پەرلەمانتارێك ڕەخنە لە ڕێككەوتنەكەی نێوان عێراق و توركیا دەگرێت

 ناوەندی هەواڵەكان

ئەندامێكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاوی پەرلەمانی عێراق ڕەخنە لە هەندێك بڕگەی ڕێككەوتنی نێوان عێراق و توركیا دەگرێت و دەڵێت، ڕێككەوتنەكە مافی كۆنترۆڵكردنی سامانی ئاوی عێراقی بە لایەنی توركی داوە.

یبتسام هیلالی
یبتسام هیلالی

یبتسام هیلالی، ئەندامی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاوی پەرلەمانی عێراق لە بارەی ناڕەزایەتی لە ڕێككەوتنی نێوان عێراق و توركیا بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

یبتسام هیلالی ڕایگەیاندووە، حكومەتی عێراق ڕێككەوتنی ستراتیژی لەگەڵ لایەنی توركی واژۆ كردووە، بە واتایەكی دیکە توركیا دەتوانێت كۆنترۆڵی بەڕێوەبردنی سامانی ئاوی عێراق بكات، ئەمەش داواكارییەكی توركیا بوو بە مەبەستى بەدەستهێنانی دەستكەوت بۆ خۆیان.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەندێك لە مەرجەكانی ڕێككەوتنەكە كۆدكراون و ناڕوونن، هەروەها دیاری نەكراوە ئەو ڕێژەیە و بڕی ئەو ئاوەی، كە توركیا بۆ عێراقى بەردەداتەوە چەندە، جگە لەوەش ڕێككەوتنەكە بریتی بوو لە هاتنە ناوەوەی كۆمپانیا توركییەكان بۆ كاركردن لە پرۆژەكانی ئاوی عێراق، واتە بەڕێوەبردنی ئاو و درووست كردنی بەنداو، لە بەرژەوەندى تورکیا دەبێت.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، پێش واژۆكردنی ڕێككەوتنەكە، بڕیار بوو شاندی دانووستانكاری عێراق بڕگەیەك دابنێت، كە توركیا پابەند بكات بە هەڵوەشاندنەوەی بەنداوی جەزرەی توركیا، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی، كە ئەم بەنداوە مەترسییەکى گەورەیە لەسەر ڕووباری دیجلە.

باسی لەوەشكرد، عێراق پێویستی بە كۆمپانیای توركی نییە بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەكان، چونکە كۆمپانیای بیانی و نێودەوڵەتی زۆر پێشکەوتوو لەو بوارە هەن.

ڕۆژی ٢٢ـی نیسان، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و ئەردۆغانی سەرۆكی دەوڵەتی تورك لە بەغدا  ٢٦ ڕێككەوتن و یاداشتی لێكتێگەیشتنیان واژۆكرد، لەنێویاندا ڕێككەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ.

هـ.ئ

Comments are closed.