بایک: مسۆگەر لە هەڵبژاردنی تورکیادا ئاکەپە لە دەسەڵات لادەدرێت

هاوسەرۆکی کەجەکە رایگەیاند، مسۆگەرە کە لە هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیادا ئاکەپە لە دەسەڵات لادەدرێت و دەشڵێت، بە بێ پشتیوانی هەدەپە نە هاوپەیمانی جمهور و نە هاوپەیمانی میلـلەت ناتوانن بیبەنەوە. لە بارەی دۆخی سوریاش شیکردنەوەی ورد دەکات.

جەمیل بایک، هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کوردستان – کەجەکە لە دیدارێکدا لەگەڵ پەیمانگای ئاشتی کورد کە بە زمانی ئینگلیزی ئەنجامدراوە هەڵسەنگاندنی دۆخی ناوخۆی تورکیا و هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە و باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و پەیوەندیەکانی حکومەتی سوریا و دەوڵەتی تورک و مامەڵەی روسیا کرد.

تاهەڵنەکوتنە سەر هێزەکانی گەریلای ئێمە، هێزە سەربازییەکانمان هیچ چالاکییەک ناکەن

لە سەرەتای دیدارەکەیدا هاوسەرۆکی کەجەکە هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی دوای بومەلەرزەکە کردووە و دەڵێت: بینیمان بومەلەرزە بووەتە هۆی چ کاولکارییەک، هەر بۆیە بە باشمان زانی کە هەڵسەنگاندنیکی نوێ لەسەر دۆخەکە بکەین. لەو بڕوایەداین لە وەها دۆخێکی دژوار و ئەستەمدا دەبێت مرۆڤ لە سەرووی سیاسەتەوە مامەڵە بکەن، بەشێوەیەکی ئەخلاقی و بە هەستی مرۆڤانەی زیاترەوە مامەڵە بکەن. هەربۆیە وەک لە راگەیاندنەکانیشەوە بڵاوکرایەوە، بڕیارماندا چالاکییەکانمان رابگرین. لەسەر ناوی هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەری کەجەکە من خۆم ئەو بڕیارەم بۆ هەموو هێزەکانمان و رای گشتی راگەیاند. هێزەکانمان لە گەورەشارەکانی تورکیا و شارەکانی دیکە هیچ چالاکییەک ناکەن. تاهەڵنەکوتنە سەر هێزەکانی گەریلای ئێمە، هێزە سەربازییەکانمان هیچ چالاکییەک نەکەن. بێگومان هەڵوێستی دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە لە بەرامبەر ئەم بڕیارەمان ئاراستە و رەوتی رووداوەکان دیاری دەکات.

لە مێژووی تورکیادا هەرگیز وەک ئێستا کاری گەندەڵی، دزی و پێشێلکاری نەکراوە

بایک لە بارەی هەڵبژاردنەکانی ئەمساڵی تورکیاوە دەڵیت: بە ئەگەری زۆر دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە لە وادەی دیاریکراودا هەڵبژاردن ناکات، لە راستیدا ئاکەپە دۆڕاندوویەتی، وای بۆ دەچم لە مێژووی تورکیادا هەرگیز وەک ئێستا کاری گەندەڵی، دزی و پێشێلکاری نەکراوە. کوڕ، زاوا، کچ، خزم و کەسوکار و دەوروبەرییەکانی ئەردۆغان هەموو بەهۆی کاری گەندەڵی و بەرتیلەوە ناویان کەوتووەتە سەر زار.

