هەموارکردنەوەى دەستور بۆ لەقاڵبدانی هەرێمە یان بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانی عێراقە؟

ناوەندی هەواڵەکان

هەموارکردنەوەى دەستور گرنگترین مژاری دۆخی سیاسی ئێستای عێراقە کە حکومەتى محمەد شیاع سودانى سەرۆک وەزیران جارێکی تر ئەو پرسەى هێناوەتە پێشەوەو ڕەشنوسی هەموارەکەى ئامادەکردوە، هەر لە ئێستاوە ئەو هەموارکردنەوەیە ناکۆکی خستووەتە ناو پێکهاتە نەتەوەیییەکان و  لایەنە سیاسییەکان، بەجۆرێک هەر لایەو دەیەوێت هەموارەکە لە بەرژەوەندی ئەو  دەستکاری بکرێت و بشکێتەوە.

یەکێک لە بەڵێنەکانى محەمەد شیاع سودانى بەر لە وەرگرتنى پۆستى سەرۆک وەزیرانى عێراق هەموار کردنەوەى دەستوری عێراق بوو، سودانى ئەو خاڵەی لە کارنامەی حکومەتەکەیدا جێگیر کردو بە لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەتى واژوو کرد.

لەئان و ساتى تێپەڕبوونى ١٠٠ ڕۆژ بەسەر حکومەتەکەیدا سودانى پڕۆژەى هەمواری دەستوری ئامادەکردو پێشکەشی لایەنەکانى چوارچێوەى هەماهەنگی کرد، ئێستا ئەو پڕۆژەیە لەسەر مێزی لایەنە شییعەکانی چوار چێوەى هەماهەنگییەو لە پشتی پەردەشەوە گفتوگۆ لەگەڵ سوونەکان و بەشێک لە کورد هەیە، تەنانەت هەندێک بەڵێن بە سوونەکانیش دراوە.

هەوڵەکەى سەرۆک وەزیران بۆ هەموارکردنەوەى دەستور وەها لێكدەدرێتەوە بۆ رازیكردنی موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر بێت، كە خۆی ئامادەكردووە بۆ روبەڕووبونەوەی حكومەتەكەی لە ساتی روودانی هەر قەیرانێكدا، پێشتر یەكێك لە خواستەكانی سەدر ئەوە بوو هەندێك لە بڕگەكانی دەستور هەموار بكرێتەوە.

دەستووری عێراق لە ١٤٤ ماددە پێكهاتووە، لە ساڵی ٢٠٠٥ دا ڕاپرسیی لەسەر كراو لەلایەن ٧٨% هاوڵاتیانی عێراقەوە دەنگی پێدرا و پەسندكرا، چەندینجار لە پەرلەمان لیژنەی هەمواركردنەوەی بۆ پێكهێنراوە، بەڵام سەرجەم هەوڵەكان شكستیان هێناوە، ساڵی رابردووش لەژێر فشاری خۆپیشاندەران لیژنەی هەمواركردنەوەی دەستور پێكهێنرا.

ئێستا سەرۆك وەزیرانی عێراق حەسەن یاسری وەک راوێژكاری تایبەت بە كاروباری هەموارکردنەوەى دەستور دامەزراندووە، بڕیارە دوای كۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەری هەر سێ سەرۆكایەتی  حكومەت، پەرلەمان، دەسەڵاتی دادوەریی، نەخشەڕێگای چۆنیەتی ئەنجامدانی هەمواری دەستور یاسری دەست بەکارەکانى بکات.

تائێستا بۆ هەموارکردنەوەى دەستور لیژنەى هەموارەکە پێکنەهێنراوە کە دەبێت لە کەسانى شارەزاو پسپۆڕی دەستوری و یاسایی لەگەڵ نوێنەری پێکهاتەکانی تێدا بێت، بەبێ ئەم هەنگاوە ناتوانرێت دەست بەهەموارکردنەوەى دەستور بکرێت.

شیعە و سوننە رێككەوتوون كە دەستوری عێراقی هەموار بكرێتەوە و تێیدا خاڵی چواری ماددەی سەد و چل و دوو لاببرێت، ئەو بڕگەیەش بریتییە لەوەی  ئەگەر یەک لەسەر سێی سێ پارێزگا هەمواری دەستور ڕەتبكەنەوە ئەوا هەموارەكە ڕەتدەكرێتەوە.

تائێستا هیچ پرسو ڕاوێژێک بۆ ئەو هەموارە بە کورد نەکراوەو کوردیش خۆی بۆ ئەو پرسە نەک ئامادە نەکردوە، بەڵکو هیچ هەماهەنگی و ڕاوێژێک لەنێوانیان دا نییە لەسەر هەمووارکردنەوەی ئەو دەستورە.

