كەمال کڵچدار ئۆغڵو: شەڕ ڕادەوەستێنم و كۆتایی پێ دەهێنم

كاندیدی هاوپەیمانی میللەت، دوای كۆتاییهاتنی كۆبونەوەی لەگەڵ هەدەپەدا ڕایگەیاند، پەرلەمان شوێنی چارەسەری كێشەكانە و بەلای ئێمەوە شوێنی چارەسەری كێشەی كورد پەرلەمانە و دەشڵێت: من وەك كاندیدی ١٣ یەمین سەرۆك كۆماری توركیا شەڕ ڕادەوەستێنین و كۆتایی پێ دێنم، ئێمە شەڕناكەین و بە ئازادی گفتوگۆ دەكەین.

ئەمڕۆ كەمال كلیچدار ئۆغڵو، كاندیدی هاوپەیمانی میللەت بۆ سەرۆك كۆماری توركیا سەردانی پارتی دیموكراتی گەلان – هەدەپەی كرد و لە سەردانی هەدەپەی كرد و لە ئۆفیسی هاوسەرۆكانی هەدەپە لە پەرلەمانی توركیا بۆ ماوەی کاتژمێرێک کۆبونەوە.

هەریەك لە ئوزگور ئوزەل جێگری سەرۆكی گروپی جەهەپە لە پەرلەمانی توركیا و سەلین سایەك بوكە، سكرتێری گشتی جەهەپە و ئۆگوس كائان ساڵج، جێگری سەرۆكی گشتی جەهەپە یاوەری كلیچدار ئۆغڵویان دەكرد و لەلایەن هاوسەرۆكانی هەدەپە پەروین بوڵدان و میدحەت سانجار و وتەبێژی هەدەپە ئەبرو گونای و وتەبێژی گروپی هەدەپە لە پەرلەمانی توركیا ساروخان ئوڵوچەوە پێشوازییان لێكرا.

دوای كۆتاییهاتنی كۆبونەوەكە، كاندیدی هاوپەیمانی میللەت بۆ سەرۆك كۆماری توركیا و هاوسەرۆكی هەدەپە بۆ میدیاكان قسەیان كرد و ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەیان خستەڕوو.

سەرەتا كەمال كلیچدار ئۆغڵو قسەی كرد و وتی: لە سیاسەتدا شەڕكردن نییە و دەبێت ئەمڕۆ لە كەناڵەكانەوە زۆرشت بنوسرێت و بوترێت، ئێمە مرۆڤی شارستانین و مەجالی گفتوگۆ هەبێت بۆچی شەڕ بكەین، ئێمە لایەنگری پێكەوە ژیان و یەكێتین، بۆ چارەسەركردنی هەموو كێشەكان پێویستییمان بە یەكڕیزی هەیە و دەبێت پێكەوە كاری بۆ بكەین.

لەبارەی ناوەڕۆكی كۆبونەوەكەوە ئاشكرای كرد، لە كۆبونەوەكەدا لەسەر شارەوانییەكان قسەیان كرد و جەختیكردەوە، ئەوان لەدژی دورخستنەوەی ئەوانەن بە هەڵبژاردن پۆستەكانیان وەرگرتووە وپاراستنی دیموكراسی بە مەرجی سەرەكیی ناوبرد.

هەروەها لە لەسەر داخستنی پارتەكان وتی: لە دژی داخستنی پارتەكانین و ئەو پارتانەی داخراون دیسان گەڕاونەتەوە بۆ سیاسەت و گەلیش هاوكارییان دەكات، هەروەها دژی توندوتیژی دژ بە ژنانین، دەبێت هەموو كەس لەبەرامبەر سیاسەتی توندوتیژی دژ بە ژنان ڕاوەستێت.

“ئێمە دژی سەپاندنی یاساین لە ڕێگەی زەبر و زەنگەوە و بانگەوازی لە دادوەران دەكەین لە دژی فشاری سیاسی بەرگری بكەن و خۆیان ڕادەستی ئەو سیاسەتە نەكەن، بەوشێوە دەتوانین دیموكراسی بچەسپێنین” كلیچدار ئۆغڵو وای وت.

