ژینگەپارێزێک.. کارەکەی ماندووی ناکات توانجی هاوڵاتییان و شۆفێران نەبێت

چەمچەماڵ

سەر لە بەیانییە و لە ڕێگایە بۆ چوونە سەر کارەکەی، بۆ ڕاییکردنى کارەکەی ماتۆڕسکیلێکی پێیە و پێی دەچێتە سەرکار.

 لە شوێنێکدا ماتۆڕسکیلەکەی ڕادەگرێت و کەل و پەلەکانى کارەکەى دەردەهێنێت و دەست بە کار دەکات، کاری ئەو ژینگەپارێزە پاککردنەوەی شەقام و شۆستەکانە.

ئەو ژینگە پارێزە ناوی سەیوان سیروانە و تەمەنی ٢٨ ساڵە و خەڵکی شارۆچکەی چەمچەماڵە، خێزاندارە و بە کاری ژینگەپارێزی بژێوی ماڵ و منداڵەکەى دابین دەکات.

سەیوان وەک خۆی باسی دەکات، بەیانیان کاتژمێر پێنج هەڵدەستێت و کاتژمێر شەش دەڕوات بۆ سەر کارەکەی و تا کاتژمێر ١ـی پاشنیوەڕۆ کاردەکات، بەهۆی قورسی و ناڕەحەتى کارەکەیەوە جار جار پشوو دەدات و هەڵدەستێتەوە دەست بە کارکردن دەکاتەوە.

ئەمڕۆ ١ـی ئایارە ڕۆژی جیهانی کرێکارانە و کرێکاران لە زۆرینەى وڵاتانى جیهان بەدەست نەبوونى مافەکانیانەوە دەناڵێنن، کە سەلامەتى تەندرووستی و پیشەییان نەپارێزراوە، هاوکات مووچە و ماف و پێداویستییەکانى پاراستنیان پێنادرێت، مافەکانیان لەلایەن خاوەن کار و حکومەتەکانەوە پێشێل دەکرێن.

سەیوانیش وەک هەر کرێکارێکی دیکەى هەرێمی کوردستان ماف و ئیمتیازاتەکانى پێنەدراوە و بەدەست دواکەوتنى مووچەکەیەوە گیری خواردووە، ئەوە جگە لە ڕەچاونەکردنی مافەکانی دیکەى لایەن خاوەنکار و حکومەتى هەرێمەوە.

سەیوان دەڵێت: بە سێ مانگ جارێک مووچەیەکمان پێدەدرێت، ئەگەر پێنج خولەک لە کار دوا بکەوین سزا دەدرێین، ئەو باس لەوە دەکات، هیچ شوێنێک نییە بۆ چارەسەری ئەو کرێکارانەی لە کاتی کارکردندا بریندار دەبن.

ئەم ژینگەپارێزە، بەمجۆرە وەسفی ژینگە و پاک و خاوێنی دەکات و دەڵێت: ژینگە بریتییە لە پاک ڕاگرتنی ئەو شوێنانەی، کە لێی نیشتەجێین، بۆیە پێویستە هەمووان پێکەوە هاوکاری یەکتری بکەین و ئەو شوێنانە بە پاک و خاوێنی ڕابگرین، کاتێک شتێک دەخۆن فڕێی نەدەنە سەر شەقامەکان، بەڵکوو لە هەموو شوێنێک سەلەی خۆڵ دانراوە و بیخەنە ناوییەوە.

سەبارەت بە خەرجی ژیانی ڕۆژانەى ئەو پارەیەی پەیدای دەکات، سەیوان ڕوونیدەکاتەوە، بۆ هەر ڕۆژێک لە کارکردن تەنها ١٠هەزار دینار وەردەگرێت سێ هەزار دەدات بە خواردن و هاتووچۆکردن، هەروەها حەوت هەزاری بۆ دەمێنێتەوە، وەک خۆی دەڵێت: نازانێت ئەو بڕە پارەیە بە چی بدات، ئەمە جگە لەوەی مووچەکانییان دوا دەکەوێت تا ئاستی ئەوەی سێ مانگ جارێک مووچەیەکی کەمیان پێ دەدرێت.

پاککردنەوەى شەقام و ڕێگا سەرەکییەکان و شوێنە گشتییەکان دراون بە کەرتى تایبەت و لەلایەن کۆمپانیاکانەوە ژینگەپارێز دابین کراوە و ئەرکی پاککردنەوەى ئەو شوێنانەیان پێدراوە، بەڵام ئەو کۆمپانیانە وەک پێویست مافەکانی کرێکارەکانیان دابین ناکەن و بگرە بۆ ماوەى چوار بۆ شەش مانگ مووچەکانیان دوادەخەن بەبیانووی ئەوەى حکومەت پارەى کۆمپانیاکان نادات.