ئاژانسی ڕۆژنیوز پەیوەندی کرد بە ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانى کورد لە پەرلەمانى عێراق و چەند بەرپرسێکى لایەنە سیاسییەکانى هەرێم لەبارەى ئامادەکارییەکانی کورد بۆ هەموارکردنەوەى دەستور، بەڵام سەرجەمیان کۆکبوون لەسەر ئەوەى کە تائێستا هیچ هەماهەنگی و ڕاوێژێک لەسەر ئەو پرسە لەنێوانیاندا نییە، لەگەڵ ئەوەشدا جەختیان لەوە کردەوە کە دەبێت بۆ پرسی هەمواری دەستور پڕۆژەی هاوبەشی تایبەتى خۆی هەبێت.

جگە لەوەى ناوخۆی شیعەکان ناکۆکی و بۆچوونى جیاواز لەسەر هەموارکردنەوەى هەندێک لە مادەکانی دەستور هەیە، بەڵام کوردو سوونە دوو بەربەستى سەرەکی بەردەم ئەو هەموارکردنەوەیە دەبن ئەگەر بێت و خواستەکیانیان جێگیر نەکرێت یان ئەو مادانەى تایبەتە بە ئەوان دەستى بۆ ببرێت.

لە چەند ڕۆژی رابردووش بەشێک لە میدیا ناوخۆییەکانى عێراق ئەوەیان ئاشکرا کرد کە لەبەرامبەر رازیبوونی سوننەكان بە هەمواری دەستور بەڵێنی ئەوەیان پێدراوە كە هەرێمی فیدراڵیان بە دەسەڵاتێكی كەمی سنوردارەوە بۆ دروست بکرێت و رێكارەكانی دروستكردنی ئەو هەرێمەش لە هەمواری دەستورەكە روون دەكرێتەوە.

پەیوەست بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بەشێک لە پسپۆڕانى یاسایی لە عێراق و هەرێمی کوردستان پێیانوایە، دەستبردن بۆ هەمواری دەستور کارێکی زۆر هەستیارە، بەتایبەت بۆ کورد، بەو پێیەی ئەو دەستورە زۆر مافی کوردی تێدا چەسپێنراوە، بەڵام لەبەغداوە کەم نین ئەو سەرکردەو لایەنانەى دژی بەو مافانەن کە لەدەستوردا بە کورد دراوە.

بەرپرسانی کورد هەمیشە دەستوری عێراقیان بە باشترین دەستور لەناوچەکە لەقەڵەمداوە کە بە وتەى ئەوان مافەکانى کوردو پێکهاتەکانى دیکەى تێدا جێگیر کراوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام رەخنەیان گرتووە کە حکومەتى عێراق  ٥٥ مادەى دەستوری پێشێلکراوەو مافەکانی هەرێمی کوردستان نەدراوە.

لەبەرامبەر ئەم دەنگە لە هەرێمی کوردستانەوە، لە بەغداش حکومەتى ناوەندو زۆرێک لە سەرکردەو لایەنەکان پێیانوایە کە هەرێمی کوردستان ئەرکە دەستوری و یاساییەکانى خۆی وەک هەرێمێکى فیدراڵی جێبەجێ نەکردوەو وەک دەوڵەتێک لەناو عێراقدا مامەڵە دەکات، بۆ ئەوەش چەند بەڵگەیەک دەهێننەوە لەوانەش فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت و گازو نەگەڕاندنەوەى داهاتەکان بۆ بەغداو دروستکردنى پەیوەندی سیاسی و دیبلۆماسی سەربەخۆ و دەست تێکەڵکردن لەگەڵ وڵاتانى وەک تورکیاو و چەندین پێشێلکاری دێکە.

ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە ئایا هەموارکردنەوەى دەستوری عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانى عێراقە کە زۆرێک لەسەرکردە شیعەکان پێیانوایە بە هەموارکردنەوەى دەستور کێشەکان چارەسەر دەبن یان لە ئەساسدا هەموارکردنەکە بیانوویەکە بۆ ئەوەى هەوارەى هەرێمی کوردستان نەهێڵن یان لە قاڵبی بدەن و بچووکى بکەنەوە؟

بەشێک لەو ماددانەی دەستوری عێراق  کە بڕیارە هەموار بکرێنەوە بریتین لە:

یاسای دادگای فیدراڵی
سیستمی حوكمڕانی عێراق واتە گۆڕینی لە سیستمی پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتیی یان نیمچە سەرۆكایەتی
یاسای لێپرسینەوە‌و دادپەروەریی
بڕگەی تایبەت بە پارێزگاكان
بڕگەی تایبەت بە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان
یاسای نەوت‌ و غاز
ماددەی ١٤٠ی تایبەت بە ناوچە جێناكۆكەكان لەنێوان هەرێمی كوردستان‌ و حكومەتی ناوەندیدا
یاسای دەستە سەربەخۆكان
دەسەڵاتەكانی سەرۆك وەزیران لە هەڵبژاردنی وەزیرو پارێزگارەكان ‌و لادانیان

س. ح

 

Comments are closed.