بڕیار ڕەشید: بۆ كردنەوەی بانكە فیدراڵییەكان عێراق چاوەڕوانی وەڵامی هەرێمە

ناوەندی هەواڵەكان

ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، كردنەوەی لقەكانی بانكی ڕەشید و ڕافیدەین لە هەرێمی كوردستان هیچ بەربەستێكی ئەوتۆی نەماوە، تەنیا ئەوەنەبێت كە سەرۆكی حكومەتی هەرێم  و وەزارەتی دارایی وەڵامی وەزارەتی دارایی عێراق بدەنەوە.

بڕیار ڕەشید، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە بارەی دواین زانیارییەكان سەبارەت بەكردنەوەی هەردوو بانكی ڕەشید و ڕافیدەین لە هەرێمی كوردستان، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

بڕیار ڕەشید ڕاگەیاند: لە ماوەكانی ڕابردوودا ئێستاشی لەگەڵدا بیت زۆر هەوڵمانداوە لقەكانی بانكە حكومییەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستان بكرێنەوە، بۆ ئەومەبەستەش چەندین كۆبوونەوە و نوسراوی تایبەت بەو بابەتەمان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیداركردووە، هەروەها هەردوو بانكی ڕەشید و ڕافیدەین ئامادەیی خۆیانیان بۆ كردنەوەی لقەكانیان لە هەرێمی كوردستان دەربڕیوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ بەڕێوەبەر و بەرپرسانی ئەو بانكانە ئەوەیان بۆ ڕوونكردوویەنەتەوە، كە ئەگەر حكومەتی هەرێم ڕەزامەندی دەرببڕیت بە كردنەوەی لقی بانكەكانیان ئەوا دەستبەسەرداگرتنی بیناكانیشیان نابێتە گرفت، دەكریت لە بینایەكی دیكەدا كارەكانیان دەستپێبكەن.

بە وتەى ئەو پەرلەمانتارە، بەرپرسیانى بانکەکان باسیان لەوە کردوە، گرفتەكە ئەوەیە كە حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی تا ئیستا وەڵامێكی ئەرێنییان نییە، بۆ كردنەوەی لقی بانكەكانی ڕەشید و ڕافیدەین.

ئەوەشی خستەڕوو، تائێستا پرۆسەی بەبانكیكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەستی پێنەكردوە، لەكاتێكدا بە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەبوایە هەرێم دەستی بكردایە بە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگا، هیوادارین حكومەتی هەرێم هاوشێوەی حكومەتی عێراق پابەند بێت بە جێبەجێكردنی بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی، كە لەبەرژەوەندی فەرمانبەرانی هەرێمدان، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە بیانوو نەدرێت بە حكومەتی عێراق بۆ درووستكردنی گرفت بۆ ناردنی پارەی فەرمانبەرانی هەرێم.

جێگەی ئاماژەیە، دادگای فیدراڵی لە ٢٨ی شووباتی ئەمساڵ بڕیار دابینكردنی مووچەی فەرمانبەرانی لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دەركرد، بڕیاری دا لە ڕێگەی بانكە فیدراڵییەكان و درووستكردنی هەژماری بانكی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدرێت.

هـ.ئ

Comments are closed.