نوێنەرایەتی کۆنگرەستار خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش بە ژنە سیاسەتمەدارێک کرد

سلێمانی

 پێشنیوەڕی ئەمڕۆ، نوێنەرایەتیی کۆنگرەستار لە هەرێمی کوردستان، خەڵاتی ڕێزلێنانی بەخشییە سازە عەبدوڵا، لێپرسراوی ژووری پەیوەندییە سیاسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، لە پێناوی بەهێزکردنی پەیوەندی ژنان و ئەو خەبات و تێکۆشانەی کردوویانە لە کوردستاندا.

 پێشنیوەڕی ئەمڕۆ، لە شاری سلێمانی، ڕۆزا حەسەن، نوێنەری کۆنگرەستار و سوعاد حفتار، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی نوێنەرایەتی کۆنگرەستار لە باشووری کوردستان، سەردانی مەکۆی بزووتنەوەی گۆڕانییان کرد و چەپکە گوڵ و خەڵاتی ڕێزلێنانی کۆنگرەستاریان پێشکەش بە سازە عەبدوڵا کرد.

ئامانجمانە لە ڕێگەی ئەم جۆرە پەیوەندییانەدا پشتگیرییەکی بە هێزی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بکەین

لە سەردانەکەدا ڕۆزا حەسەن وتی: بە ناوی نوێنەرایەتیی کۆنگرەی ستارەوە بە بۆنەی ڕەنج و تێکۆشانی شەهید ڕەیحان و شەهید زەلال، کە لەم تێکۆشانەدا خەباتیان کرد و گەیشتنە کاروانی شەهیدان، بە هەمان ڕەنجی ئەوانەوە ئەم ڕێزلێنانە پێشکەش بە سازە عەبدوڵا محەمەد دەکەین.

ڕۆزا حەسەن وتی
ڕۆزا حەسەن وتی

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی کە پشتیوانی لە شۆڕشی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان کرد، ژنانی باشووری کوردستان بوون، کە زیاتر لە ١٠ ساڵە کار و خەباتمان پێکەوە هەیە و بەردەوامیمان هەیە، بە تایبەت لە کەسایەتی شەهید ڕەیحاندا پەیوەندییەکی بەهێزی هەبووە لەگەڵ ژنانی باشووردا.

باسی لەوەش کرد، ئامانجمانە لە ڕێگەی ئەم جۆرە پەیوەندییاندا پشتگیرییەکی بە هێزی ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان بکەین، ئێمە بە یەکەوە کار و چالاکی دەکەین لە باشووری کوردستاندا، هەروەها پێویستە هەمووان هەڵوێستی تەواومان هەبێت، لە بەرامبەر ئەو هێرش و داگیرکەرییانەی لایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە بوونی هەیە لە سەر هەر پارچەی کوردستان، بە تایبەت لە باشوور و ڕۆژئاوای کوردستاندا، هەمووان بەیەکەوە بتوانین هەڵوێستی خۆمان بەرز ڕابگرین تا ببێتە وەڵامێک بۆ دوژمنانی گەلی کورد و ئێمەش بە یەکێتییەکی بەهێز کار و خەباتی خۆمان بەردەوام بکەین.

بڕیارماندا پەیوەندییەکانمان زیاتر لە جاران بەهێزتر بێت

سازە عەبدوڵا محەمەد
سازە عەبدوڵا محەمەد

سازە عەبدوڵا محەمەد، لێپرسراوی ژووری پەیوەندییە سیاسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، وتی: خۆم بەخۆشحاڵ دەزانم و بەخێرهاتنیان دەکەم، کە ئەمڕۆ لەلایەن ڕێکخراوی نوێنەرایەتی کۆنگرەستار لە باشووری کوردستان، کە ئەم خەڵاتەم پێشکەش کرا.

وتیشی: بڕیارماندا پەیوەندییەکانمان زیاتر لە جاران بەهێزتر بێت و کاری هاوبەشمان هەبێت لەسەر دۆزی نەتەوەی و نیشتمانی و دۆزی ژنان، هیوادارم لە داهاتوودا زیاتر کار و چالاکیمان هەبێت.

ب. جـ

Comments are closed.