کاروان یاروەیس
بەهۆی ئەندامێتیم لە لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندیی کردنی پەرلەمانی عێراق، زوو زوو سەردانی بەندەرەکان و خاڵەسنوورییەکانی عێراق دەکەم، بەو هەموو گەندەڵییەوە رێگاوبان و ژێرخانی تۆکمەیان بۆ درووست کراوە.
بەڵام جێگای داخە مەرز و خاڵە سنوورییەکانی کوردستان، کە داهاتێکی زۆریان هەیە، رێگاوبان و ژێرخانیان نییە، کوردستان لەباربوو ببێتە ناوەندێکی گرنگی ترانزێتی ووشکانی، بەڵام (رێگای گەشەپێدان) کە بەسرە بە تورکیاوە دەبەستێتەوە گرنگی زۆربەی دەروازە سونوریەکانی هەرێم کەمدەکاتەوە.
برواننە خاڵی سنووری پەروێزخان، سەرباری گرنگی و داهاتە زۆرەکەی، ڕێگاکەى هەمان ئەو ڕێگایانەن، کە لە شەڕی عێراق و ئێران بۆ هاتوچۆی سەربازی و بەرەکانی جەنگ درووستکراون.
لەسەر مەرزی پەروێزخان سەدان کۆڵکە ملیونێری دۆلار و دەیان ملیونێری قەپە هەڵتۆقین، کەچی نەتوانراوە ڕیگایەکى رێکوپێکی بۆ درووست بکرێ و ژێرخانی بۆ بنیاد بنرێ.
ئەو رووداوە جەرگبڕەی دوێنێ، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتیی گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، دەبێ ویژدان رابچڵەکێنێ و ڕێگاى پەروێزخان – کەلار چاک بکرێ و ئاورێک لە گوندەکانی ئەوبەری سیروانیش بدرێتەوە، کە هەمیشە قوربانی شەڕەکان و لانکەی شۆڕش و یەکەم ناوچەن بەر تەعریب و تەرحیل کەوتون.
ئ.م
ئەم وتارە ڕاوبۆچوونى تایبەتى نووسەر خۆیەتى.
Comments are closed.