شاندێكی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم سەردانی بەغدا دەكات

ناوەندی هەواڵەكان

بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێكی تەكنیكیی وەزارەتی دارایی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم سەردانی بەغدا بكات، بۆ گفتوگۆكردنی لە سەر داهاتی نانەوتی هەرێم، كە عێراق بە فەرمی داوای ڕادەستكردنی داهاتی دوو مانگی پێشوو دەكات، كە ٩٠٥ ملیار دینارە، هەرێمیش دەڵێت: هەڵە لە ژمارەكەماندا هەیە.

میدیا ناوخۆییەكان، لە بارەی وادەی سەردانی شاندێكی تەكنیكیی وەزارەتی دارایی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم بۆ بەغدا و ئامانج سەردانی ئەو شاندە، زانیاریی نوێ دەخەنەڕوو.

میدیاكان بڵاویان كردووەتەوە، بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێكی تەكنیكیی وەزارەتی دارایی حكومەتی ماوەبەسەرچووی هەرێم سەردانی بەغدا بكات، ئامانجی سەرەكی ڕێككەوتنە لەسەر داهاتی فیدراڵی كە چی دەگرێتەوە و دەبێت چی ڕادەست بكرێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە ٨ـی نیساندا، وەزارەتی دارایی عێراق بە نووسراوێك داوای ڕادەستكردنی داهاتی دوومانگی هەرێم دەكات، كە بەپێی ئەوەی حكومەتی هەرێم لە نووسراوی ژمارە (٣٠٧٥) هەرێم بێت، داهاتی ئەو دوو مانگە زیاتر لە ٩٠٥ ملیار دینارە، دەبێت بخرێتە سەر هەژماری بانكی ناوەندیی.

بەشێك لە میدیاكانی ناوخوییەكان بڵاویان كردووەتەوە، حكومەتی هەرێم بە هەڵە ئەو بڕە پارەیەی وەك داهاتی دوو مانگی خۆی بۆ بەغدا ناردووە، ئەو پارەیە قەرزی كارەبا، هاوكاریی هاوپەیمانان بۆ پێشمەرگە لەگەڵی هەژماركراوە، داهاتی ئەو دوو مانگە بەغدا داوای دەكات نزیكەی ٧٠٠ ملیار دینارە.

یاسای بودجەی گشتیی عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستانی پابەندكردووە، بە ڕادەستكردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی، بەڵام تا ئێستا بەغدا و هەولێر نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن لەبارەی ئەوەی ئەو داهاتە چی دەگرێتەوە و چی ناگرێتەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.