ڕۆژنامەنووسێک: لە هەرێم ئەگەر بە دوای زانیارییدا بگەڕێیت تۆمەتت دەخرێتە پاڵ

سلێمانی

تا دێت پانتایی ئازادیی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەنووسی زیاتر بەرتەسک دەکرێتەوە و ڕۆژنامەنووسێکیش دەڵێت: لە هەرێمدا پارە، حزب، فشار دەسەڵات مامەڵە دەکەن، ئەمەش ئازادییەکانی بەرتەسکتر کردووەتەوە، گەر بە دوای زانیارییدا بگەڕێیت تۆمەتت دەخرێتە پاڵ، دەشڵێت: هەر کارێک بێ دادگا ئەنجام بدرێت پێی دەوتریت ڕفاندن.

ئازادیی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەنووسی لە چوارچێوەی مافەکانی مرۆڤدا پۆلێن دەکرێن، بەڵام لە باشووری کوردستان تا دێت دەسەڵات ئازادییەکان بەرتەسکتر دەکاتەوە و بە گرتن، ڕفاندن، ئەشکەنجەدان، تیرۆرکردن پێشێلی مافەکانی مرۆڤ دەکات، لەو بارەیەوە بێستوون محەمەد، ڕۆژنامەنووس، بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

بێستوون محەمەد، لە بارەی ئاستی ئازادیی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستاندا ئاماژەی بەوەدا، کە لە هەرێمدا کاری ڕۆژنامەنووسی قورس بووە و وتی: دابەش بووە بەسەر دوو بەرەدا، یەکەم ئەوەیە کە دەسەڵات دەیەوێت، ئەمە بەبێ کێشە و ئازادانە کاری خۆیان دەکەن، دووەمیش بەشە هەستیارەکەیە کە خەڵک متمانەی پێیەتی و دەنگ و ڕەنگی هاوڵاتییانە، لەمەدا گەر بە دوای زانیارییدا بگەڕێیت، کۆمەڵێک تۆمەت دەدرێتە پاڵ، ئەمەش کارەکەی زۆر قورس کردووە.

وتیشی: یاسا لە هەرێمی کوردستان تا ئەو شوێنە بوونی هەیە، کە لە بەرژەوەندی دەسەڵاتدا بێت، هیچ یاسایەک نییە کە کاری لەسەر بکرێت و پشتی پێ ببەسترێت، ئەمەش وایکردووە کە زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان لە زینداندا بن، نەتوانن دەست بۆ هەندێک بابەت ببەن،  ئەمە گرفتێکی تەواو گەورەی درووست کردووە بۆ کاری ڕۆژنامەنووسیی، ناتوانرێت ڕاستییەکان بۆ هاوڵاتییان بخەیتە بەردەست.

بێستون محمد، ئەوەشی خستەڕوو، لە هەرێمی کوردستاندا، ئازادیی ڕادەربڕین لە ڕەوشێکی خراپدایە، تا ئێستاش ئەم بابەتە بە هەند وەرنەگیراوە، وایکردووە لە چاوی ڕێکخراو و ڕۆژنامە نێودەوڵەتییەکاندا بە هەرێمێکی تەسک و دوور لە ئازادیی ڕادەربڕین هەژمار دەکرێت.

لە درێژەی قسەکانییدا، ئاماژەی بەوەکرد، یاسایەک بوونی نییە کە بتوانین پشتی پێ ببەستین  و مافمان پارێزراوبێت، بڵێین کارێک دەکەین لە ژێر ڕۆشنایی ئەم یاسایەدا، لێرە دەسەڵات، حیزب، پارە، فشار مامەڵە دەکەن، ئێمە یاسایی کاری ڕۆژنامەنووسیمان هەیە، کاری پی ناکرێت و ڕۆژانە ڕۆژنامەنووسان دەستگیر دەکرێن و دەخرێنە زیندانەوە، هەروەها هاوڵاتییان لەسەر ڕای ئازاد دەکرێنە ئامانج.

لە کۆتاییدا سەبارەت بە ڕفاندنی سلێمان ئەحمەد ڕۆژنامەنووس و هەواڵسازی ئاژانسەکەمان کە ماوەی ١٨٧ ڕۆژە لە لایەن پەدەکەوە ڕفێندراوە، وتی: هەر کارێک بەبێ دادگا و یاسا ئەنجام بدرێت پێی دەوترێت ڕفاندن، ئەوان دەسەڵاتدارن و خۆیان یاسا دادەڕێژن بەپێی بەرژەوەندی خۆیان، ئەمەش وایکردووە کە زیانی زۆر بگەیەنێت بە ئازادیی ڕادەڕبڕین و زیانی لە پێگەی هەرێمی کوردستان داوە لە ناوچەکەدا.

ب. جـ

Comments are closed.