ڕۆژنامەنووسان: هێرش بۆ سەر ڕاگەیاندنی ئازاد بە پیلانە

سلێمانی

هێرشەکان بۆسەر هەردوو کەناڵی ستێرک و میدیا خەبەر زۆرترین کاردانەوەى لێکەوتەوە و ڕۆژنامەنووسانی ژن لە باشووری کوردستان باس لەوە دەکەن ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر میدیای ئازادیی کوردیی نیشانەی ئەو پەڕی لاوازییە و دەشڵێن: هێرش بۆ سەر ڕاگەیاندنی ئازاد بە پیلانە.

درەنگانی شەوی ٢٣ـی نیسان، لە ناکاو بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک، پۆلیسی فیدراڵیی بەلجیکا هەڵیانکوتایە سەر کەناڵەکانی “ستێرک تیڤی و مەدیا خەبەر” لە شاری دەندەرلیو لە بەلجیکا، هەموو دەرگاکانی ئۆفیسەکانیان شکاند و پشێووی و تاڵانییەکی زۆریان درووست کرد.

ئەم هەڵکوتانەش لەلایەن ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی ئازادییخوازەوە کاردانەوەی لێکەوتەوە و کامپەینی شەرمەزارکردنیان ڕاگەیاند، هەروەها لە بارەی ئەو هێرشەی پۆلیسی بەلجیکاوە شۆخان میرزا و تەوار عادل ڕۆژنامەنووس لە باشووری کوردستان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

شۆخان میرزا
شۆخان میرزا

سەرەتا شۆخان میرزا وتی: ئیدانەی ئەو هێرشەی دەزگایی پۆلیسی بەلجیکا دەکەم، بۆ سەر ناوەندی “مەدیا خەبەر و ستێرک تیڤی”، لە وڵاتێکدا بانگەشەیی دیموکراسی و شەڕیان بۆ دیموکراسییە وەک خۆیان دەیڵێن ،جێگەی گومانە بۆ هەر کەسێک کە لەبابەتە بڕوانێت، ئەمە کارێکی بەرنامە بۆ داڕێژراوە، لەو کاتەدا کە هێرش دەکەن هیچ ڕوون کردنەوەیەک یان زانیارییەک نادەن، ئەوەش خۆی گومان درووست دەکات.

وتیشی: پۆلیس چۆن دەتوانێت هەڵکوتێتە سەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن، کە دەنگی ئازادە و دەنگی گەلێکە داکۆکیکارێکی مافی گەلێکە، نیشاندەری ناشرینی و داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکە لە باشووری کوردستان، کە بێگومان ئەنجامدانی ئەو کارە لە بەرژەوەندی ئەو سیستمەدا نییە کە لەسەری دەڕۆن.

ئاماژەی بەوەکرد، هۆکاری ئەنجامدانی ئەو کارە لەلایەن دەوڵەتی بەلجیکا کە ناوەندی دیموکراسییە لە ئەورووپا، پەیوەستە بەو بەرژەوەندییانەی کە دەوڵەتانی ئەورووپا لەگەڵ تورکیادا هەیانە.

لە کۆتاییشدا شۆخان میرزا وتی: پێویستە لە باشووری کوردستان بەتایبەتی دەنگ و هەڵوێستی ناڕەزایەتی زیاتر بکرێت، چوونکە “ستێرک تیڤی  و مەدیا خەبەر” کاریان لەسەر مافەکانی مرۆڤ و ڕاستی و هەبوونی کورد و تەواوی گەلانی ئازادییخواز دەکەن.

تەوار عادل
تەوار عادل

لای خۆشییەوە تەوار عادل تیشکی خستەسەر ئەوەی، کە شکستەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە چیا ئازادەکانی کوردستان و بەدەستنەهێنانی ئامانجەکانی سەردانەکەی ئەردۆغان وایکردووە هێرشەکانی لە دەرەوە ئەنجام بدات و فەرمان بە دەوڵەتانی ئەورووپا بکات هێرش بکەنە سەر میدیا ئازادە کوردییەکان.

وتیشی: دەوڵەتی داگیرکەری تورک و دەسەڵاتەکەی ئەردۆغان دەترسن لەوەی ڕووی ڕاستەقینەیان نیشانی وڵاتانی ئەورووپا و جیهان بدرێت بەوەی چ پێشێلکاریی و یاساشكێنییەک بەرامبەر کورد و خاکەکەی ئەنجام دەدەن.

تەوار ئاماژەی بەوەش کرد، وەک ڕۆژنامەنووسان ئەو هێرشانە سەرکۆنە دەکەن و بەوپەڕی لاوازیی و نەبوونی چارەسەر دەیبینن و وتی: تا ئیستا بێدەنگ نەبیوون لەوە و دواش بێدەنگ نابین، نەلەئاست هێرش و داگیرکارییەکان نە لەئاست ڕووماڵی هەقیقی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستاندا ڕوودەدات.

ش. ئـ

Comments are closed.