یەنەکە: دواخستنی هەڵبژاردن کاریگەریی لەسەر شەرعییەتی قەوارەی هەرێم دەبێت

ناوەندى هەواڵەکان

لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەنەکە لە میدیا فەرمییەکانی حزبەکەیەوە ڕایگەیاند، بڕیار و داواکاریی یەنەکە ئەوەیە لە کاتی دیاریی کراودا هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێم بەڕێوەبچێت، چونکە دواخستنی کاریگەریی لەسەر شەرعییەتی قەوارەی هەرێم درووست دەکات.

ڕزگار حاجی حەمە لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەنەکە، ئەمڕۆ لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاى فەرمى حزبەکەی، دەربارەی ئەو دەنگۆیانەی هەیە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنى پەرلەمانى هەرێم و ئەگەر و دەرئەنجامەکانی ڕوونکردنەوەی دا.

ئەو لێپرسراوەی یەنەکە جەختی کردەوە، یەنەکە بڕیاری داوە و داواکاریشە، کە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە کاتی دیاریی کراویدا کە ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵە بەڕێوەبچێت، چونکە دواخستنی هەڵبژاردن کێشە و گرفتی بەدوادا دێت و شەرعییەتی قەوارەی هەرێمیش دەخاتە ژێر پرسیارەوە.

باسی لەوەشکرد، ئێستا بڕیاری دواخستنی هەڵبژاردن لە ڕووی یاساییەوە لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمیشدا نییە.

ڕزگار حاجی حەمە دووپاتی کردەوە، یەنەکە نە هیچ ڕێککەوتنێکی نەکردووە و نە ئامادەشە دانیشتن بکات بۆ گفتوگۆ کردن لەبارەی دواختسنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم.

ش. ئـ

Comments are closed.