زمان و کەلتوور و هونەری کوردی لە فێستیڤاڵێکدا

کچانی خوێندنگەی ڕەنگین لە فیستیڤاڵێکدا، بە سیمینار، شانۆ، گۆرانی، هەڵپەڕکێ و نمایشی جلوبەرگ، وەک هەوڵێک بۆ زیندوکردنەوەی مێژوو و زمان و کەلتوور و هونەری کوردیی چەندین چالاکی خۆراوجۆریان نمایش کرد.

ئەمڕۆ لە خوێندنگەی ڕەنگینی کچان لە شاری سلێمانی، فیستیڤاڵێکی هونەریی و نەتەوەیی بەڕێوەچوو، تێیدا لەلایەن خوێندکارانەوە چەند چالاکییەکی جیاواز پێشکەشکران، کە تایبەت بوون بە شوناس و ناسنامەی کورد.

فیستیڤاڵەکە بە سروودی ئەی ڕەقیب دەستیپێکرد و وتاری کردنەوەی فیستیڤاڵ لەلایەن بەڕێوەبەری خوێندنگەکەوە پێشکەشکرا.

دواتر لەلایەن، فەرەیدون عەبدول بەرزنجی، لەبارەی مەترسییەکانی سەر زمانی کوردی وتارێک پێشکەشکرا و وتی: ئەوەی ئێمەی هێشتووەتەوە وەک نەتەوە تەنها زمانەکەمانە، بەڵام لەدوای ڕاپەڕینەوە حکومەتی کوردی گرنگییەکی ئەوتۆی بە زمان نەداوە، هاوکات چەندین خوێندنگای ئینگلیزی و عەرەبی و تورکی و بیانییان کردەوە و لەسەرەتاییەوە منداڵەکانیان خستەبەر خوێندنی زمانی بیانی، ئەمە خیانەتە لە زمانی کوردی، ناوەندەکانی لێکۆڵینەوە و ئەکادیمیش گرنگی پێویستیان بە زمان نەداوە و هەندێک جار هەوڵی تێکدانی زمانیش دراوە بە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوە.

دواتر لەلایەن ژمارەیەک لە خوێندکارانی هونەرمەندەوە چەند سروودێکی نەتەوەیی پێشکەشکرا و گرووپی شانۆی خوێندنگەش  شانۆکەرییەک بەناونیشانی ” دوو دانە دوو دەکاتە یەک” نمایشکرد کە تێیدا داگیرکاریی و پەرتکردن و هەوڵی توانەوەی کورد نیشاندرا و جەختیان لە یەکپارچەیی کوردستانی گەورە کردەوە.

دواتر لەلایەن سێ خوێندکارەوە سمینارێک لەسەر ڕیشە و مێژووی کورد و زمانی کوردی و کەلتوور و هونەری کوردی پێشکەشکرا.

بە نمایشکردنی جلوبەرگیش، جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی هەرچوارپارچەی کوردستان نیشاندرا بەشی کۆتایی فێستیڤاڵەکەش بە ئاهەنگ کۆتایی هات.

ها-ع

 

 

 

Comments are closed.