لە قسەکانیدا باسی لەوەشکردووە: لەماوەی دەسەڵاتداری ٢٠ ساڵەدا بە ئاشکرا دەرکەوتووە کە دەسەڵاتداری ئاکەپە چەندە نادادپەروەرە، بەرژەوەندیپەرستە، کۆمەڵگاش ئەوەی بۆ دەرکەوتووە، ئابووری تورکیا دەتوانرێت بوترێت لەناوچووە، هەڵاوسان گەیشتووەتە بەرزترین ئاستی ٤٠ ساڵی رابردوو. هەژاری و بێکاری لە بەرزترین ئاستدایە. هاوکات ناسەقامگیری سیاسی زۆر دەبێت. ئاکەپە لەگەڵ سیاسەتی ئێستای جیهانیش یەکناگرێتەوە و ناتەبایە، ئەردۆغان بە مێشکی عوسمانی و نەتەوەپەرستی وشکی خۆی هەموو کەسی کردووە بە دوژمن، هەربۆیە مسۆگەرە کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئاکەپە لە دەسەڵات لادەدرێت.

بە بێ پشتیوانی هەدەپە نە هاوپەیمانی جمهور و نە هاوپەیمانی میلـلەت ناتوانن هەڵبژاردن ببەنەوە

هاوسەرۆکی کەجەکە ڕاشیگەیاندووە: دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە بەدڵنیاییەوە هەڵسەنگاندن بۆ ئەوە دەکات. تاکە کارت کە بەدەستیانەوە ماوە نەتەوەپەرستیە، لە کاتێکدا کە کۆمەڵگا لە هەموو ئاستێکدا برسی کراوە، کۆمەڵگا وەک پێشتر ناکەوێتە ژێر کارتێکەری پرۆپاگەندەی نەتەوەپەرستی، لەو بڕوایەدا نیم کە وەک پێشوو پاڵپشتی لە دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە بکات. ئاشکرایە کە لە هەڵبژاردندا هاوپەیمانی رەنج و ئازادی بە پێشەنگایەتی هەدەپە یەکلاکەرەوە دەبێت. هاوپەیمانی جمهوریش و میلـلەتیش باش ئەوە دەزانن. بە بێ پشتیوانی هەدەپە نە هاوپەیمانی جمهور و نە هاوپەیمانی میلـلەت ناتوانن بیبەنەوە. هەڵبژاردن دوابخرێت و دوانەخرێت ئەو راستیە ناگۆڕێت. بە بڕوای من کامە کاندید یاخود هاوپەمانی بە شێوەیەکی ئەرێنی و یەکگرتوو مامەڵە لەگەڵ چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کەرد و دیموکراتیکبوونی تورکیا بکات، هاوپەیمانی رەنج و ئازادیش پشتیوانی ئەوان دەکات. هەدەپە و پێکهاتەکانی ئەو دۆخە یەکلاکەرەوە و گرنگەی خۆی بەو تێگەیشتنە بەرپرسیارانەیە هەڵدەسەنگێنێت.هەڵبژاردن لە کاتی خۆیشیدا بکرێت بە بڕوای من هەدەپە و هێزە دیموکراسییەکان بۆ ئەوە ئامادەن.

لە بارەی داخستنی هەدەپەوە دەڵێت: وەک دەزانرێت دۆسیەی داخستنی هەدەپە لە ئارادایە، دەسەڵاتداری ئاکەپە-مەهەپە بە ئەگەری زۆر هەدەپە دادەخەن، سیاسەتی دیموکراتیکی کورد، هەروەها هێزە دیموکراتیکەکانی تورکیا ئامادەن بەپێی رووداوە چاوەڕوانکراوەکان لەسەر جێگرەوە و رێگە و رێبازی جیاجیا بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن؛ دەزانم کە بە دۆخی ئێستایانەوە ئەنجامی هەڵبژاردن یەکلا دەکەنەوە.

