زیندانییەكی سیاسی كورد لەسێدارە درا

ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ محێدین ئیبراهیمی، زیندانی سیاسیی كورد لە زیندانی ناوەندی ورمێ، لە سێدارە دراوە.

لە كاتێكدا چەند رۆژێک ماوە بۆ جەژنی نەورۆز، بە گوێرەی هەواڵێكی ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ محێدین ئیبراهیمی، زیندانی سیاسیی كورد، لە زیندانی ناوەندی ورمێ لە سێدارە دراوە، لە كاتێكدایە شەوی ڕابردوو بە بنەماڵەكی ڕاگەیەندرابوو، كە جێبەجێكردنی سزاكەی تا كاتێكی نادیار ڕاگیراوە.

هاوکات شەوی ڕابردوو، بنەماڵەی ئەو زیندانییە سیاسییە و ژمارەیەك لە هاوڵاتیان، لە بەردەم زیندانی ناوەندی شاری ورمێ گردبوونەوەیەکیان ساز كرد و داوایان كرد، سزای لەسێدارەدانی محێدین ئیبراهیمی و زیندانیانی دیكە هەڵبوەشێندرێتەوە.

لە سێدارەدانی ئەو زیندانییە سیاسیە لەكاتێكدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەش زیندانی دیكە، لە زیندانی ناوەندی ورمێ لەسێدارە دراون، كە یەكێكیان ژنە.

محێدین ئیبراهیمی، تەمەنی ٤٣ ساڵ و خەڵكی یەكێك لە گوندەكانی شاری شنۆ بوو، ساڵی ٢٠١٧ بە تەقەی هێزەكانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارن بریندار و دواتر دەستگیر كرا، پاشان بە تۆمەتی چالاكیی چەكداری دژ بە دەسەڵاتی ئێران و ئەندامێتیی لە حزبێكی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، كۆتایی ساڵی ٢٠١٩ لە لایەن دادگای شۆڕشی شاری ورمێ، سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.

ڕ.ڕ

 

Comments are closed.