خالیدە تورکئۆغلو بانگەوازیی لە ژنان دەکات بەرخۆدان مەزنتر بکەن

ناوەندی هەواڵەکان

وتەبێژی ئەنجوومەنی ژنانی دەم پارتی خالیدە تورکئۆغلو ڕایگەیاند، “بانگەواز لە هەموو ژنان دەکەین، دژی شەڕ و هەژاریی و بێکاریی، بەرخۆدان مەزنتر بکەن”.

خالیدە تورکئۆغلو وتەبێژی ئەنجوومەنی پارتی یەکسانیی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەبارەی ڕۆژەڤەکانی دوای هەڵبژاردن و بانگەوازییەک بۆ هەموو ژنان، کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا.

تورکئۆغلو ڕایگەیاند لەم قۆناغەی دوای هەڵبژاردن، وەک هەمیشە بۆ دەم پارتی هاوسەرۆکایەتی و نوێنەرایەتی یەکسان بناغەیەکی نەگۆڕە، لە هەڵبژاردنیش ژنان وەڵامێکی گونجاویان دایە ئەوانەی هێرش دەکەنە سەر سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، دوژمنی ژنان کەوتن، ژنان بۆ دامەزراندنی جڤاکێکی ئازاد و یەکسان سەرکەوتن.

خالیدە تورکئۆغلو دووپاتی کردەوە دژی ئەوانەی دەیانەوێت لە ڕێگەی هەڕەشەی قەیومەوە شارەوانییەکانمان زەوت بکەن، ئیرادەیەکی بەهێز نیشان دەدەین، ژنان لەدەوری فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادیی” کۆبوونەوەتەوە، لە شار و گوند و ناوچە و گەڕەکەکان خۆیان بەڕێوەدەبەن.

هەروەها،خالیدە تورکئۆغلو هێرشی سەر چاپەمەنی ئازادی شەرمەزار کرد، ڕایگەیاند پێویستە دەمودەست ڕۆژنامەوانە دەستبەسەرکراوەکان لە ئەنقەرە و ئەستەنبووڵ ئازاد بکرێن، هەروەها پشتیوانی بۆ دامەزراوەکانی چاپەمەنی کورد لە بەلجیکا دووپاتکردەوە و وتی: “ئێمە دەزانین هێرشی سەر چاپەمەنی ئازاد لە کوێوە سەرچاوە دەگرێت، ئەم هێرشە دژی هەبوون و یەکێتی گەلی کوردە، بێگومان هەژار و بێکاری بۆ گەلان دەهێنێت، کۆمەڵکوژی و توندوتیژی سەر ژنان زیاتر دەکات، سەرمایەدارانی چەک و چەتەکانی شەڕ بەهێز دەکات.”

هەروەها ڕایگەیاند شەڕی تایبەت دژی تێکۆشانی ئازادی ژنانی کورد بەڕێوەدەبرێت، هاوکاری ئەو ژنانەی دژی چەتەکانی داعش دەجەنگن تاوان نییە، گوتی: “ئەوەی هەیە، پێداگرییە لەسەر سیاسەتی گۆشەگیری و شەڕ. ئەوەی لە بنەڕەتدا دەکرێتە ئامانج، پارادایمی دیموکراتیک و ئازادیخوازی ژن و ئیکۆلۆژیای بەڕێز ئۆجالانە کە بۆتە هیوای گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین”.

لە کۆتاییدا وتی: “بانگەواز لە هەموو ژنان دەکەین، دژی شەڕ و هەژاریی ژن و بێکاری، با بەرخۆدانمان مەزنتر بکەین.”

ب.گ

Comments are closed.