پەکەکە لە بەرەنگاربوونەوە دژی داعش باج و قوربانی قورسیدا

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا هاوسەرۆکی کەجەکە باسی لە دۆخی سوریا و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کردووە و دەڵێت: بەر لە هەموو شتێک بە پێچەوانەی بانگەشەکانی تورکیا پەکەکە نە سوریا و نە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بۆ هەڕەشەکردن لە سەر ئاسایشی تورکیا بەکارناهێنێت. ئەمە بەتەواوەتی درۆیەکی دەوڵەتی تورکە، دەیەوێت بۆ هێرشە داگیرکەری و قڕکەرییەکانی پاساو دابتاشێت. پەکەکە لە دژی داعش و بۆ پاراستنی کوردان، عەرەبەکان، کریستیانەکان و تەواوی مرۆڤایەتی چووە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. راستیەکە کە پەکەکە لە بەرەنگاربوونەوە دژی داعش باج و قوربانی قورسیدا، بە شێوەیەکی گەورە خۆڕاگری کرد، ئیرادەی داعشی تێکشکاند و سودی بەتەواوی مرۆڤایەتی گەیاند، بەتایبەتی لە قۆناغی کۆبانێدا بەبەڵگە و دۆکیۆمێنت ئاشکرا بوو کە دەسەڵاتداری ئاکەپە چۆن داعشی حەواندەوە و گرتیەخۆ، پەروەردەی کرد، پڕچەکی کرد و رووی کردنە کوردان و گەلانی سوریا. ئەردۆغان لەسەر ئەو بنەمایە و ئەو بڕوایە وتبووی ‘کۆبانێ دەکەوێت و لە لێواری کەوتندایە’. لەبەرامبەر ئەوە بە بەرخودانی گیانبازانەی پەکەکە، یەپەگە، یەپەژە و پشتیوانی هێزەکانی هاوپەیمانان بە پێشەنگایەتی ئەمریکا کۆبانێ نەکەوت، بە پێچەوانەوە؛ کۆبانێ رزگاربوو، بەڵام گورزێکی قورس لە داعشی فاشیست وەشێندرا. پەکەکە دوای شکستی داعش هێزەکانی خۆی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا / رۆژئاوا کشاندەوە، تەنیا گروپێک لە هەڤاڵانی نەخۆش، بەتەمەن و بریندار لەوێ مانەوە.

جەمیل بایک ڕونیدەکاتەوە “پەیوەندی ئێمە لەگەڵ باکور-رۆژهەڵاتی سوریا/ رۆژئاوا نزیکەی نیوسەدەیە بەردەوامە. رێبەر ئاپۆ ٢٠ ساڵ لە سوریا مایەوە. لەو ٢٠ ساڵەدا چاوپێکەوتنی لەگەڵ زۆر لایەن ئەنجامدا، کۆبوونەوەی سازکرد، پەیوەندی دروست کرد. نەک هەر لە ناو کوردان لە رۆژئاوا، بەڵکو لە ناو عەرەب و کریستیانەکانیش بووە جێگەی متمانەیەکی گەورە، بەهایەکی گەورە. خۆی لە خۆیدا کۆمەڵگاکانی عەرەب و کریستیان بە رێپێوان، میتینگ، ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی و بە ملیۆنان واژۆ کە کۆیان کردەوە، ئەمڕۆ ئەو راستییە نیشان دەدەن. هەربۆیە پەیوەندیمان بە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەتەواوەتی لەو چوارچێوەدا بوو. ئێمە پارێزگاری لە گەلانی سوریا لە دژی چەتە فاشیستەکانی داعش کە پشتیوانیان لە دەوڵەتی تورک وەردەگرت، بۆ خۆمان بە ئەرکێکی شکۆمەندانە دانا. هەربۆیە زۆر سروشتییە کە کورد و گەلانی سوریا پەکەکەیان خۆش دەوێت و پشتیوانی لێدەکەن”.

