خەڵکی پێنجوێن خۆپیشاندانیان کرد و جموجوڵی بازرگانییان پەكخست

ناوەندی هەواڵەکان

لە دژی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی کارەبای نیشتمانیی و نەبوونی خزمەتگوزاریی، خەڵکی پێنجوێن خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و لەبەیاننامەیەكدا چەندین داواكارییان ئاڕاستەی حكومەت و لایەنی پەیوەندیدار كرد و هۆشدارییاندا بە حكومەت.

ئەمڕۆ هاوڵاتییانی شارۆچکەی پێنجوێن، لە دژی كەمكردنەوەی كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتیمانیی خۆپیشاندانیان كرد و جموجوڵی بازرگانییان لە سنووری سلێمانی پەكخست.

ڕێبەر تاهیر بەیاننامەی چین و توێژە جیاوازەكانی پێنجوێنی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو: پێنجوێن جگە لەوەی شوێنێكی گرنگی ستراتیژیی حكومەتی هەرێمە، خاوەن دوو مەرزی فەرمی و چەندین مەرزی دیكەی لاوەكییە كە بووەتە خێروبێر بۆ تەواوی كوردستان، بەڵام بۆ ماوەی ١٠ ساڵ دەڕاوت بەشێوەی مەبەست گەمارۆیەكی ئاوەدانی خراوەتە سەر شارەكە و هیچ پڕۆژەیەكی گرنگ و لاوەكی لە شارەكەدا جێبەجێ ناكرێت.

لەبەیاننامەكەشیاندا باسیان لەوەش كرد، پێنجوێن یەك ڕێگای هەیە، بەشادەماری ئابووریی سلێمانی دادەنرێت، بەڵام بە ڕێگای مەرگی پێنجوێنییەكان ناوەزەند دەكرێت، هەرچەندە بڕیاری دووسایدكردنی لە ساڵی ٢٠١٣وە بۆ دەركراوە، بەڵام هیچ ئاسەوارێكی جێبەجێكردنی ئەو بڕیارە دیارنییە، ئاسۆیەكی ڕوونیش نییە بۆ جێبەجێكردنی.

ئاماژەیان بەوەشدا، لە ساڵانی ڕابردوودا كارەبای ناوچەكە لەسەر ئێران بوو هیچ گرفتێكی نەبوو، ئێستا لەسەر هەرێمی كوردستانە و كارەباكەمان بەبیانووی جۆراوجۆر دەبڕێت، ئەوە بە مافێكی خۆمان دەزانین كارەباكەمان ٢٤ كاتژمێر بێت، خەریكە كارەباكەمان بەدەردی ناوچەكانی دیكە دەچێت، ئەوەش هێڵی سوورەو ئامادەنین سازشی لەسەر بكەین.

هەر لە بەیاننامەكەشیاندا چەندین داواكارییان ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار كرد و ڕایانگەیاند، دەبێت حكومەت بە جدی بێتە سەرخەت و ئاوڕ لە ڕێگاوبانی ناوچەكە بداتەوە، ڕێگاكە بە كەڵكی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی و هاتوچۆكردن نایەت، چارەسەركردنی بنەڕەتی كارەبا، تەواوكردنی ڕێگای مەرزی باشماخ ماوەی ١٠ ساڵە لە بواری جێبەجێكردندایە و تەواو نەکراوە، هەروەها تۆڕی ئاوی پێنجوێن كە ماوەی چەندین ساڵە لەلایەن خێرخوازانەوە دەبرێت بەڕێوە.

ب.گ

Comments are closed.