باسم عەوادی: لە ڕیاز سوودانی تاوتوێی پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدان دەكات

ناوەندی هەواڵەكان

وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایگەیاند، ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە ڕیازی پایتەختی سعودیە، بە مەبەستی بەشداریی كردن لە كۆڕبەندی ئابووری جیهانی، دەشڵیت، بڕیارە سوودانی چەندین دۆسییەی گرنگ لەو كۆڕبەندەدا تاوتوێ بكات، یەكێك لەوانە، پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدانە.

باسم عەوادی وتەبێژی حكومەتی عێراق لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكانى محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دیكە لە كۆڕبەندى ئابووری جیهان، بۆ میدیا ناوخۆییەكان دەدوێت.

باسم عەوادی ڕایگەیاند، ئەمڕۆ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیشتە سعودیە و بڕیارە بەشداری لە یەكەمین كۆبوونەوەی كۆڕبەندی ئابووری جیهانی بكات.

دەشڵێت، بڕیارە لە پەراوێزی كۆڕبەندەكەدا كۆمەڵێك دیدار لەگەڵ سەركردەی وڵاتان، لەوانە محەمەد بن سەلمان بن عەبدول عەزیز، جێنشینی سعودیە، میری كوەیت، سەرۆك وەزیرانی پاكستان و كۆمەڵێك كۆمپانیای نێودەوڵەتی ئەنجام بدات.

ئاماژەی بەوەش كرد، سەرۆكی حكومەت لەبارەى پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان گفتوگۆ لەگەڵ چەند وڵاتێک دەکات، چونکە ئەو پڕۆژەیە دەبێتە نەخشەڕێگای هاوكاری نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، پێشكەوتنێكی گەورەیە لە ناوچەكەدا و دەبێتە باشترین ڕێگە بۆ گواستنەوەی وزە لە داهاتوودا.

وتیشی، سەرۆك وەزیران تاوتوێی پێشهاتەكانی دۆخی ئێستای ناوچەكە و شەڕی غەزە و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتانى عەرەبی و جیهان دەكات.

بڕیارە كۆڕبەندی ئابووریی جیهان لە سعودیە ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام بێت، كۆربەندەكە لەمڕۆوە دەستی بە كارەكانی كردووە، ئامانجی كۆڕبەندەكە پاڵپشتیكردنی گفتوگۆی جیهانی و دۆزینەوەی چارەسەرە بۆ ئاستەنگە هاوبەشە جیهانییەكان، هەروەها دەیان سەرۆك و كەسایەتی ڕێكخراوەكان و دامەزراوە ئەكادیمییەكان لە ٩٢ وڵاتەوە تێیدا بەشدارن.

هـ.ئ

Comments are closed.