دەوڵەتی تورک وەک منداڵی لوتبەرز و لەخۆبایی ناتۆ هەڵسوکەوت دەکات

باسی ئەوەشی کردووە “ئێستا دەوڵەتی تورک هەڕەشە دەکات کە ئەو دۆخە لە دژی خۆی وەک مەترسی دەبینێت، لەبەر ئەوەش دوای هێرشەکان بۆ سەر عەفرین، سەرێکانی و گرێ سپی دەڵێت کە ئۆپراسیۆنی سێهەمی زەمینی بۆ سەر باکور-رۆژهەڵاتی سوریا دەکات. بە بانگەشەی ئەوەی ‘پەکەکە لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریایە’ دەیەوێت رەوایەتی بەوە بدات. وەک وتم ئەوە درۆیە، چەواشەکارییە. ئێمە باش بە ئامانجە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست دەزانین کە لە سەرەدەمی عوسمانییەوە ماونەتەوە. خۆی لە خۆیدا ئەردۆغانی فاشیستیش خۆی وەک خەلیفەی پێنجەمی عوسمانی دادەنێت. گرێ و دەرونناسی ئەوی بەم جۆرەیە. ئەو ئامانجە شاراوە و ئاشکرایانەی بە پشت بەستن بەوەی دووەم هێزی هاوپەیمانی ناتۆن جێبەجێ دەکات. وەک منداڵی لوتبەرز و لەخۆبایی ناتۆ هەڵسوکەوت دەکات”.

وتوسییەتی: هەم پشت بە ناتۆ دەبەستێت و هەم لەناو هاوسەنگییەکانی ئەمریکا-روسیادا یاری دەکات، هەمیش لە باکوری ئەفریقاوە تا سوریا-رۆژئاوا و عێراق و باشور لە هێرشەکانیدا سنوورەکان ناناسێت. هەربۆیە دەسەڵاتداری فاشیستی ئاکەپە نەک هەر لە سەر کوردان، بەڵکو لەسەر تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست مەترسییە، بە بڕوای من هەڕەشە لە سیاسەتی جیهانیش دەکات.

لە بارەی ئەنجامدانی هێرشیکی نویی دەوڵەتی تورک بۆسەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بایک ڕایگەیاند: هێرشی نوێی داگیرکەری کە دەوڵەتی تورک بیری لێدەکاتەوە وەک هێرشەکانی یەکەم و دووەمی داگیرکەری ئاسان نابێت، سەرکەوتووش نابێت، بە بڕوای من گەلانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە قۆناغی رابردوو وانە و ئەنجامی گەورەیان وەرگرتووە، لە لێدوانەکانیانەوە تێدەگەین کە لە بەرامبەر هێرشێکی چاوەڕێکراوی داگیرکەری ئامادەکاری گەورەیان کردووە. جگە لە بەرخودان لە ئاستی سەرکەوتن و بەرخودانی رێکخراو رێگەی دیکە لەبەردەم کورداندا نییە. ئەوەشی بیەوێت کۆچ بکات شوێنێکی دیکە نییە بۆی بچن. لەو بڕوایەدام کە گەلی باکور-رۆژهەڵاتی سوریا بە ئەزمونی قۆناغی رابردوو بەم تێگەیشتنە هەرگیز رێگە بە داگیرکەری نادەن.

ڕوسیا بەهەموو هێز و دەرفەت و تواناکانییەوە پشتیوانی لەسوریا کردووە

لە بارەی پەیوەندی و مامەڵەی ڕووسیا لە سوریا هاوسەرۆکی کەجەکە ڕونیکردەوە: بوونی ڕوسیا لە دەریای سپیدا، کاریگەری لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە پەیوەندیی لەگەڵ سوریادا و ڕێکەوتنێکی ٥٠ ساڵە هەیە، بۆیە ڕوسیا بەهەموو هێز و دەرفەت و تواناکانییەوە پشتیوانی لەسوریا کردووە، لەڕووی سەربازی و ئابوورییەوە پشتیوانی لێکردوە و لە پلاتفۆرمە نێونەتەوەییەکاندا بەرگری لێکردووە.

