بیرمەندێکى میسری: دەوڵەتی تورک بەرامبەر تێکۆشانی رێبەر ئۆجالان شکست دەهێنێت

ناوەندى هەواڵەکان

پرۆفیسۆر سەمیر فازل رایگەیاند، عەبدوڵا ئۆجالان بۆ هەموو گەلانی بندەستی جیهان جێگەی هیوایە، دەشڵێت، چۆن رژێمی نەژادپەرستی ئەفریقای باشوور نەیتوانی خۆی بەرامبەر تێکۆشانی نێلسۆن ماندێلا رابگرێت، بەهەمانشێوەش دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر بەرخودان و تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ شکست دەهێنێت

پرۆفیسۆر سەمیر فازل، سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی توێژینەوە و خوێندنەوەی کولتوری میسر، هەروەها یەکێک لە بیرمەندەکانى ئەو وڵاتە سەبارەت بە گرنگی فەلسەفەی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان بەمجۆرە بۆ ئاژانسى فوڕات نیوز دواوە.

پرۆفیسۆر سەمیر فازل ئاماژەى بەوەکردووە، لەبەر ئەوەی گەلی کورد لە مێژوودا نەسڕدرایەوە، دەوڵەتی تورک گۆشەگیری لە سەر عەبدوڵا ئۆجالان جێبەجێ دەکات و ئەو گۆشەگیرییە دەریدەخات کە دەوڵەتی تورک دەوڵەتێکی چەندە داگیرکەرە، هەربۆیە دەبێت هەموو گەلانی شکۆمەندی جیهان لە پێناو رێبەر ئۆجالان ئەرکەکانی سەر شانیان بەجێبگەیەنن.

ئەوەشی خستەڕوو، کە گۆشەگیری چڕ لە سەر عەبدوڵا ئۆجالان بۆ ترسی دەوڵەتی تورک لە ئەندێشەکانی رێبەری گەلی کورد دەگەڕێتەوە، لە هەمانکاتدا تورکیا دەیەوێت گەلانی ئازاد بخاتە ژێر پێییەوە و ئەوان لە ناسنامەیان دوور بخاتەوە.

وتیشى، دەبێت گەلانی ئازادیخوازی جیهان و هەموو گەلانی شکۆمەند چاویان بە رووی کردەوەکانی تورکیادا دانەخەن. لەبەر ئەوەی ئەو کردەوانە لە کەسایەتی رێبەر ئۆجالاندا تەنیا بەرامبەر گەلی کورد ئەنجام نادرێن، بەڵکو لە دژی هەموو گەلانی ناوچەکە و سوریاش دەکرێن ئەڵبەت کورد لە دژی ئەو کردەوانەى تورکیا تێکۆشانێکی بەهێز ئەنجام دەدات.

دەشڵیت، وەک چۆن رژێمی نەژادپەرستی ئەفریقای باشوور نەیتوانی خۆی بەرامبەر تێکۆشانی نێلسۆن ماندێلا رابگرێت، بەهەمانشێوەش دەوڵەتی تورک لە بەرامبەر بەرخودان و تێکۆشانی رێبەر ئاپۆ شکست دەهێنێت.

باسى لەوەشکردووە، ئەندێشەکانی رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان نەک هەر تەنیا بۆ گەلی کورد، بەڵکو بۆ هەموو گەلانی جیهان بووەتە هیوای رزگاری.

ئ.م

Comments are closed.