جگە لەوەش بەشێک لەو کرێکارانە بەهۆی کارەکانیان بریندار دەبن یان لەسەر شەقامەکان دەبنە قوربانی تیژڕەویی ئۆتۆمبێلەکان یاخود بە تەزووی کارەبا یان بەهۆی گەرما و سەرماوە گیانیان لەدەست دەدەن و بریندار دەبن، بەڵام لەو حاڵەتانەدا ڕەچاوی دوای مردن و برینداربوونیان ناکرێت و خاوەن کۆمپانیاکان و حکومەت ئاوڕیان لێنادەنەوە.

 سەیوان ڕەخنە لە بەشێک لە هاوڵاتییان دەگرێت کە مامەڵەی شیاویان بەرامبەر ناکەن و سوکایەتیان پێدەکەن، دەشڵێت: ڕۆژی وا هەبووە لە نهۆمی دووەمی ماڵەکەیەوە کیسە خۆڵەکەیان کێشاوە بەسەرماندا، ئەمەش بۆ ئەو هەستێکی ناخۆشی بۆ درووست کردووە و بۆ جۆرێک وێنای دەکات، کە ئەمە بە کەم سەیرکردنی پیشەکەیانە.

جگە لە هاوڵاتییانیش ئەو ژینگەپارێزە، باس لەوە دەکات، بەشێک لە شۆفێرەکان هەست بە بەرپرسیاریەتی ناکەن بەرامبەر بە ژینگەپارێزان، کاتێک بەلایاندا تێدەپەڕدەبن بە بەرچاویانەوە خاشاکی ناو ئۆتۆمبێلەکەی فڕێ دەداتە دەرەوە و دواتریش دەبێت ژینگە پارێزێک کۆی بکاتەوە، یاخوود هەندێک جار شۆفێرەکان بەدەستی ئەنقەست ئاوێنەی ئۆتۆمبێلەکەیان دەکێشن بە جەستەیدا.

لەسەر دواکەوتنى مووچەکانیشیان، ئەو ژینگەپارێزە ئەوەشی وت: لە پێش مانگی ڕەمەزانەوە مووچەی مانگێکمان پێدراوە و لەناو مانگی ڕەمەزاندا نیوەی مووچەکەیان پێ دوایین، دواتریش مووچەی دوو هەفتەیان لێ بڕین بەهۆی بایکۆتکردنی کارەکانمانەوە، کە ئەوەش بارگرانییەکی زۆری بۆ درووست کردووین، هەرچەندە ئێستا مووچەکەمان دوا دەکەوێت سەرەڕای ئەوەش لەبەرامبەر هەڵەیەکی بچووکدا ڕاستەوخۆ سزامان دەدەن.

سەبارەت بە خەون و خولیاکانی سەیوانی ژینگەپارێز، باسی لەوە کرد، کە ئارەزووی لەوەیە ئەگەر هاتوو ژینگەپارێز نەبووایە، ئەوا حەزی دەکرد فرۆشگایەکی جل و بەرگ یاخود جوانکاری ئۆتۆمبێلی هەبووایە، بەڵام بە هۆکاری کەمی مووچە و خراپی باری دارایییەوە نەیتوانیوە تا ئێستا ئەو خەونەی بەدی بهێنێت.

زۆر کارکردن بە کرێکاران یەکێکی دیکەیە لەو پیشێلکاریانەى بەرامبەر کرێکاران دەکرێت و تەنانەت لەکاتى نەخۆشی و ڕووداوەکانیشدا بەزۆر کاریان پێدەکرێت و دەبرێنەوە بۆ سەر کار، بۆ ئەوەش سەیوان سیروان ڕوونیدەکاتەوە،کاتێک کرێکارێک یاخود ژینگەپارێزێک بریندار دەبێت و تووشی ڕووداوێک دەبنەوە و سەردانی پزیشک دەکەن و پزیشک پێیمان دەڵێت، بۆ ماوەی هەفتەیەک نابێت بچیتەوە سەر کار، بەڵام بەداخەوە کۆمپانیای خاوەنکار ئەو چەند ڕۆژە مۆڵەتی پێنادات و لەباشترین حاڵەتدا یەک ڕۆژ مۆڵەت دەدات.

بەپێی ئامارێکی سەندیکای کرێکارانی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا ٧٣ کرێکار گیانیان لەدەستداوە و لە ساڵی ٢٠٢٤ـدا ٢٠ کرێکار گیانیان لەدەستداوە کە زۆرینەیان بەهۆی کەوتنە خوارەوە و داڕمان و تەزووی کارەباوە بووە.

هـ.ح

Comments are closed.