“بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان بیر و هۆش لەدەستدەدەن و توانای ژیانیان نامێنێت”

سلێمانی

پسپۆڕێکی دەرمان و ماددە ژەهرییەکان لەبارەی ئاڵوو دەبوون بە ماددە هۆشبەرەکان و مەترسیی و کاریگەرییەکانی لەسەر کەسی بەکارهێنەر ئاشکرا دەکات، بەکار هێنانی ماددەی هۆشبەر دەبێتە هۆکاری داڕووخانی تاکەکانی نێو کۆمەڵگا و کاریگەری خراپ دروست دەکەن لەسەر جەستە و بیر و هۆشی مرۆڤ و توانای کۆنترۆڵکردنی ژیانیان نامێنێت.

بەپێی لیژنەی ماددە هۆشبەرەکانی سەر بە ڕێکخراوی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، مادەی هۆشبەر ئەو ماددە خاو و ئامادەکراوانەن، کە تایبەتمەندی وریاکەرەوە و ئازارشکێنیان تێدا بێت و بەکار بهێنرێت جگە لە بواری پزیشکیی و پیشەسازیی سوودبەخش، باری ڕاهاتن دروست دەکەن لە ڕووی جەستەیی و دەروونییەوە زیان بە تاک و کۆمەڵگە دەگەیەنن، بەگوێرەی ئاماری لیژنەکە، لە هەموو جیهاندا ٢٩٦ ملیۆن کەس ماددەی هۆشبەر بەکار دەهێنن.

سەبارەت بە ئالوودە بوون و جۆرەکانی ماددەی هۆشبەر و کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر کەسانی بەکارهێنەری ماددە هۆشبەرەکان و چۆنیەتی چارەسەرەکانی، دکتۆر دڵشاد محەمەد، وەک پسپۆڕێکی دەرمان و مادە ژەهرییەکان بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

” بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان ناتوانن ژیانی ئاسایی خۆیان بەڕێ بکەن و بیر و هۆشیان لەدەست دەدەن”

لە سەرەتای چاوپێکەوتنەکەدا، دڵشاد محەمەد، بەم جۆرە لەبارەی ماددەی هۆشبەرەوە وتی: ماددەی هۆشبەر بە شێوەیەکی گشتیی بریتییە لەو ماددانەی کە تا حاڵەتی لە هۆشچوون و کرداری تێکچوونی بیر و هۆشی کەسەکانە و دەبێتە هۆی ئالوودە بوون، هەروەها ئەو ماددانەی کە کەسێک بەکاری دەهێنێت، لە داهاتوودا ناتوانێت بەبێ بوونی ئەو ماددەیە ژیانی ئاسایی خۆی بەڕێ بکات، بە هۆکاری ئەوەی کۆمەڵێک گۆڕانکاری تێدا دروست دەکات بەبێ ئەو ماددانە توانای بەردەوامیدانی بە ژیان نامێنێت، یاخود بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی هەیەتی پەنا دەباتە بەر بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر.

ڕوونیکردەوە، جۆرەکانی ماددەی هۆشبەرەکان زۆرن، بە شێوازی دەرزی و پاودەر و حەب و شرووب چەندین جۆری تر بوونیان هەیە، هەروەها بە تێکەڵکردنی لەگەڵ نێرگەلە و ڤەیپ، یاخود هەندێک جار کەسەکان خۆیان بەکاری دەهێنن، مەترسی ئەمەش لەوەدا زۆر کات بەکارهێنەرانی جگەرە و ڤەیپ و نێرگەلە، بەبێ ئاگاداری خۆیان تێکەڵ دەکرێت و بەکاری دەهێنن.

“دەرمانە ئازار شکێنەکان دوای سێ مانگ دەبنە هۆی ئالوودەبوون”

دکتۆر دڵشاد محەمەد ئاماژەی بەوە کرد، ئەو کەسانەی بەکارهێنەری دەرمانە ئازارشکێنەکانن، حەزێکیان بۆ دروست دەبێت کە وایان لێ دێت بۆ خۆشی خۆیان ئەو دەرمانە بەکار بهێنێت، یاخود بۆ لابردنی ئازارەکەی هەوڵ دەدات ئەو ماددەیە بە دەست بهێنێت و وا دەکات کە بیر و باوەڕێکی بۆ دروست ببێت، کە بەکارهێنانی سوودی بۆی دەبێت، بەڵام ئەگەر بەکارهێنەر زیاتر لە سێ مانگ دەرمانی ئازار شکێنەر بەکار بهێنێت ئەوا هەمان میکانیزمی ئالوودەبوونی بۆ دروست دەبیت.

