ڕێکخراوى سى پى تى: توركیا بەنیازە بەشێكی خاكی هەرێم داگیر بكات

ناوەندی هەواڵەكان

ڕێكخراوی ئاشتی جیهانیی ئەمریكی – سى پى تى، بڵاوی كردەوە، لە ١٠ ڕۆژی رابردوودا توركیا سەدان تانك و هەزاران سەربازی هێناوەتە ناو خاكی هەرێم، دەشڵێن، ئامانجى توركیا گەیشتنە بە چیای حەوت تەبەق لە شیلادزێ و داگیركردنی زنجیرە چیای گارا، بەمەش هەرێم لە ٧٠ بۆ ٧٥٪ـی سنووری دەسەڵاتی خۆی لە دهۆك لەدەست دەدات.

ڕێكخراوی ئاشتی جیهانیی ئەمریكی – سى پى تى، لە بارەی هاتنی هێز و سوپای دەوڵەتی داگیركەری تورك بۆ ناو خاكی هەرێمی كوردستان، ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە،  لە ١٠ ڕۆژی رابردوودا سوپای توركیا بە ٣٠٠ تانكی سەربازییەوە جوڵەى سەربازیی لە خاكی هەرێمی كوردستاندا دەستپێكردووە، بە جۆریک هێزەکان لە بەرواری باڵا جموجۆڵی زەمینی هەیە و چوونەتە نێو چەندین گوندی ناوچەكەوە.

ئاماژە بەوەشكراوە، سەربازانی توركیا لەنێو گوندەكانی كێستە، ئارادنا، چەلكێ، بابیرێ، ئورە، سەرەڕۆ لە شارەدێی كانی ماسی بینراون، كە بە پیادە لەنێو گوندەكاندا هاتووچۆ دەكەن، بەهۆیەوە گوندنشینانی ئەو ناوچانە ناتوانن ئاژەڵداری و كشتوكاڵ بكەن.

ئەوەش خراوەتەڕوو، سوپای توركیا لە بەرەبەیانیی ٢٥ـی حوزەیرانی ئەمساڵەوە، خاڵێكی پشكنینی لەنێوان گوندەكانی بابیرێ و كانی بەلاڤێ جێگیركردووە، هەر هاووڵاتییەكی مەدەنی لەو ناوچەیادا هاتووچۆ بكات، ناسنامەی عێراقی لێوەردەگیرێت و دوای پشكنینی ناسنامەكەی ڕێگەی پێدەدرێت بڕوات.

 دەشڵێن، ئامانجێكی دیكەی توركیا کارەى، گەیشتنە بە چیای حەوت تەبەق لە شارەدێی شیلادزێ و دواتریش داگیركردنی زنجیرە چیای گارا، كە بەمە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ٧٠ بۆ ٧٥٪ـی سنووری دەسەڵاتی خۆی لە پارێزگای دهۆك لەدەست دەدات.

لای خۆشیەوە كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی عێراقی ڕێكخراوەكە بەمیدیاكانی ڕاگەیاندووە، لە ٢٨ی كانوونی دووەمی ٢٠٢٤ سوپای توركیا دەستی كرد بە درووستكردنی ڕێگەیەكی سەربازی لەنێوان ئەو بنكە و بارەگا سەربازییانەی لە ساڵی ٢٠٢١ لە بەرواری باڵای شارەدێی كانی ماسى درووستی كردبوون، ڕێگەكە بە قووڵایی نۆ كیلۆمەتر لە خاكی هەرێم درووستكراوە.

كامەران عوسمان وتوشیەتى، لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا، نزیكەی هەزار سەربازی توركیا لە نێوان بارەگای سەربازیی گرێ باروخ جێگیركراون، كە گەورەترین بارەگای سەربازیی توركیایە و لە ساڵی ١٩٩٧ـەوە لەنێو خاكی هەرێمدا درووستكراوە.

باسی لەوەشكردووە، ئەگەر هێرشەكانی توركیا بەردەوام بێت، بە دەیان گوند و شارەدێ ڕووبەڕووی مەترسی دەبنەوە و بە سەدان گوندنشین و هاووڵاتی مەدەنی ئاوارە دەبن، بەشێكی گرنگی خاكی هەرێمی كوردستان دەكەوێتە دەستی سوپای توركیاوە، کە ئەستەم دەبێت جارێكی دیكە ئەم ناوچانە بخرێنەوە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق.

لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تاوەكو ئایاری ٢٠٢٤، سوپای توركیا ٨٣٣ هێرش و بۆردوومانی بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان ئەنجامداوە، بەهۆیانەوە هەشت هاونیشتمانی شەهید بوون.

هـ.ئ

Comments are closed.