هێزی ئاسمانی عێراق: کۆنتڕۆڵی ئاسمانی عێراق ده‌كه‌ین و وەڵامی هێرشەکان دەدەینەوە

ناوەندی هەواڵەکان

عێراق ناوه‌ندی نوێی ئۆپه‌راسیۆنی بۆ هێزی ئاسمانی كردووه‌ته‌وه‌ و فه‌رمانده‌ی هێزه‌كه‌ش ده‌شڵێت، “ته‌واوی ئاسمانی عێراق كۆنترۆڵ ده‌كات و به‌ چه‌ك ڕوبه‌ڕوی هێرشه‌كان ده‌بێته‌وه‌.

 

لیوای فڕۆكه‌وان موهه‌نه‌د ئه‌سه‌دی فه‌رمانده‌ی هێزی به‌رگریی ئاسمانیی عێراق سەبارەت بە سیستەمی بەرگری ئاسمانی و کۆنترۆڵکردنى ئاسمانى عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

 

موهەنەد ئەسەدی ڕایگه‌یاند، ناوه‌ندی نوێی ئۆپه‌راسیۆنی هێزی ئاسمانی كه‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ی ڕابردوو محه‌مه‌د شیاع سوودانی فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه‌ چه‌كداره‌كان كردییه‌وه‌، به‌ ئاستێكی به‌رز توانای كۆنترۆڵكردنی ئاسمانی عێراقی هه‌یه‌.

 

ئه‌سه‌دی ئاماژەی بەوە کردوە، ناوه‌نده‌كه‌ ده‌توانێت كۆنتڕۆڵی جموجۆڵی فڕۆكه‌ی سه‌ربازی و شارستانی و هه‌موو جۆره‌ ئامانجێكی دیكه‌ بكات و كۆنترۆڵی ته‌واوه‌تی و ڕاسته‌قینه‌ی ئاسمانی عێراق ده‌كات.

 

فه‌رمانده‌ی هێزی به‌رگریی ئاسمانیی عێراق وتیشی: هه‌موو ئه‌و چه‌كانه‌ی بۆ فه‌رمانده‌یی به‌رگریی ئاسمانی دابینكراون، له‌ كاتی پێویستدا به‌رپه‌رچی هه‌ر هێرشێك ده‌ده‌ینه‌وه‌، توانای به‌رگریی ئاسمانی ڕۆژ به‌ ڕۆژ به‌هێزتر ده‌بێت و فڕۆكه‌وانه‌كان به‌شداریی خولی ڕاهێنان ده‌كه‌ین و مه‌شقی ڕاسته‌قینه‌ له‌سه‌ر جۆره‌ جیاوازه‌كانی فڕۆكه‌ دەکەین.

 

كردنه‌وه‌ی ناوه‌ندێكی نوێی ئۆپه‌راسیۆن بۆ هێزی ئاسمانیی عێراق له‌ كاتێكدایه‌، دەوڵەتى داگیرکەری تورک و ڕژێمی ئێران بە بەردەوامی ئاسمانى عێراق دەبەزێنن و بۆردوومانى خاکی هەرێم دەکەن و هاوڵاتییان دەکەنە ئامانج، بەڵام حکومەتى عێراق تا ئێستا نەیتوانیوە بەرگری لە سەروەری و ئاسمانى عێراق بکات، چونکە ئاسمانی هەرێمیش وەک بەشێک لە عێراق لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتى فیدراڵدایە.

هـ.ح

Comments are closed.