هەوڵەکانی میسر بۆ ئاگربەستی جەنگی غەزە بە کوێ گەیشتوون؟

ناوەندی هەواڵەکان

لە پاش سەردانەکەی سەرۆکی سوپا و هەواڵگریی ئیسرائیل بۆ میسر، ئەمڕۆ شاندێکی میسریی ڕۆشتوونەتە تەلئەبیب و لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلدا کۆبوونەتەوە و تاوتوێی ئاگربەستیان کردووە لەپێناو کۆتایی هێنان بە جەنگی غەزە و گەڕانەوەی ئەو بارمتە ئیسرائیلییانەی کە لە دەستی حەماسدان.

بەگوێرەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی ڕۆیتەرز، ئەمڕۆ شاندێکی میسریی ڕۆشتوونەتە تەلئەبیب و لەگەڵ بەرپرسانی ئیسرائیلدا کۆبوونەتەوە، ئەمەش لەدوای سەردانی سەرۆکی سوپای ئیسرائیل هەرزی هالیڤ و سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی ناوخۆی ئیسرائیل ڕۆنین باڕ دێت ڕۆژی پێنجشەمەدا بۆ قاهیرە.

بەگوێرەی زانیارییەکان، ئیسرائیل هیچ پێشنیارێکی نوێی نەبووە پێشکەشی بکات، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ویستوویەتی بیر لە ئاگربەستێکی سنووردار بکاتەوە کە تێیدا ٣٣ بارمتە ئازاد دەکرێن، لە بری ٤٠ بارمتە کە پێشتر قسەیان لەسەر کردبوو.

هەروەها ئاژانسەکە لە زاری بەرپرسانی باڵای ئیسرائیلەوە ئاشکرای کردووە، لە ئێستادا هیچ گفتوگۆیەک نییە لە نێوان ئیسرائیل و حەماسدا سەبارەت بە گفتوگۆکان، لەوبارەیەشەوە هیچ پێشنیارێکیش نیە لە ئیسرائیلەوە، ئەوەی کە هەیە هەوڵێکە لەلایەن میسڕەوە بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان، ئەوەش لە ڕێی پێشنیارێکی میسڕییەکانەوە، کە ئازادکردنی ٣٣ بارمتە لە خۆدەگرێت..”

بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئیسرائیل، بەرپرسانی هەواڵگریی ئیسرائیل باوەڕییان وایە ٣٣ بارمتەی ژن و بەساڵاچوو و نەخۆش، هێشتا لە غەزە لە ژیاندا مابن، ئەوەش لە کۆی ئەو ١٣٣ بارمتەیەی کە هێشتا لەلایەن حەماس و گرووپە چەکدارییە فەڵەستینییەکانی دیکەوە گیراون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆیتەرز، هیچ بڕیارێک نەدراوە لەسەر ئەوەی ئەگەر ئەم گفتوگۆیانە سەرکەوتوو بن ئاگربەستەکە ماوەکەی چەند دەبێت، بەڵام وەستان لە شەڕەکەدا ” بە دڵنیاییەوە کەمتر لە شەش هەفتە ” دەبێت.

ب.گ

Comments are closed.