کەجەدەکە-ئە: با بە ڕۆحی سەفەربەرییەوە خاوەندارێتی لە ڕێبەر ئاپۆ بکەین

ناوەندی هەواڵەکان

کەجەدەکە-ئە، ڕایگەیاند، “ئێمە سیستمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمراڵی کە ٢٦ ساڵە بە بەردەوامی بەڕێوەدەچێت ڕەتدەکەینەوە، داوا لە گەلەکەمان دەکەین لە هەموو شوێنێکەوە خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ بکەن.”

لە دژی گۆشەگیری توندی سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان لە ئیمراڵی و سەپاندنی سزای قەدەغە کردنی دیدار بۆ ماوەی شەش مانگ، کۆنگرەی کۆمەڵگە دیموکراتیکەکانی کوردستانیان لە ئەوروپا – کەجەدەکە-ئە ڕاگەیاندراو٣ێکی بڵاو کردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کەجەدەکە-ئە:

“ڕێبەر ئاپۆ ماوەی ٢٦ ساڵە لە سیستەمی گۆشەگیری و ئەشکەنجەی ئیمرالیدا ڕاگیراوە. بنەماڵە و پارێزەرانی بە هیچ شێوەیەک ڕێگەیان پێنادرێت دیداری لە گەڵ بکەن. ماوەی چوار ساڵە هیچ زانیارییەک لەسەر ژیانی نازانرێت. پەیوەندییەکانی لەگەڵ دونیای دەرەوە بەتەواوی پچڕاوە و ڕێگە نادرێت هیچ زانیارییەک لەسەر تەندروستی و ژیانی رابگەیەندرێت. تانە و داواکاری پارێزەران وەڵام نادرێتەوە و سەپاندنی سزای دیسیپلین  وەک بیانوو نیشان دەدرێن. ئەم ڕێباز و هۆکارانە بە شێوەیەکی سیستماتیک لە ساڵی ٢٠٢١-٢٠٢٤ بەکار دەهێنرێن، هەر جارە و ٣ مانگ سزای دیسپلین دەسەپێنن.

دوایین جار بەپێی زانیاریی پارێزەرەکان، لە ٣ی ئایاردا بڕیاری قەدەغەکردنی نوێی دیداری پارێزەران بۆ ماوەی ٦ مانگی دیکە سەپێندرا. بەم شێوەیە لە ماوەی ٨ ساڵی ڕابردوودا لانیکەم ١٣ جار دیداری پارێزەران لە ڕێبەر ئاپۆ قەدەغە کراوە.

بە ملیۆنان کەس ڕێبەر ئاپۆ بە نوێنەری سیاسی ڕەوای خۆیان دەبینن. ڕێبەر ئاپۆ ماوەی ٣٨ مانگە لە زیندانی دورگەی ئیمرالی لەلایەن دەوڵەتی کۆمەڵکوژی تورکەوە لەژێر سەختترین بارودۆخدا زیندانی کراوە. هەروەها بەم گۆشەگیرییە نامرۆڤانەیە ڕێگە نادرێت پەیوەندی لەگەڵ جیهانی دەرەوە و بەتایبەت پارێزەر و بنەماڵەکەیەوە بکات. هاوکات ڕێگە نادرێت هیچ زانیاریەک لە ڕێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمرالی بێتە دەرەوە، داوا دەکرێت ڕێگە لە بەردەوام بوونی  ئەم دۆخە بگیردرێت.

ئیمرالی، دوورگەی ئەشکەنجەدانی نێودەوڵەتیە، زیندانی گۆشەگیری و دابڕانی ڕەهایە. ڕێبەر ئاپۆ کە ئێستا تەمەنی ٧٥ ساڵە، ماوەی ٢٦ ساڵە لە قورسترین بارودۆخدا بە گۆشەگیریەکی دڕندانە ئەشکەنجە دەدرێت. بەو پێیەی لە ماوەی ٣٨ مانگی ڕابردوودا هیچ زانیارییەک لەسەر تەندروستی و ژیانی بەردەست نییە، دوور خستنەوە و دابڕانێکی چڕ لە ئارادایە.

گەلی کورد لە بەرزترین ئاستدایە گومانی بۆ دروست بووە و سەبریان نەماوە. ملیۆنان کەس دەیانەوێت ئەم سیستەمی ئەشکەنجە و گۆشەگیرییە کۆتایی پێبێت. سی پی تی کە لەم نا ڕوونیەدا بە بێدەنگی بەشدارە، مافی ئەوەی هەیە هەموو زیندانەکانی وڵاتانی هاوپەیمان بە تورکیاشەوە بپشکنێت. هەروەها دەتوانێت شاندی پسپۆڕی خۆی بنێرێت بۆ ئیمرالی. داوا لە سی پی تی دەکەین بەبێ هیچ بیانوویەک بچێتە ئیمرالی و دەستبەجێ لەبارەی بارودۆخی ڕێبەر ئاپۆ زانیارییەکانی بڵاو بکاتەوە.

دیسان داوا لە ئەنجوومەنی ئەوروپا دەکەین دەستبەجێ بکەونە هەوڵدانەوە. دەبێت مافەکانی مرۆڤ و بەهرەمەندبوون لە ئازادییە بنەڕەتییەکان کە لە مادەی ٣ی یاسای یەکێتی ئەوروپادا هاتووە، جێبەجێ بکرێن. ڕێبەر ئاپۆ لە هەموو مافەکانی مرۆڤ بێبەش کراوە. ماوەی ٣٨ مانگە نەبنەماڵە و نە پارێزەرەکانی نەیانتوانیوە چاویان پێبکەوێت. پێویستە شاندێک بۆ ئیمرالی بنێردرێت و چاویان پێ بکەوێت و زانیاری ڕوون لەسەر بارودۆخی تەندروستی و ژیانی بۆ رای گشتی بڵاو بکرێتەوە.

پێویستە سی پی تی و ئەنجومەنی ئەوروپا بە هەڵوێستی بێدەنگانەی خۆیان کە خزمەت بە کۆمەڵکوژی کورد دەکات دووری بگرن و گوێ بە دەنگ وداوای ملیۆنان کورد بدەن.

ئێمە دەزانین ئەم پیلانگێڕییە دژی ڕێبەر ئاپۆ نێودەوڵەتییە. هێزە نێودەوڵەتییەکان هەر لەسەرەتاوە پلاندانەر و جێبەجێکاری ئەم سیستەمە بوون  و بە هەڵوێستەکانیان لە بەردەوامیی سیستەمی ئیمرالیدا بەشدارن. دەوڵەتی تورک شەڕی کۆمەڵکوژی دژی گەلی کورد بەڕێوە دەبات، خزمەت بە بەرژەوەندیی زلهێزە نێودەوڵەتییەکان دەکات. بۆ ئەوەی تورکیا لە سیاسەتی بەرژەوەندییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەکاربهێنن، گەلی کورد دەکەنە قوربانی.

ئێمە وەک کەجەدەکە-ئە، داوا لە هەموو کەسێک دەکەین لە دژی تاوانە نامرۆڤانەکانی دەوڵەتی تورک کە بەڕێگای سزای  دیسپلینەوە لە ئیمرالی ئەنجام دەدرێن، بە ڕۆحی سەفەربەرییەوە ڕووبکەنە گۆڕەپانەکان و خاوەنداری لە ڕێبەر ئاپۆ بکەن.”

ب.گ

Comments are closed.