لە ئەرمەنستان خۆپیشاندان دژی ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئازەربایجاندا کرا

ناوەندی هەواڵەکان

دەیان خۆپیشاندەر لە ئەرمەنستان دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و چەند ڕێگایەکیان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا داخستووە بە یەریڤانی پایتەختیشەوە، لە دژی دەستبەرداربوونی ئەرمەنستان لە بەشێک لە خاکەکەی بۆ ئازەربایجان.

لەم هەفتەیەدا ئەرمەنستان و ئازەربایجان دەستیان کرد بە دیاریکردنی سنووری ناوچەیەکی کێشەلەسەری نێوانیان، ئەم کارەش بەشێک بوو لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە ڕێککەونتێکی ئاشتی پاش ٣٠ ساڵ لە ناکۆکی نێوانیان.

لە چوارچێوەی دیاریکردنی سنوورەکەدا، نیکۆل پاشینیان، سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستان ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر گەڕاندنەوەی چوار گوندی چۆڵکراو، کە یەریڤان لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا دەستی بەسەردا گرتبوو.

بەڵام دانیشتوانی نزیک ئەو گوندانە دەڵێن ئەم کارە دەشێت ببێتە هۆی دابڕانی ئەوان لە تەواوی وڵاتەکە و سەرۆک وەزیر تۆمەتبار دەکەن بەوەی تاکلایەنە خاکی بەخشیوە بەبێ ئەوەی هیچ گەرەنتییەک لە بەرامبەردا بەدەستبهێنێت.

لە ناڕەزایەتییەکاندا خۆپیشاندەران ڕێگای سەرەکیی بەرەو گورجیستانیان داخستووە جگە لە داخستنی چەندین ڕێگەی تری پایتەختی وڵاتەکە.

لە شاری یەریڤان بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی پۆلیس کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە کە خەڵکی دەستگیر دەکەن بۆ بڵاوە پێ کردنی خۆپیشاندەران و کردنەوەی ڕێگاکان.

ئەو ناوچەیەی کە ئەرمەنستان تیایدا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕادەستکردنەوەی هەندێک لە گوندەکان، گرنگییەکی ستراتیژی هەیە بۆ ئەو وڵاتەی کە هیچ بەندەرێکی نییە، ناوچەکە بەشێک لە ڕێگایەکی خێرا لەخۆدەگرێت کە بەرەو گورجیستان دەڕوات و بۆ بازرگانیی دەرەکی وڵاتەکە زۆر گرنگە، هەروەها بۆرییەکی غازی ڕووسیاش بە ناوچەکەدا تێدەپەڕێت، جگە لەوەش ناوچەیەکی گرنگیشە بۆ پێگەی سەربازیی.

یەریڤان سورە لەسەر ئەوەی لەبەردانەواندن بۆ “سەروەری خاک” ناکات، پاشینیانیش بەرگری لە بڕیارەکەی کردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو چوار گوندە سنوورییە بە ئامانجی “ڕێگریکردن لە شەڕ” لەگەڵ ئازەربایجاندا.

ئەم دوو وڵاتەی کۆماری پێشووی سۆڤیەت لە ماوەی ٢٠ ساڵی ڕابردوو دوو جەنگیان ئەنجام داوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەی ناگۆرنۆ قەرەباخ.

ئازەربایجان لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو لە هێرشێکدا ناگۆرنۆ قەرەباخی کۆنترۆڵ کرد و کۆتایی بە ٣٠ ساڵی دەسەڵاتداری ئەرمەنستان بەسەر ئەو ناوچەیەدا هێنا، ئەمەش بووە هۆی دەربەدەربوونی زیاتر لە ١٠٠ هەزار کەسی ئەرمەنی بەرەو شارەکانی ناوەوەی ئەرمەنستان.

ب.گ

Comments are closed.