ئەو پسپۆڕەى بوار ماددە هۆشبەرەکان، سەبارەت بە کاریگەرییە خراپەکانی، ماددە هۆشبەرەکان، لەسەر جەستە و تەندروستی مرۆڤ، باس لەوەش دەکات، بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بۆ مرۆڤەکان، کاریگەری خراپ دروست دەکەن لەسەر جەستە و بیر و هۆشی مرۆڤ و زیان دەگەیەنێت بە دڵ و دەبێتە هۆکاری تێکچوونی لێدانی دڵ، هەروەها لە کار خستن و سستکردنی گورچیلەکان و کۆمەڵێک گۆڕانکاری لە مێشکدا، دروستکردنی کاریگەری لەسەر ئۆرگانەکانی دیکەی جەستە وەک سستکردنی جگەر.

” ڤەیپ و جگەرە و نێرگەلە هۆکارێکی دیکەى سەرەکی ئالوودەبوونن بە ماددە هۆشبەرەکان”

هەروەها سەبارەت بەوەی کە کام توێژ زیاتر ئالوودەی ماددە هۆشبەرەکان دەبن و کاریگەریی زیاتریان لەسەر هەیە، ئەو دکتۆرە وتی: ئەوەی دەیبینین لە بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان، زیاتر کەسانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵە، بە جۆرێک بەبێ ئەوەی ئاگادارین لە ڕێگەی ڤەیپ و جگەرە و نێرگەلەوە تووش دەبن و ئالوودە دەبن بە ماددە هۆشبەر و زیان بەخشەکان، ئەمەش بۆ حەزێکی کاتییە، کە پێیان دەبەخشێت و تەمەنیشیان خوار ١٨ ساڵە، بەداخەوە ئامارێکی فەرمی و ڕوون لە بەردەستدا نییە، بەڵام لە بەگشتیی لێرە و لە جیهانیش بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر زیاتر کەسانی تەمەن خوار ١٨ ساڵ بەکاری دەهێنن و تووشی ئالوودەبوون دەبن.

دکتۆر دڵشاد محەمەد، دەربارەی هۆکار و زۆربوون و گەشەسەندنی ماددە هۆشبەرەکان، ئەوەی خستەڕوو، -هۆکارەکەی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و نەبوونی فلتەر لەسەر بابەتەکان و ڕێکلام کردن بۆ ماددە زیان بەخشەکان، ئەمەش وای کردووە ڕووکەشێکی جوان بدات، هەرچەندە سەرەڕای ئەوەی کە بابەتێکی ترسناکە ئەمەش وای کردووە زۆربەی تاکەکان گیرۆدەی ئەم بابەتە بن و بە جوان نیشاندانی بە کەسەکان.

” پێویستە خێزانەکان ڕۆڵی خۆیان هەبێت لە کۆنترۆڵکردن و پەروەردەکردنی منداڵەکانیان”

لەبارەی گرنگی ڕۆڵی خێزان، دکتۆر دڵشاد محەمەد، باسی لەوە کرد، پێویستە خێزانەکان ڕۆڵی خۆیان هەبێت لە کۆنترۆڵکردن و پەروەردەکردنی منداڵەکانیان بە شێوەیەکی تەندروست و دووریان بخەنەوە لە بینینی ئەو بابەتە زیان بەخشانە، هەروەها ڕۆڵی حکومەتیش گرنگە، بە جۆرێک پێویستە چەند یاسایەکی توند دەر بکات بۆ ئەوەی بەرەنگاریان ببێتەوە و مامەڵەیەکی وایان لەگەڵدا بکات تا ئەو جۆرە بازرگانییە بەردەوامی پێ نەدرێت و ڕووبەڕووی دادگا بکرێنەوە.

ئالوودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان بێ چارەسەر نییە و چەند ڕێگەیەک هەیە بۆ ڕزگارکردنى کەسی تووش بوو یان ئالوودە بوو، لەوبارەیەوە ئەو پسپۆڕە سەبارەت بە دەشڵێت: ئەو کەسانەی ئاڵوودەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بوونە، پێویستە بخرێنە سەنتەرەکانی چاودێرییەوە و چارەسەری پێویستیان بۆ بکرێت، لەبەر ئەوەی ئالوودەبوون بەو ماددانە، وا دەکات پێکهاتەی مێشکیان گۆڕانکاری بەسەردا بێت و وا دەکات ئەم کەسانە لە ژێر کۆنترۆڵی خۆیاندا نەمێنن.

هەروەها دکتۆر دڵشاد  باسی لەوەشکرد، بۆ چارەسەر کردنیش کاتێکی زۆری دەوێت بە نزیکەی ٣ بۆ ٦ ساڵی دەوێت تا ئەو کەسەی تووش بووە و ئاڵوودەی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکانە بگەڕێتەوە بۆ ناو کۆمەڵگا.

هـ.ح

Comments are closed.