بەفربارین نیومەتری تێپەڕاند و قائیمقامیش هۆشداری دەدات

شەممە, 28 ينا 2017 – 12:42 

ڕۆژنیوز – هاوكار مستەفا

لە ئێوارەی دوێنێوە شەپۆلێكی بەفربارین ڕووی لە شارۆچکەی پێنجوێن و دەوروبەری كردووەو بەوهۆیشەوە لەهەندێك ناوچە ڕێژەی بەفربارین ٥٠ سانتیمەتری تێپەڕاندووە، قایمقامی شارۆچكەكەش لەڕێگەی ڕۆژنیوزەوە داوا لەهاولاتیان و شۆفێران دەكات بۆكارێكی زۆر پێویست نەبێت ڕوو لەشارەكانیتر نەكەن.

بەهۆی هەڵكەوتەی شوێنی جوگرافی و هاوكات بوونی ڕێگای مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ، ساڵانە لەكاتی بەرفر باریندا گرفت بۆهاوڵاتیان دروستدەبێت.

زانا ڕەحمان، قائیمقامی شارۆچكەی پێنجوێن، بۆ ڕۆژنیوز وتی:” بەهۆی ئەو شەپۆلە بەفربارینەی كە لە ئێوارەی دوێنێوە ڕووی لە ناوچەكەما كردووە، لە هەندێك ناوچە بە تایبت ناوچەی چەمی شلێر ڕێژەی بەفربارین ٥٠ سانتیمەتری تێپەڕاندووە، ئەوەش وایکردووە كە داوای هاوكاری بكەین لە لایەنە پەیوەندیارەكانی پارێزگای سلێمانی و بێن بەدەم تیمەكانمانەوە بۆ پاككردنەوەی ڕێگا سەرەكییەكان”.

وتیشی: لە ئێستادا بەفربارین بەردەوامی هەیە و تیمەكانی شارەوانی و پۆلیسی هاتوچۆو ڕێگا و بان لەهەوڵی ئەوەدان كە نەهێڵن ڕێگای سەرەكی سلێمانی پێنجوێن دابخرێت، بە تایبەت لە ڕێگای ملكەوە كە ڕێگایەكی سەختەو ساڵانە لەو ڕێگایەدا شۆفێران و هاوڵاتیان ڕووبەڕووی گرفت دەبنەوە.

قائیمقامی شارۆچكەی پێنجوێن، ئەوەشی ڕاگەیاند: لەگەڵ ئەوەی هاتوچۆی ئۆتۆمبیلە بارهەڵگرەكان لەڕێگای مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ڕاگیراوە بەهۆی بەفربارینەوە، هەروەها ئەگەر بەفربارین تا چەند كاتژمێری داهاتوو بەردەوامی هەبێت ئەوا پێدەچێت ڕێگای سەرەكی سلێمانی پێنجوێنیش دابخرێت، بۆیە لەڕێگەی ڕۆژنیوزەوە داوا لەهاولاتیان دەكەین ئەگەر بۆكارێكی زۆر پێویست نەبێت ڕوو لەشارەكانی تر نەكەن.

داواشی لە شۆفێرانیش كرد، لە حاڵەتی زۆر پێویستدا ڕوویان لە دەرەوەی پێنجوێن كرد، دەبێت زنجیر بە تایەی ئۆتۆمبیلەكانیانەوە ببەستن، بەپێچەوانەوە ڕووبەڕووی گرفت دەبنەوەو شۆفێرانی دیكەش بەخۆیانەوە سەرقاڵ دەكەن.

س.ح

Leave A Reply