ناوەندی هەواڵەكان
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕەخنەی توند لە دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕۆژنامەگەری و بیروڕا دەگرێت و دەڵێت: دۆخی ئازادیی بنەڕەتی و مەدەنییەكان لە هەرێمی كوردستان و عێراق زۆر خراپتربوون، هێرشە سەربازییەكانی توركیا هۆکارێک بووە بۆ خراپتربوونی دۆخی مافەکانى مرۆڤ لە هەرێم.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا لە بارەی دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادیی ڕۆژنامەگەری و پێشێلكارییەكان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان و عێراق، ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی بڵاوكردەوە.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ بەرامبەر بە خەڵكی عێراق و هەرێمی كوردستان زیاتر بووە.
ئاماژە بەوەشكراوە، بەهۆی سنوورداركردنی ئازادییە بنەڕەتییەكان لە ساڵی ڕابردوودا، دۆخی مافی مرۆڤ لە عێراق و هەرێمی كوردستان خراپتر بووە، بەشێك لەو پێشێلكارییانە لە ئەنجامی هێرشەكانی داعش و هێرشە سەربازییەكانی توركیا لە هەرێمی كوردستان درووستبون.
ئەوەش خراوەتەڕوو، بەشێكی دیكە لە سەرپێچییەكان، كە دژی مافەكانی مرۆڤ و خەڵكی عێراق و هەرێم ئەنجام دەدرێت و لەلایەن ڕاپۆرتە باوەڕ پێكراوەكانەوە پشتڕاستكراونەتەوە، خۆیان لە خۆكوشتن، كوشتن و ئەشكەنجەی دەرەوەی یاسا، ڕفاندن و بێسەروشوێن كردن، سزادانی دڕندانەوە و نامرۆڤانە دەبیننەوە.
باس لەوەشكراوە، كۆتوبەندكردن و سنوورداركردنی ئازادی ڕادەربڕین و كاری میدیایی لە عێراق و هەرێمی كوردستان زیاتر بووە، ئێستا مەترسی لەسەر ژیانی ڕۆژنامەنووسان درووبووە، چونکە هەڕەشەیان لێدەكرێت و توندروتیژییان بەرامبەر ئەنجام بدرێت.
لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە، زیندان و ناوەندەكانی چاكسازیی لە دۆخی خراپدان و ڕێژەی قەرەباڵغی زیندانەكان گەیشتووتە ١٥٧٪ ، زیندانیانی نێوجەوانان لەگەڵ گەوران دانراون، هەروەها لە مانگی تەمموزی ڕابردوودا سێ بەرپرس لە هەرێمی كوردستان كوژراون.
جێگەی ئاماژەیە، ماوەی ١٨٣ ڕۆژە سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسی (ڕۆژنیوز) لەلایەن پەدەكەوە، لە دەروازەی فیشخابوور بەبێ هیچ هۆكارێك ڕفێندراوە و تا ئێستاش بێسەروشوێنە، لەوكاتەوە ڕێگە نادرێت پارێزەرانی چاویان پێ بكەوێت.
هـ.ئ
Comments are closed.