ئەمریكا داوای پاراستنی هێزەكانی لە عێراق دەكات

ناوەندی هەواڵەكان

دوای دوو هێرشی نوێی گرووپە چەكدارەكانی عێراق بۆ سەر بنكەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا، پنتاگۆن داوا لە حكومەتی عێراق دەکات، هەنگاو بنێت بە مەبەستى پاراستنی هێزەكانیان لەو دوو وڵاتە، دەشڵێن، ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن، درێغی ناكەین لە بەرگریكردن لە هێزەكانمان وەك لە ڕابردوودا كردوومانە.

پاتریك ڕایدەر وتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا (پنتاگۆن) لە بارەی پێشكەشكردنی داواكارییەك بە عێراق بە مەبەستى پاراستنی هێزەكانیان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا زانیاریی نوێی خستەڕوو.

پاتریك ڕایدەر ڕایگەیاند، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرووپە چەكدارەكانی عێراق دوو هێرشی نوێیان بۆ سەر بنكەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا ئەنجامداوە، ئێمە چاوەڕوانی هێرشی نوێمان نەكرد، بەڵام گرووپە چەكدارەكان دەستیان بە هێرشكردن كردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم هێرشانە سەربازانی هاوپەیمانان و عێراقی خستووەتە مەترسییەوە، داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین هەموو هەنگاوێكی پێویست بنێت بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و سووریا.

وتیشی، ئەگەر ئەم هێرشانە بەردەوام بن، درێغی ناكەین لە بەرگریكردن لە هێزەكانمان وەك لە ڕابردوودا كردوومانە.

هاوکات، ئەمریكا نزیكەی دوو هەزار و ٥٠٠ سەربازی لە عێراق و ٩٠٠ سەربازیش لە ڕۆژهەڵاتی سووریا هەیە.

جێگەی ئاماژەیە، بەرەی مەقاومەی ئیسلامی عێراق دوای ڕاگرتنی هێرشەكانی بۆ ماوەیەك، دووبارە دەستیكردووە بە هێرشەكانی لە عێراق و سووریا و هەندێك جاریش چەند ناوچەیەكی ئیسرائیل بۆردوومان دەكات، ئەمەش ئەگەری سەر هەڵَدانەوەی گرژییەكان زیاتر دەكات.

هـ.ئ

Comments are closed.