تایبەت بە كێشەی كورد بۆ یەكەمجار دوای كاندیدبوونی هەڵوێستی خۆی ئاشكرا دەكات و دەڵێت: كێشەی كورد و هەموو كێشەكان لەناو پەرلەمانە، لە دامەزراندنی پەرلەمان هەتا ئێستا، هەموو كێشەكان لەوێوە چارەسەر كراوە، بڕوامان بە گەلەكەمان هەیە و ئەو پەرلەمانتارانەی لەو هەڵبژاردنەدا هەڵدەبژێردرێن، ئەو كێشانە چارەسەر بكەن.

دەشڵێت: پەرلەمان شوێنی ئیرادەی گەلە و دەبێت لەوێ كێشەكان چارەسەر بكرێت، لە كارنامەی ئێمەدا بۆ هەڵبژاردن وتومان لە دووەمین ١٠٠ ساڵی كۆماری توركیادا شوێنی چارەسەری كێشەی كورد پەرلەمانە و لە كۆنگرەی خۆماندا ئەوەمان پەسەند كردووە.

كلیچدار ئۆغڵو وتیشی: ئێمە پاراستنی دیموكراسی و مافی مرۆڤ و یەكسانی ژن و پیاو دەپارێزین، ئێمە یان دیموكراسی دێنینە توركیا یان دیموكراسی دێنینە توركیا، ئێمە شەڕ ناكەین و بە ئازادی گفتوگۆ دەكەین، ئەگەر ئێمە بە دانیشتنێك ڕێككەوتن نەكەین جارێكی تر دادەنیشین تا گەیشتن بە ڕێككەوتن.

بانگەوازی لە ڕۆژنامەنوسان و میدیاكان كرد، كە زمانی توند و جیاكاری بەكارنەهێنن و وتی: من وەك كاندیدی ١٣ یەمین سەرۆك كۆماری توركیا شەڕ ڕادەوەستێنین و كۆتایی پێ دێنم، ناسنامە و باوەڕ و شێوازی چیانی كەسەكان چۆن بن من وەك مرۆڤ سەیریان دەكەم و لەسەر سەری ئێمە جێگەی هەموویان هەیە.

كاندیدی هاوپەیمانی میللەت ڕوونیكردەوە، لە پەرلەمان كەسێك بە ئینگلیزی و فەرەنسی قسە بکات كێشە نییە، بەڵام ئەگەر بە كوردی قسە بكات دەڵێن، ئەوە زمان نییە و تێناگەین”، ئەوە قبوڵناكرێت و دژی ئەوەین، كەناڵێكی كوردی هەیە هی دەوڵەتە، بەڵام لە پەرلەمان دەڵێن، لەو زمانە تێناگەین، لەكاتێكدا ئەو زمانە هەزاران ساڵە قسەی پێدەكرێت، چۆن ئێوە دەڵێن، ئەوە زمان نییە؟.

دواتر، میدحەت سانجار هاوسەرۆكی هەدەپە سوپاسی كلیچدار ئۆغڵوی كرد بۆ سەردانەكەی و وتی: ئەو گفتوگایانەی لە كۆبونەوەكەدا كردمان لە ناو كۆبونەوەی هاوپەیمانێتی رشەنج و ئازادییدا گفتوگۆی لەسەر دەكەین و دوای چەند ڕۆژێكی تر ئێمە بە فراوانی هەڵوێستی خۆمان ئاشكرا دەكەین.

ئەوەش یەكەم سەردانی كلیچدار ئۆغڵویە و گفتوگۆكان بەردەوام دەبن و داواكاری سەرەكی هەدەپە، دیموكراسی و ئازادییە بۆ توركیا و چارەسەری كێشەی كوردە لە توركیا.

س.س

Comments are closed.