ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشکردنە سەر لوبنان ئامادە دەکات

ناوەندی هەواڵەکان

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، فەرماندە سەربازییەکانی لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکان ئاگادارکراونەتەوە بۆ بەردەوامیدان بە جەنگ، هەروەها ئاشکرای دەکەن، ١٥ ساڵە خۆیان ئامادە دەکەن بۆ جەنگ لە دژی حزبوڵا و لە ئامادەباشیدان.

سوپای ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاوی کردەوە، فەرماندە سەربازییەکانی لە ناوچەی ئۆپەراسیۆنەکان ئاگادارکراونەتەوە بۆ بەردەوامیدان بە جەنگ، لە ئێستاشدا سەرقاڵی بنیادنانی کۆگای عەمبارکردنی چەک و تەقەمەنین بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی خێراتر و ئاسانتر بگاتە دەست هێزە ئیسرائیلییەکان.

هەروەها، بەرپرسێکی ئیسرائیل بە ئاژانسی بلومبێرگی ڕاگەیاندووە، حزبوڵا لە بەهێزترین گرووپە چەکدارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و خاوەنی نزیکەی ١٥٠ هەزار مووشەکە، هەندێکیان دوورمەودان و بە ئاسانی دەتوانن ناوەندی ئیسرائیل بپێکن.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەگەر جەنگی گشگتیر هەڵبگیرسێت ئەوا بەپێی توێژینەوەی سوپای ئیسرائیل ڕۆژانە لە لوبنانەوە پێنج هەزار مووشەک دەتوانرێت ئاڕاستە بکرێت، جگە لەوەی گرووپە چەکدارەکانی عێراق و یەمەن و سووریاش دەتوانن ڕۆژانە ١٠٠ مووشەک ئاڕاستە بکەن.

ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵە ئیسرائیل ئامادەکاری بۆ جەنگ لەگەڵ حزبوڵا دەکات، بۆ ئەو مەبەستەش دەستەی لەناکاوی نیشتمانیی بۆ هەماهەنگی نێوان وەزارەتە حکومییەکان و دەسەڵاتە ناوچەییەکان درووستکراوە، بۆ هێرشێکی لەناکاو.

ب.گ

Comments are closed.