هاوسەرۆکی کەجەکە هەوڵەکانی ئەمریکای لە سوریا لەگەڵ گروپە ئیسلامیەکان بەبیر هێناوەتەوە و لەو بارەیەوە دەڵێت “ئەمەریکا خواستی بە پڕۆژەی پەروەردەکردن و ڕاهێنان و چەکدارکردن و بڵاوکردنەوەی هێزە ئیسلامییە میانڕەوەکان لە سوریا کاریگەریی هەبێت. پڕۆژە سەرەتاییەکەی ئەمریکا ئەوەبوو، بەو هێزە ئیسلامییە ساختانە لەگەڵ تورکیا، لەسەر خاکی تورکیا راهێنانیان پێ بکات، پڕ چەک و ئامادەیان بکات. بە تێپەڕبوونی کات ئەو پڕۆژەیە سەری نەگرت، چونکە بەڕاستی ئەو هێزانە بێ کەسایەتی و ناتەبا بوون”.

بایک لەو بارەیەوە وەها درێژە بە قسەکانی دەدات ئەو هێزانە “لە ئاستی پێویستدا نەبوونە جێگا متمانەی ئەمریکا. ئەو پەیوەندییە، کە دەوڵەتی تورک لەگەڵ ئەم گروپانەدا هەیبوو زۆر جیاواز بوو، لە ڕووی ئایدۆلۆژییەوە لێیان نزیک بوو. دەوڵەتی تورک لە ژێرەوە ئەوانەی ڕێکدەخست و هەوڵیدا بیانخاتە ژێر کاریگەریی خۆی. لەبەر ئەوەش ئەم پڕۆژەیە لەلایەن ئەمریکاوە سەرکەوتوو نەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا ئەمریکا لە پەیوەندیدایە لەگەڵ هەندێک لەو گروپانە لە باکوری سوریا و ئیدلب و ناوچەکانی تر. ئەمریکا لەدوای دروستکردنی  پەیوەندی لەگەل قەسەدە زیاتر لە سوریا کاریگەری بۆ دروستبوو، بێگومان وەک هێزێکی ناتۆش پەیوەندیی لەگەڵ تورکیا هەیە، کە ناوچەیەکی گەورەی لەباکوری سوریا داگیرکردووە”.

وتوشیەتی: ئەو ئەنجامەی دەردەکەوێت، ئەوەیە بارودۆخ و داهاتووی سوریا بەتەنیا لەلایەن ڕووسیاوە دیاری ناکرێت و بە تەنیاش  لەلایەن ئەمریکاوە دیاری ناکرێت. لەم چوارچێوەیەدا پرۆسەکە بەشێوەیەکی ناکۆک و شەڕ و کێشەداربوونەوە بەردەوامە.

لە بارەی پەیوەندییەکانی روسیا و تورکیاش رونیکردووتەوە: پەیوەندیی نێوان ڕوسیا و تورکیا هەمیشە کێشە بووە، لەسیاسەتەکانی پەیوەست بەجیهان و ناوچەکە هەمیشە لە یەک دوور و ناکۆک بوون، پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ڕوسیا و سیاسەتەکانیان بە زۆری ئاڵۆز و قەیراناوییە، دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە بە پشت بەستن بە هێزەکانی ئەرگەنەکۆن و ئۆراسیا لە ئاستێکدا، کە ئاستێکی بچووک نیە مەیلی بەرەو ڕوسیا هەیە، بەڵام لە کۆتایی کۆتایی دا جیابوونەوە و دابڕانی تورکیا لە ناتۆ وەک ئەگەرێکی زۆر لاواز دەبینرێت. بەم شێوەیە تورکیا ئەندامێتی خۆی لە ناتۆ، ئەگەر وتەیەکی لە جێدا بێت، لە دژی ناتۆ وەک ئامرازێک بەکاردەهێنێت. واتە بۆ ئەوەی بتوانێت زیاتر باج، یان سازش لە ئەمریکا و ئەوروپاوە بەدەست بهێنێت، هەمیشە دەیەوێت ئەلتەرناتیڤی ڕوسی بە بیریان بهێنێتەوە. بێگومان ئەم سیاسەتە سیاسەتێکی بێ پێوەر و بێمانایە. ڕوسیاش هەر وەک تورکیا نزیکدەبێتەوە، واتە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ دەوڵەتی ئاکەپە بەتەواوی ئاڵۆزە. ئەگەرنا لە سیاسەتەکانی پەیوەندیدار بە دەریای سپی، ئاسیا، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بە تایبەتی سەبارەت بە سوریا لە ڕووی بەرژەوەندییەوە لە یەکتر دوورن.

