ژنانی چەمچەماڵ: دایکێکی ڕۆشنبیر کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنبیر درووست دەکات

چەمچەماڵ

پەرتووک بە هۆکارێکی گرنگ دادەنرێت بۆ ڕۆشنبیرکردنی تاک و کۆمەڵگە لەسەر ئەو بابەتە ژنان دەڵێن: ئەگەر دایک خوێنەوار و ڕۆشبیر و تێگەشتوو بێت، بێگومان منداڵێکی تەندرووست پەروەردە دەکات، پەرتووکیش یەکێکە لەو شتانەی ‌هەرچەندە پێوەی سەرقاڵ بی هێشتا کەمە.

پەرتووک کەرەستەیەکی بێ گیانە، بەڵام زمانێکی کاریگەرە، کەڵەکە بوونی سامانێکی زۆر لە ڕووی زانست و زانییارییەوە لە مێشکی مرۆڤدا لە خۆی دەگرێت، بێ شک و گومان هەر کۆمەڵگەیەک تاکەکانی دۆست و هاوڕێی پەرتووک بن، ئەوا بە کۆمەڵگەیەکی زیندوو دەمێنێتەوە.

گوڵستان حسێن
گوڵستان حسێن

گوڵستان حسێن لە بارەی گرنگی خوێندنەوە بۆ ژنان وتی: خوێندنەوە بۆ ژنان زۆر گرنگە، چونکە دایکی منداڵە، منداڵ واتە داهاتووی هەر کۆمەڵگەیەک، منداڵ سەرەتا لە بەردەم دایکدا پەروەردە دەبێت، ئەگەر بێتو ئەو دایکە دایکێکی خوێنەوار و ڕۆشبیر تێگەشتوو بێت، بێگومان منداڵێکی تەندرووست پەروەردە دەکات و هۆکار دەبێت بۆ ئەوەی ئەو منداڵە لە داهاتوو خزمەت بە کۆمەڵگە بکات و دوور بێت لە کۆمەڵێک ڕەفتار و گوفتاری نەشیاو.

وتیشی: دایکی ڕۆشنبیر هەمیشە هەوڵ دەدات، باشترینەکان پێشکەش بە منداڵەکەی بکات و لەگەڵ ڕەوتی پێشکەوتنی دونیادا بڕوات و زانیاری بە سوود بە منداڵەکەی ببەخشێت.

گوڵستان لە بارەی گرنگی خوێندنەوە بۆ گەنجان ئاماژەی بەوەکرد، لە سەردەمی تەکنەلۆژیادا بۆ هۆی سەرقاڵبوونی گەنجەکانمان بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەتوانم بڵێم، ئاستی خوێندنەوە لە دۆخێکى خراپدایە بەداخەوە، بێگومان خوێندنەوە بۆ گەنج سوود و گرنگی خۆی هەیە، چونکە ئەمڕۆ ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان وایان کردووە لە خوێندنەوەی واقعی دوور بکەوینەوە، بەڵکو بە دوای کۆمەڵە هەواڵێکدا بڕۆین و وای کردووە گەنج لە خوێندنەوە دوور بکەوێتەوە، بۆیە هیوادارم سەنتەر و ڕێکخراوەکان، هەوڵی ئەوە بدەن وا لە گەنج بکەن بخوێنێتەوە.

زەینەب محەمەد
زەینەب محەمەد

هەروەها زەینەب محەمەد لە بارەی گرنگی خوێندنەوە بۆ گەنجان باسی لەوە کرد، هەر لە ناوەکەیدا دیارە گەنج گەنجترین توێژە لە کۆمەڵگەدا، ئەگەر گەنج هۆشیار بێت هۆشیاری خۆت لەسەر دەوروبەر و نەتەوە و کەلتوور و ئاینەکەی یان مێژووی گەلەکەی هەر یەک لەم شتانە ئەگەر شارەزایی لێی هەبێت، بە دڵنیاییەوە دەبێتە هۆکاری پێشکەوتنی ئەو وڵاتە.

لە بارەی گرنگی پڕۆژە و پێشبڕکێی خوێندنەوە تیشکی خستەسەر ئەوەی، گرنگی ئەنجامدانی پێشبڕكێی خوێندنەوە لەوەدایە گەنج ئیتر ئەوەندە سەرقاڵ نابێت بە شتی لابەلا و لاوەکییەوە، بۆ نموونە ئیتر هێندە سەرقاڵ نابێت بە بەکارهێنانی زیاد لە سنووری تەکنەلۆجیا یاخوود خۆ ونکردن یان هەموو ئەو دیاردانەی ئێستە بوونەتە مەترسی بۆسەر کۆمەڵگەی ئێمە، بە تایبەت فریودانی گەنج، یاخوود ئەو شتانەی وامان لێدەکەن خۆمان لە بیر بچێتەوە، دەوروبەر و شتە پیرۆزەکانمان لە بیر بچێتەوە.

لە کۆتایی قسەکانیدا زەینەب جەختی لەوە کردەوە، پەرتووک یەکێکە لەو شتانەی ‌هەرچەندە پێوەی سەرقاڵ بی هێشتا کەمە، چونکە ژمارەی ناونیشانی پەرتووکەکان ئێستا بێسنوورن، ژمارەی نووسەرەکان ئێستا بێسنوورن، بەڵام بەداخەوە ژمارەی خوێنەرمان کەمە، خوێنەرێک کە جدی بێت و کار لەسەر دێڕەکان بکات، کار لەسەر خۆی بکات، پەرتووک هەر ئەوەندا نە بێت من پۆستی بکەم و وێنەیەکی دابنێم و بڵێم تەواو من خوێنەرم، خوێنەر بوون بە کردار و ڕەفتار و ڕەوشتە، ئێمە کە دەخوێنینەوە پێویستە لە ڕەوشتماندا ڕەنگ بداتەوە.

ش. ئـ

Comments are closed.