لایەنە شیعەكان لە بارەی دیاریكردنی پارێزگاری دیالە كۆبوونەوە

ناوەندی هەواڵەكان

ئەمڕۆ سەركردەی لایەنە شیعەكان بە سەرۆكایەتی نوری مالیكی لە بارەی پێكهێنانی حكومەتی خۆجێی دیالە كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا ناوی چوار كاندید بۆ پۆستی پارێزگاری دیالە بخرێتە بەردەم لایەنەکان، بۆ ئەوەی دەنگ لەسەر كاندیدێكیان بدرێت.

میدیا عێراقییەكان لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆی سەركردە شیعەكان بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری دیالە زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.

كەناڵی “بەغداد الیوم” بڵاوی كردەوە، ئەمرۆی كۆبوونەوەی سەركردە شیعەكان لە بارەگای هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بەغدا بە ئامادەبوونی نوری مالیكی و نوێنەرانی لایەنی بەدر و هێزە شیعەكانی دیكە بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگای دیالە بەڕێوەچوو.

ئاماژە بەوەشكراوە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار لەسەر سێ خاڵ درا، دیارترینیان ئەوە بووە، كە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ناوی چوار كاندیدی بۆ پۆستی پارێزگار خستووەتەڕوو و پێشكەشی سەرجەم هێزەکانى دیكەی دەکات، بە مەبەستی دەنگدان لەسەر یەکێک لەوانە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، ئەمڕۆ ناوەكان دەخرێنە بەردەم هێزە سوننەكان و لیستەكانی دیكە بۆ هەڵبژاردنى یەکیک لەوانە.

ئەمە لەكاتێكدایە، هەفتەی ڕابردوو بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق جارێكی دیكە موسەنا تەمیمی بە پارێزگاری بەشێوەیەکى کاتى دیالە هەڵبژێردرایەوە.

هـ.ئ

Comments are closed.