دەسەڵاتی ئاکەپە لە هەوڵی بەدەستهێنانی باج و سازش لە ئەمریکا و ئەوروپا بووە

ئەوەشی تووە: هەرچەندە چەندین هەنگاوی دەسەڵاتی ئەردۆغان لەگەڵ بەرژەوەندی ئەمەریکا و ئەوروپادا نایەتەوە، بەتایبەتی ئەمریکا بێ هەڵوێستی دەگرێتەبەر، دەسەڵاتی ئاکەپە زیاتر لەخۆبایی و ڕاشکاو بووە و لەسەر ئەم بنەمایەش دەسەڵاتی ئاکەپە لە هەوڵی بەدەستهێنانی باج و سازش لە ئەمریکا و ئەوروپا بووە.

لە بارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی دەوڵەتی تورک و حکومەتی سوریا بایک رونیکردووەتەوە “ئەردۆغان و دەسەڵاتی ئاکەپە – مەهەپە لە هەموو لایەکەوە تووشی کێشە بوون و لە تەنگاویدان. بەتایبەتی لەپڕۆسەی هەڵبژاردندا پێویستییان بەوە هەیە، هەناسەیەک بە بەریاندا بێتەوە. ئەردۆغان لەسیاسەتی سوریادا بە ببنبەست گەیشتوە. ئەگینا نەدەکەوتە دوای ڕێککەوتن لەگەڵ سوریادا. دەبێت مرۆڤ هەڵیسەنگێنێت و تێبگات، کە ئایا ئەمەش هەڕەشەیەکە لە دژی ئەمریکا و ئەوروپا یان نا. سەرەڕای ئەوەش، مرۆڤ لەوە تێدەگات، کە ئەردۆغان و ئاکەپە زۆر تەنگاو بوون و دەیانەوێت پەیوەندی لەگەڵ سوریا ڕاست بکەنەوە، دەوڵەتی ئەردۆغان – ئاکەپە تا کۆتایی پشتگیریی چەتە فاشیستەکانی داعش و نوسرە-ی کردوو. کوژرانی بەغدادی سەرکردەی داعش لە ئیدلب و تەنیا چەند کیلۆمەترێک لە دووری سنوری تورکیا و چەندین ڕووداوی لەو جۆرە نیشانەی ئەو ڕاستییەن. ئەو چەتانە، کە ژمارەیان دەیان هەزار کەسە وەک ئەوەی ئێستا ئیدی قورساییان کەوتووەتە سەر تورکیا، واتە بوون بە کێشە. دەسەڵاتی ئەردۆغان- ئاکەپە نە دەتوانێت دەستبەرداری ئەمانە بێت و نە دەتوانێت بە تەواوی درێژە بە ستراتێژی خۆی لەسەر ئەو گروپە چەتانە بدات”.

باسی لەوەشکردووە: هەتا بەشێکی بەرچاوی خاکی سوریا داگیر بکات و پشتیوانی لەو چەتانە بکات، هەتا لە ناوچە داگیرکراوەکان نەکشێتەوە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتی سوریا و تورکیا قورسە. لە بەرامبەر ئەوەدا هەتا دەوڵەتی تورک پەیوەندیی لەگەڵ سوریادا چاک بکاتەوە، ئاشکرایە ئەو دەیان هەزار چەتە چەکدارە دەبنە کێشەیەکی سەرەکی بۆ تورکیا، بۆیە کاری دەوڵەتی ئاکەپە ئاسان نییە. دەوڵەتی سوریا لەم بوارەدا زۆر سازش بۆ تورکیا ناکات، چونکە تورکیا تەنیا خاکی سووریای داگیر نەکردووە، بەڵکو زەوتیشی کردوە، دروست نییە، کە مرۆڤ چاوەڕێ دەوڵەتێکی خاوەن سیادی، واتە دەوڵەتی سوریا لەم هەلومەرجەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا ئاسایی بکاتەوە. ئەردۆغانیش هەوڵدەدات پرۆسەکە بەڕێوەببات تا هەڵبژاردن، واتە بەردەوام بێت ئەگەرنا، ئاسان نییە بڕیاری ستراتیژی نوێ بدرێت. لە هەر لایەکەوە هەڵبسەنگێنرێت ئەوە ڕوون دەبێتەوە، کە ئەردۆغانە کێشەدارە.

