یەكشەممە, 26 مار 2017 – 09:52
ڕۆژنیوز – ڕێزان محەمەد
لە وەرزی بەهاردا هاوڵاتیان بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش ڕوو لە سهیرانگاکان و شوێنه گشتییهکان دهکهن، بەڵام ئەوەی نیگەرانی لێکەوتووەتەوە ئەوە کە هاوڵاتیان لە دوای تەواوبوونی گەشتەکەیان پاشماوەکانیان لە دوای خۆیان بە جێدەهێڵن و پاکوخاوێنی شوێنە گشتییەکان ناپارێزن.
لەو چوارچێوەیەشدا گەنجێکی شاری سلێمانی کە لە هەمان کاتدا ڕۆژنامهنووسە، بڕیاری ڕاگەیاندنی کەمپەینێکی دا لە ژێر ناوی #پاراستنی_ژینگە_پاراستنی_کەسایەتی_خۆتە، ئەوەش لەلایەن دۆستانی ژنگەوە پێشوازی لێکرا.
هاوکار عهلی، ئەو گەنجەیە کە کەمپەینەکەی ڕاگەیاندووە و بە ڕۆژنیوزی وت: لهپێناو پاراستنی ژینگه و هۆشیارکردنهوهی زیاتری هاوڵاتیان کهمپەینێکم ڕاگهیاندووه، بهوهیوایهی ههمووان پشتگیری بکهن و سروشتی جوانی کوردستان بپارێزین و کاتێکی خۆش له سهیرانگاکان بهسهربهرین.
هاوکار وتیشی: من بە داخەوەم کە کەسانێک هەیە گرنگی بە ژینگە نادات، بەڕاستی پێم سەیرە کە هاوڵاتیان گرنگی بەو هەوایە نادەن کە لە کرداری هەناسەداندا هەڵی دەمژن!، یان گرنگی بەو سروشتە نادەن کە تێیدا کاتێکی خۆشی تێدا بەسەردەبەن و دەژین!.
هاوکار نایەوێت وەک کەسێکی ژینگەپارێز بناسرێت، پێی وایە کە دەبێت هەمووان پاڵەوانی ژینگە بن و ژینگەی خۆیان خۆش بوێت، دڵخۆشی خۆشی نیشاندا لە پشتگیری چەندین کەس لە کەمپەینەکەیداو وتی: زۆر دڵخۆشم کە لە دوێنێوە کەمپەینەکەم ڕاگەیاندووە کەسانێکی زۆر لە ڕۆژنامەنووسان و هونەرمەندان و کەسایەتی سیاسی و هاوڵاتیانی ئاسایی پشتگیریان لێکردووم و لە پێگەی تایبەتی خۆیان کەمپەینەکەیان بڵاوکردوەتەوە.
هاوکار ئاماژەی بەوەشدا: بەنیازم بۆ ژینگە لەگەڵ هاوڕێکانمدا کۆمەڵێک کاری جیاواز بە شێوازی جیاواز بکەین.
ئەو گەنجە نیگەرانی خۆی نیشاندا لەوەی کە ڕێکخراوە ژینگەییەکان هەتا ئێستا پەیوەندییان پێوە نەکردووەو بەشداری کەمپەینەکەشیان نەکردووە.
هاوکار، وتیشی: کات بۆ کەمپەینەکە دانانێم، چونکە گرنگە کە هەموو کاتێک ژینگە بپارێزین و ژینگەی کوردستانمان خۆشبوێت.
جێگای ئاماژەیە، کەمپەینەکە لە ڕێگەی بڵاوکردنەوەی نوسینێک و چەند وێنەیەکی پیسکردنی ژینگەوەیە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک.
نوسینی کەمپەینەکە:
من لای خۆمەوە کەمپینی #پاراستنی_ژینگە_پاراستنی_کەسایەتی_خۆتە ڕادەگەیەنم، ھیوادارم لەگەڵمدابن.
بە توندترین شێوە ئیدانە ئەم کارە قێزەونانە بکەن، پێویستمان بە شۆڕشێکە دژی ئەقڵیەتی دواکەوتویی.
#Hawkar_ali
#پاراستنی_ژینگە_پاراستنی_کەسایەتی_خۆتە
#Protecting_environment_it_means_protecting_your_personality
س.ح