بەغدا بە مەرج بەردەوام دەبێت لە ناردنی مووچە بۆ هەرێم

ناوەندی هەواڵەکان

ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانى عێراق ڕایدەگەیەنێت، کە وردبینی لە لیستى مووچەى مووچەخۆرانى هەرێم هێشتا کۆتایی نەهاتووە و دەشڵێت: بە دڵنیاییەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەغدا پارەی مووچە دەنێرێت.

نەرمین مەعروف ئەندامی لیژەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە میدیا ناوخۆییەکانی ڕاگەیاند: لەئێستادا وەزارەتی دارایی عێراق سەرقاڵی وردبینی لیستی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمە و پرۆسەکە ماوەیەکی زۆری ناوێت.

وتیشی: ئەگەر سبەینێ پارەی مووچە ڕەوانە نەکرێت بە دڵنیاییەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو بەغدا پارەی مووچەی مانگی چوار دەنێرێت.

ئەو ئەندامەى لیژنەى دارایی جەختی کردەوە، کە بۆ مانگەکانی داهاتوو دەبێت بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی جێبەجێ بکرێت، چونکە مەرجە مووچەی فەرمانبەران بە بانکی بکرێت.

هەروەها نەرمین مەعروف ڕوونیکردەوە، بە پێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی دەبێت بە بانکی کردنی مووچە لەو بانکانە بێت، کە سەر بە وەزارەتی دارایی عێراقن، کە ئەوانیش رافیدەین، ڕەشید و بانکی بازرگانین.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزارەتى دارایی هەرێم بڵاوی کردەوە، کە لیستى مووچەى مانگی نیسانیان ڕەوانەى وەزارەتى دارایی فیدراڵی کردووە و بڕیارە لەماوەیەکى کەمدا پارەکە بگات، بەڵام ئەوە نزیکى مانگى ئایار دەبینەوە هێشتا بەغدا پارەکەى ڕەوانە نەکردووە.

هـ.ح

Comments are closed.