پاش زیاتر لە ١٥٠ ساڵ… ئایا ژنانی ڕەنجکێش مافەکانیان بەدەستهێناوە؟

ناوەندی هەواڵەکان

نزیکەی دوو سەدەیە کرێکارانی جیهان لە شۆڕشێکی بەردەوامدان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان، بەڵام پاش ئەو هەموو ساڵە تا ئێستا ژنانی ڕەنجدەر بەهۆی ڕەگەزەوە ڕووبەڕووی جیاکاریی و نادادپەروەریی دەبنەوە و مافەکانیان پێشێل دەکرێت.

ڕۆژی یەکی ئایار بە ڕۆژی جیهانیی کرێکاران ناسێنراوە، چونکە لەو ڕۆژەدا و لە ئەنجامی ناڕەزایەتی، مانگرتن و خۆپیشاندانی کرێکارانی جیهان توانرا دانبرێت بە بەشێک لە مافە سەرەتاییەکان و کاتی کارکردنی دیاریی کراو  و مووچەیەکی شایستەیان پێ بدرێت.

بەڵام ئەوەی لە پاش ئەو هەموو ساڵە نەگۆڕاوە و تائێستاش بە ئاشکرا لە کۆمەڵگەکانی جیهاندا دەبینرێت، پێشێلکردنی مافەکانی ژنانی ڕەنجدەرە سەرباری ئەوەی هەر لەسەرەتای دەستپێکی شۆڕشی کرێکارانەوە بەشدار و کاریگەرییەکی چالاک و دیاریان هەبووە.

لە جیهاندا تا ئەمڕۆش ژنانی ڕەنجکێش داوای مافە سەرەتاییەکانیان دەکەن، وەک پێدانی مووچەی یەکسان و دەرفەتی کاری یەکسان، بەڵام ئامار و توێژینەوەکان ئەوە دەردەخەن ژنان دەبێت ١٣٥ ساڵ بەردەوام تێبکۆشن تا دەگەن بەو مافانەی ئێستا دراوە بە پیاوان، ئەوەش لە ڕاپۆرتی ساڵانەی کۆڕبەندی ئابووریی جیهاندا بۆ ساڵی ٢٠٢٣ پشتڕاستکراوەتەوە.

هەروەها توێژینەوە زانستییەکان باس لەوە دەکەن جیاوازی مووچە، گرفتێکی سەرەکیی کارکردنە بۆ ژنانی ڕەنجکێش، چونکە لە وڵاتانی ئەوروپا و بەریتانیا و ئەمریکاش لە دامەزراوە گەورەکانیشدا ژنان بەهۆی ڕەگەزەکەیانەوە مووچەیەکی کەمتریان پێدەدرێت کە ڕێژەکەی ٢.٦٪ تا ٢٠٪دا دەبێت بەراورد بە پیاوان.

لە وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان و ئەوانەی ژمارەی دانیشتوانیان سەروو یەک ملیارە، دۆخەکە خراپترە و تەنانەت بە ئەستەم کار دەدرێت بە ژنان، بۆ نمونە وڵاتی هیندستان کە خەڵکەکەی لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن، ژنان ناتوانن بە سەربەستانە لە کێڵگە و باخەکانیشدا کاری دروێنە و چنینەوەی بەرهەم بکەن، ئەوەش سەری کێشاوە بۆ ئەوەی زۆرینەی ژنان لەلایەن باوک، برا، هاوژین و کەسە نزیکەکانیانەوە بەکاربهێنرێن بۆ لەشفرۆشیی.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا بەهۆی داب و نەریت، ئاین و چەقبەستوویی تێڕوانین بۆ تواناکانی ژنان، کارکردن بۆ ژنان دیاری کراوە و ڕێگە نادرێت لەسەرجەم کایەکانی کۆمەڵگەدا ژنان بچنە پێشەوە، لە بەرپرسیارێتیی و ناوەندەکانی بڕیارداندا ئەستەمە ژنێک بەدی بکرێت.

جیا لەو پێشێلکاریی و نادادپەروەرییە، زۆرینەی ژنانی ڕەنجدەر ڕووبەڕووی توندوتیژیی و دەستدرێژی سێکسیی دەبنەوە لەسەر کارەکانیان و بەهۆی ترسی لەدەستدانی بوێری ناکەن دەنگهەڵبرن.

هەروەها ساڵی ڕابردوو لە ڕاپۆرتێکی کۆمیسیۆنی ژنانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەناونیشانی “پێشکەوتن لەسەر ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام، تێڕوانینێکی گشتیی ڕەگەزی بۆ ساڵی ٢٠٢٣”، ئاشکرا کرا، کە دۆخی ژنان بەگشتیی و ژنانی ڕەنجدەر بەتایبەت تا دێت خراپتر دەبێت.

ڕاپۆرتەکە هۆشداری داوە، لەوەی ئەگەر ڕەوتەکانی ئێستا بەردەوام بن، ئەوا زیاتر لە ٣٤٠ ملیۆن ژن و کچ، واتە نزیکەی ٨٪ـی دانیشتوانی مێینە لە جیهاندا، تا ساڵی ٢٠٣٠ لە هەژارییەکی زۆردا دەژین و لە هەر چوار ژن یەکێکیان بەدەست نائاسایشی خۆراکییەوە دەناڵێنێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ٢٨ لە کۆی ١١٦ وڵات کەمتر لە نیوەی ژنانی بەساڵاچوو مووچەی خانەنشینی وەردەگرن، هەروەها ژنان لە ١٢ وڵات خوارووی ١٠٪ـی خانەنشینیان پێ دەدرێت.

لە عێراقیش بەهۆی زاڵبوونی دەسەڵاتیی پیاوسالاریی و توندڕەویی ئاینیی، ژنان بە هەموو شێوازێک پێشێلکارییان بەرامبەر دەکرێت، ڕاپۆرتێکی شیکاریی بانکی نێودەوڵەتیی، کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵ بڵاو کراوەتەوە، ژنانی عێراق تەنها ١١٪ هێزی کاری وڵات پێکدەهێنن و لە ڕیزبەندی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقادا نزمترین ئاستی بەشدارییە.

لە هەرێمی کوردستان دۆخەکە بەجۆرێکی دیکەیە، ژنان بەشێکی کارای کار و بازاڕەکانن، بەڵام دووبارە بەهۆی هەڵاواردنی جێندەریی و نەبوونی یاسایەکی کارکردنی تایبەت بە ژنان تا مافەکانیان مسۆگەر بکرێت، ڕووبەڕووی پێشێلکاریی و دەستدرێژیی و هەراسانکردن دەبنەوە.

ش. ئـ

Comments are closed.