشانی شۆڕشگێڕانی کوردستان، لە مێژووی دوورو نزیکدا، هەمیشە سەنگەری لەشکان نەهاتووی دژ بە داگیرکەران و پشتوپەنای شۆڕشگێڕانی هەرچوار بەشی کوردستان بووە و ھەرواش دەمێنێتەوە.

تەڤگەری ئازادیی باسی لەوەشکردووە، هەر بۆیە دووژمنانی گەلی کورد، بەردەوام ویستوویانە تۆڵەی لێ بکەنەوە و ئەو هزر و هێزو ئیرادەیەی بشکێنن و خەڵکە قارەمانەکەی لە شۆڕش و تێکۆشان دور بخەنەوە، بەڵام هەرچییەکیان کرد، نەیان توانی ئیرادەی شۆڕشگێڕانەی خەڵکی دلێری ئەم دەڤەرە بشکێنن، بەڵکو خەڵکی وڵاتپارێزی دەڤەری  (بتیوێن و پشدەر) لە ئاداری ساڵی ١٩٩١دا، بە ڕاپەڕینی جەماوەریی و سەرتاسەریی وەڵامی یەکلاکەرەوەی دانەوە و کۆتاییان بە داگیرکاری یو ستەمی بەعسییەکان هێنا و لە کوردستانیان وەدەرنان.

هەروەها ئەوەش هاتووە، کە ئێستا ڕژێمە فاشیستەکان، بەتایبەت دەوڵەتی تورکیا بە شێوازی سەربازیی و چەکی قەدەغەکراو، بەردەوامیی بەو کۆمەڵکوژییانەی گەلی کورد دەدات و ڕۆژ نییە خوێنی کوردێک نەڕێژێت، بەهۆی ناکۆکیی و ململانێی حزبە دەسەڵاتدارەکان و دورکەوتنەوەیان  لە بەرژەوەندییەکانی گەل، دوای نزیکەی ٣٣ ساڵ لە بەڕێوەبردن و دەسەڵاتدارییان نەیانتوانیوە ئەو زامانە ساڕێژ بکەن و نەبوونەتە وەڵام بۆ ویست و داخوازییەکانی گەل، بەڵکو  بەھۆی ئەو درز و کەلەبەرانەی دەسەڵاتدارانی بەرژەوەندییخواز دروستیانکردووە، ئەوەندەی تر نەھامەتیی و ئازارەکانیان قوڵتر کردوەتەوە!

تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان جەختدەکاتەوە لەوەی، دەوڵەتانی داگیرکەر، بە ھاوکاریی ھێڵی خیانەت بەردەوامن لە ھێرش و تیرۆر و کۆمەڵکوژییکردن بە شێوازی جیاواز، بە ئاشکرا سنوورەکان و سەروەرییەکانی خاک و ئاسمانی کوردستان پێشێل دەکەن، بەردەوام  سنوورەکانی ئەو ناوچەیە بۆردومان دەکەن و دەیان ھاوڵاتیی بەو ھۆیەوە شەھید و بریندار بوون.

دەشڵێت: لە بەرامبەردا دەسەڵاتداران لە ھەرێم و لە حکومەتی ناوەند، بێدەنگ و بێهەڵویستن و ئەوەش ئەوەندەیتر خەڵکی ئەو ناوچانەی تووڕە و نیگەرانکردووە، ئەوە لەجیاتی ئەوەی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ ئاوڕێکی خزمەتگوزاریی و قەرەبوکردنەوەی ماددیی و مەعنەویی لێبدەنەوە؟ بەپێچەوانەوە بێ ھەڵوێست و لاوازانە رێگریی لە نارەزایەتییەکانی گەلیش دەکەن دژ بەو ھێرش و داگیرکارییانە.

لە درێژەی بەیاننامەکەی تەڤگەردا هاتووە، داگیرکەرانی کورد بە سوود وەرگرتن لەو ناکۆکییانەی هێزە سیاسییەکان، بەهەمان عەقڵیەتی شۆڤێنیستیی و داگیرکاریی، بەردەوامن لە کاولکاریی و کۆمەڵکوژیی لەسەر گەلەکەمان، بەتایبەت دەوڵەتی داگیرکەری تورک، لە ڕۆژئاوا و باشوور و باکووری کوردستان، چەندین تاوان و کۆمەڵکوژییان لەسەر گەلی کورد ئەنجامداوە.

تەڤگەری ئازادیی داوا لە گەل دەکات، خاوەن ھەڵوێست و یەکگرتووبێت و ڕووبەڕووی ئەو داگیرکارییە پلان بۆ داڕێژراوە ببێتەوە و دەڵێت: پێویستە ھێز و دەنگە بوێر و ئازادەکان هەمووان پێکەوە ڕێگریی لەخیانەت و داگیرکاریی و کۆمەڵکوژیی بکەین، برینی قوڵی کۆمەڵکوژییەکان ساڕێژبکەین، ئەوەش تەنھا بە ھێزی یەکگرتوویی گەل و تەواوی ئازادییخوازان دەکرێت، ئیتر بابەسبێت ناکۆکیی و دووبەرەکیی و خۆخۆریی و وابەستەبوون بە داگیرکەران، تەنھا سیاسەتی دیموکراتیی و پێکەوەبوون و بەهێزکردنی یەکێتیی نەتەوەییمان، تاکە رێگەیە بۆپاراستنی گەلەکەمان، لە شەڕ و کۆمەڵکوژییەکان.

لە کۆتاییشدا دووپاتی کردووەتەوە، “وەک تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، وەک ئەرکێکی ئەخلاقیی و سیاسیی و  نیشتمانیی لەبەرەی گەلدا بەردەوام دەبین لەتێکۆشان، لەدژی داگیرکەران و نۆکەرانیان، پەیمان ئەدەین تا بەدیهێنانی ئامانجە پیرۆزەکانی سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی و سەرفرازیی کوردستان و بنیاتنانی سیستمێکی خۆبەڕێوەبەر و  دیموکراتیی، ئەو تێکۆشانە بەھێزتر و فراوانتر دەکەین. نەمریی و شکۆمەندیی بۆ شەهیدانی ٢٤/٤ ی قەڵادزێ و سەرجەم شەهیدانی رێگەی ئازادیی  کوردستان.

ش. ئـ

Comments are closed.