سێ چەتەی داعش و بازرگانێكی ماددەی هۆشبەر دەستگیركران

ناوەندی هەواڵەكان

ئەمڕۆ دەزگای دژە تیرۆری عێراق دەستگیركردنی سێ چەتەی داعش و بازرگانێكی ماددەی هۆشبەری لە چەند ناوچەیەكی عێراق ڕاگەیاند، دەشڵێن، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی هەرێمی كوردستان یەكێك لەو چەتانە لە سلێمانی دەستگیركراوە.

دەزگای دژە تیرۆری عێراق لەبارەی دەستگیركردنی چەند چەتەیەكی داعش و بازرگانێكی ماددەی هۆشبەر ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە چوارچێوەی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەكانی هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق توانراوە سێ چەتەی داعش و بازرگانێكی ماددەی هۆشبەر دەستگیر بكەن.

دەشڵێن، هێزەكانمان بە هاوكاریی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەكانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، یەكێك لە داواكراوەكانیان لە پارێزگای سلێمانی دەستگیر کردووە.

ئاماژە بەوەشكراوە، دژە تیرۆری عێراق چەتەیەكی داعشى لە شارۆچكەی ئەبوغرێب لە سنووری بەغدای پایتەخت دەستگیر کردووە، هەروەها توانراوە چەتەیەكی دیكە لە پارێزگای سەڵاحەدین دەستگیر بکەن.

لە كۆتایی ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی ماددەى هۆشبەرەدا هێزەكانی دژە تیرۆری عێراق توانییان بازرگانێكی ماددەی هۆشبەر لە پارێزگای بەسرە دەستگیر بكەن.

هـ.ئ

Comments are closed.