بە بۆنەی ساڵڕۆژی  بۆردوومانکردنی قەڵادزێوە فێستیڤاڵی ‘پەری’ ئەنجام درا

قەڵادزێ

ئەمڕۆ بە بەشداری زیاتر لە ٥٠ ژنی دەستڕەنگین فێستیڤاڵی پەری، کە تایبەتە بە دەستڕەنگینی و ڕەنجی ژنان لە قەڵادزێ دەستی پێ کرد، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکەش دەڵێت: ئامانجمان لە کردنەوەی ئەم جۆرە چالاکییانە بەرەو پێشچوونی ژنانە بۆ ئەوەی بتوانن پشت بەخۆیان ببەستن.


فێستیڤاڵی پەری لە قەڵادزێ، لە ساڵڕۆژی بۆردوومانکردنی شارۆچکەکەدا بە بەشداری زیاتر لە ٥٠ ژن و بە درووشمی (دڵۆپە خوێنی شەهیدانی کارەسات و ڕاپەرین  بوونەتە توێشومان  بۆ داهێنان)، لەناو پارکی شاری شارۆچکەی قەڵادزێ دەستی پێکرد و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

فێستیڤاڵەکە لەلایەن ماڵی کەلەپووریی و ڕۆشنبیریی قەڵادزێ و دامەزراوەی کەریمی عەلەکە ڕێکخرابوو، تێیدا ٥٠ ژن بە کاری دەستی، خواردنی کوردەواری، تابلۆ، جلوبەرگ و چەندین کەرەستەى جۆراوجۆری تر بەشدارییان تێدا کردووە.

 ئەمڕۆ یەکەمین ڕۆژی ڤێستیڤاڵەکە بوو ڕۆژانە لە کاتژمێر ١٠ـی بەیانییەوە بۆ کاتژمێر چواری ئێوارە و بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت، ڕۆژی یەکەم لە ناو پارکی شاری شارۆچکەی قەڵادزێ بەڕێوەچوو، وا بڕیارە سبەینێش هەر لە هەمان شوێن بەردەوام ببێت.

 سۆزی محمەد سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە بە ڕۆژنیوزی وت: ئامانجمان لە کردنەوەی ئەم جۆرە چالاکییانە و بەتایبەت لەم ڕۆژەدا کە ساڵیادی کۆمەڵکووژی قەڵادزێیە بەرەو پێشچوونی ژنانە، کە هەمیشە هۆکارێکە بۆ ئەوەی بتوانن بژێوی ژیانی خۆیان پەیدا بکەن و پشت بەخۆیان ببەستن.

دەشڵێت: گرنگە ژنان تواناکانی خۆیان دەربخەن، ژنان خاوەنی توانا و دەستێکی ڕەنگینن پێویستە ئەوانیش بێنە پێشەوە و کاری خۆیان بکەن و برەو بە تواناکانی خۆیان بدەن.

ب.گ

Comments are closed.