“دادگای فیدراڵی هیچ بڕیارێکی لەبارەی سکاڵاکەی مەسروور بارزانییەوە نەداوە”

ناوەندی هەواڵەکان

دەزگای ستاندار ئاشکرای کرد، “بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی لەبارەی سکاڵاکەی مەسرور بارزانییەوە، تەنها وەرگرتنی داواکە بووە، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی تێدا بکرێت، نەک پەسەند کردن” واتا ئەگەری ڕەتکردنەوەی سکاڵاکە هەیە لە داهاتوودا.

ئەگەرچی پێشتر مەسعود بارزانی باوکی،  دادگای فیدراڵی بە دادگایەکی تێکدەر و خاوەن بڕیاری دوژمنكارانە ناوبرد و بە دادگای شۆڕشی ڕژێمی بەعسی چواند، کەچی مەسروور بارزانی لە بێچارەیی و تەنگەتاوبوونیدا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانەوە سکاڵای گەیاندە دادگای فیدراڵی.

سکاڵاکەی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تایبەت بوو بە دوو خاڵ:

‎یەکەم، گۆڕینی سیستمی هەڵبژاردن بوو، لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، لە فرە بازنەییەوە بۆ یەک بازنەیی.

‎دووەم، تۆماری پارتە سیاسییەکان بوو، کە پێشتر دادگای فیدراڵی بڕیاریدا بە هەڵوەشاندنەوەی ١١ کورسی کۆتا، کە پەدەکە بۆخۆی قۆرخی کردبوو.

‎ئەگەرچی میدیاکانی نزیک لە دەسەڵات، بڵاویان کردەوە گوایە دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی پەسەند کردووە، بەڵام دەزگای ستاندار ئاشکرای کرد، بڕیاری ئەمڕۆی دادگای فیدراڵی تەنها وەرگرتنی داواکە بووە، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی تێدا بکرێت ئەگەر تایبەتمەندی دادگاکە نەبوایە ڕەت دەکرایەوە.

‎هاوکات ئەوەشیان راگەیاند، ئەوەی ئێستا هەیە تەنها داواکە وەرگیراوە، بەهۆی ئەوەی بابەتەکە بنەڕەتییە و پەیوەندیدارە بە شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، دادگای فیدراڵی کارەکانی کۆمسیۆنی ڕاگرت تا یەکلابوونەوەی سکاڵاکە.

‎لە کۆتاییشدا ئاماژەیان بەوەداوە، مەرج نییە بەو شێوەیە یەکلابێتەوە کە پەدەکە دەیخوازێت، پەدەکە تەنها شتێک لەم بڕیارە بەدەستدەهێنێت ئەوەیە کە هەڵبژاردن دوادەکەوێت هێشتا دیار نییە کە بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی سکاڵاکەوە چی دەبێت.

ب.گ

Comments are closed.