سوریا لە دۆخێکدایە، کە دەستتێوەردانێکی زۆری تیادا کراوە و بەم نزیکانە و بە ئاسانی چارەسەرێک نابینرێت

هاوسەرۆکی کەجەکە لە بەشیکی دیکەی قسەکانیدا وتویەتی “سوریا لە دۆخێکدایە، کە دەستتێوەردانێکی زۆری تیادا کراوە و بەم نزیکانە و بە ئاسانی چارەسەرێک نابینرێت. ئەوەی پێویستە ڕووبدات، سوریایەکی دیموکراتیک و نوێیە. واتە دەبێت دیموکراتیک ببێت. باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا زیاتر لە ١٠ ساڵە بە مۆدێلی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک خۆی بەڕێوەدەبات. لێرەدا هەموو گەلان، باوەڕ و کولتوورەکان بە ئازادی و دیموکراسیانە درێژە بە ژیانیان دەدەن. بێگومان دەبێت ئەم شێوازە دێموکراسییەی ژیان و پێگەی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک بپارێزرێت،  بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت بە دڵنیاییەوە دەوڵەتی سوریا گۆڕانکارییەکی دیموکراتیک ئەنجام بدات”.

دەشڵێت: قبووڵکردنی بەڕێوەبەریی خۆبەڕێوەبەری سوریا نابێتە هۆی لاوازبوونی سوریا، بەپێچەوانەوە سوریای دیموکراتیک بەهێز دەکات و دەبێتە هۆی زیاتر بەهێزکردنی. ئەگەر سوریا دیموکراتیک نەبێت ئەوا ئەو ڕووداو و پێشکەوتنانە، کە لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ڕوویان داوە،  نابینرێن، لە مێشکدا گۆڕانکاری نەکرێت، هۆشمەندی و ئیرادەیەکی دیموکراتیانە نەئافرێنرێت، بێگومان ئەمە دەبێتە گرفت و کێشە.

لە بارەی دۆخی باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا ئاماژەی بەوەکردووە: بێشک پارێزگاری لە دۆخ و پێگەی خۆبەڕێوەبەری دەکەن، چونکە ئەو ژیانە دیموکراتیک و ئازادەیان بە نرخ و قوربانیدانێکی گەورە دروست کردووە، بۆیە پێویستە هەموو ئەو هێزانە، کە دەیانەوێت سوریا دیموکراتیک بێت، دەبێت پشتگیری لە کۆمەڵگا و کلتور و بیروباوەڕەکانی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بکەن، کە دەیانەوێت بە شێوەیەکی دیموکراسیانە و ئازادانە بژین. لەگەڵ ئەوەشدا لە سوریادا چەندین بیروباوەڕ، کلتور و زۆرێک لە کۆمەڵگە ئیتنیکییەکان هەیە، ئێمە هەموو جۆر و  شێوازەکانی نەتەوەپەرەستیی ئەتنیکی و ئایینی و کولتووری ڕەتدەکەینەوە. لەسەر ئەم بنەمایە هەموو جۆرە هەوڵێک بۆ چارەسەری بە ئەرێنی دەزانین و پشتیوانی لەو هەوڵانە دەکەین.

ها-ع

 

Comments are closed.