چوارچێوەی هەماهەنگی: دەرگای خۆ كاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك پەرلەمان ناكرێتەوە

ناوەندی هەواڵەكان

شەوی ڕابردوو سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كۆبوونەوە و گەیشتن بەو ئەنجامەی، كە جارێكی دیكە بەهیچ شێوەیەك دەرگای خۆ كاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆك پەرلەمانی عێراق  نەكرێتەوە، هەروەها هەفتەی داهاتووش كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پۆستە ئەنجام بدرێت.

میدیا عێراقییەكان لە زاری سەرچاوەیەكی سیاسی ئاگادار لە بارەی دەرئەنجامی كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە یەكلایی كردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمانى عێراق زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.

ئەو سەرچاوەیە بە كەناڵی”بەغداد الیوم”ی ڕاگەیاندووە، شەوی ڕابردوو لە بەغدا كۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی بە مەبەستى یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق ئەنجامدرا، بڕیار درا هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستی سەرۆك پەرلەمان ئەنجام بدرێت.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا جارێكی دیكە دەرگای خۆ كاندیدكردن بۆ پۆستی سەرۆكى پەرلەمان بەهیچ شێوەیەك نەكرێتەوە و هەڵبژاردنەكە بچێتە خولی دووەمەوە پێش كۆتایی هاتنی خولی یاسادانان.

ڕۆژی ١٣ـی كانوونی دووەمی ئەمساڵ پەرلەمان دانیشتنێكی نائاسایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێی پەرلەمان ئەنجامدا، خولی یەكەمی دەنگدانەكەش بە سەركەوتنی شەعلان كەریم بە بەدەستهێنانی ١٥٢ دەنگ لە كۆی ٣١٤ دەنگ كۆتایی هات، هەروەها سالم عیساوی بە ٩٧ دەنگ و مەحمود مەشهەدانی ٤٨ دەنگ عامر عەبدول جەبار شەش دەنگیان بەدەستهێنا، دواتر لە ناو هۆڵی پەرلەمان گرژیی درووست بوو، سەرۆكایەتی پەرلەمان  ناچار بوو دانیشتنەكە دوابخات بۆ كاتێكی نادیار.

١ـی ئەم مانگە شەعلان كەریم كاندیدی بەهێزی پۆستی سەرۆك پەرلەمانی عێراق كاندیدبوونی خۆی بۆ ئەو پۆستە كشاندەوە، لە ئێستادا سالم عیساوی كاندیدی خەمیس خەنجەر بەهێزترین كاندیدە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، لە بەرامبەردا حەلبووسی ئەو پۆستە بە پشكی حزبەكەی دەزانێت و دەڵێت: لە ئەگەرى وەرنەگرتنەوەی ئەو پۆستە بایكۆتی پرۆسەی سیاسی و هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەكەن.

ڕۆژی ١٤ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، دادگای فیدراڵی عێراق، بڕیاری كۆتاییهێنان بە ئەندامێتی هەریەكە لە محەمەد حەلبووسی و لەیس دلێمی لە پەرلەمانی عێراق هێنا و بەمەش ڕاستەخۆ حەلبووسی لە پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوورخرایەوە، ئەمەش بەهۆی ئەو كێشانەی لەگەڵ ئەو پەرلەمانتارە لەماوەی ڕابردوو لە نێوانیان ڕوویاندا.

هـ.ئ

Comments are closed.