پۆلیس زانیاری نوێ لەسەر گیانلەدەستدانی هاوڵاتییەکی بیانی لە قەڵادزێ دەخاتەڕوو

قەڵادزێ

پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، تەرمی هاوڵاتییەکی بیانی بە ناوی (عبدالمجید نیامۆت) لەدایکبووی ساڵی ۱۹٦٦ به ڕەچەڵەک نێجیری، کە شوێنەواری برین بە سەر جەستەیەوە هەیە دۆزراوەتەوە، کە هەوڵی داوە لەگەڵ هەشت کەسی تر بە نایاسایی بێنە ناو هەرێمی کوردستانەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی هاوڵاتییەکی بیانی دۆزرایەوە و لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ، لەوبارەیەشەوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، ئێوارەی ئەمڕۆ بەرواری ۲۰۲٤/٤/۲٦ تەرمی هاوڵاتییەکی بیانی بە ناوی (عبدالمجید نیامۆت) لەدایکبووی ساڵی ۱۹٦٦ به ڕەچەڵەک نێجیری، کە شوێنەواری برین بە سەر جەستەیەوە هەیە، گەیەندرایە نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێ.

هەروەها ڕایگەیاند، بە وتەی شایەتحاڵەکان ناوبراو لە کاتی تێپەڕبوونی بە نایاسایی بۆ خاکی هەرێمی کوردستان هەڵدێراوە و بەوهۆیەوە گیانی لە دەستداوە، لە ئێستاشدا تەرمی ناوبراو  لە نەخۆشخانەی گشتیی قەڵادزێوە  گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری سلێمانی بە مەبەستی زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی مردنەکەی.

لە درێژەی ڕاگەیاندراوەکەیدا پۆلیسی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەشکردووە، هەر بەهۆی ڕووداوەکەوە توانراوە چەند کەسێک دەستگیر بکرێت، کە ویستوویانە لەوڵاتی ئێرانەوە بەشێوەی نایاسایی بێنە ناوخاکی هەرێمی کوردستان، کە ژمارەیان ۸ کەس بوون و سەرجەمیان لە لایەن هێزەکانی پۆلیسەوە لە بنکەی پۆلیسی فریاکەوتنی پشدەر دەستگیرکران لەو کەسانەش ۷  کەسیان بە ڕەچەڵەک بەنگلادیشین و کەسەکەی تریش نەیجیریە.

ب.گ

Comments are closed.