دایکی سلێمان ئەحمەد: تۆمەتەکان بێبنەمان کوڕەکەم ئازاد بکەن

ناوەندی هەواڵەکان

دایکی ڕۆژنامەنووس سلێمان ئەحمەد، لەبارەی ئەو تۆمەتەی کە کوڕەکەیان پێ ڕاگرتووە لە زیندان ڕایگەیاند، تۆمەتەکان نایاسایی و بێبنەمان، داواشی کرد فشار بکرێت لە پەدەکە تا کوڕەکەی ئازاد بکەن.

سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی بەشی عەرەبی ئاژانسى (ڕۆژنیوز)، لەلایەن پەدەکەوە، ڕفێندرا و بێسەروشوێنکرا، لە پاش٢١١ ڕۆژ دواجار بە فشاری مەدەنیی ڕۆژنامەنووسان و سەندیکا و ڕێکخراوەکان لە ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییدا، ڕێگە بە پاریزەرانی درا چاویان پێ بکەوێت و لەگەڵ خانەوادەکەیدا قسە بکات.

دەرکەوت، بەپێی ماددە (١) لە یاسای ژمارە ٢١ـی ساڵی ٢٠٠٣ـی پەرلەمانی کوردستان تۆمەتبار کراوە کە تایبەتە بە تێکدانی ئاسایشی نیشتمانیی، لەمبارەیەوە سوڵتانە ئەحمەد دایکی سلێمان ئەحمەد دەدوێت.

دایکی سلێمان ئەحمەد سەرەتا سوپاسی پارێزەران و هەموو ئەو کەس و لایەنانەی کرد کە هەوڵ بۆ ئازادکردنی سلێمان ئەحمەد دەدەن و وتی: هەموو ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراوە نایاسایین و بێبنەمان و کوڕەکەم لێیان بێبەرییە، هەروەها داوای کرد فشارە مەدەنییەکان بەردەوامی پێ بدەن تا ئەوکاتەی سلێمان ئەحمەد ئازاد دەکرێت، چونکە هێشتنەوەی لە زیندان ناڕەوایە.

جەختیشی کردەوە، ٧ مانگ کوڕەکەیان ڕفاند و بێسەروشوێن بووە، وتیشی: کوڕەکەم بێتاوانە بە درێژایی ئەو ماوەیە من دەنگیم نەبیستووە.

ب.گ

Comments are closed.