لە نەورۆزی ئەمساڵدا یەكێتی نەتەوەیی داواكاری سەرەكی لایەنەكان و هاوڵاتیان بوو

جەژنی نەتەوەیی نەورۆز لەلایەن گەلی كوردەوە بە گەرمی پێشوازی لێكرا و ئەو جەژنە پیرۆزكرا، هاوڵاتیان و لایەنەكان لەگەڵ بەرزڕاگرتنی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵى كوردییدا داوای ئاشتی و یەكێتی نەتەوەییان كرد.

دروشمی “لە هەموو شوێنێك نەورۆ، هەموو كات ئازادیی” بوو بە دروشمی سەرەكی نەورۆزی ئەمساڵی كوردان و لە ئاهەنگەكانی نەورۆزدا، گەلی كورد پڕ بە گەرویان ئەو دروشمەیان دەوتەوە و لە باشور و باكور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای كوردستان و هەندەران ملیۆنان كورد لە دەوری ئاگری نەورۆزی ئەمساڵ كۆبونەوە.

ئێوارەی ٢٠ی ئادار لە هەموو شار و شارۆچكەكانی باشوری كوردستان ئاگری نەورۆز كرایەوە و لە هەریەك لە شارەكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەولێر و ئیدارەكانی سۆران و ڕاپەڕین و گەرمیان و زاخۆ و شارۆچكەی ئاكرێ و كفری ئاهەنگی گەورە بۆ پێشوازی لە نەورۆز و سەری ساڵی كوردی ڕێكخرا و ئاگری نەورۆز كرایەوە.

ڕۆژی ٢١ی ئادار، لە بناری قەندیل، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو بە بەشداری هەزاران كەس ئاگری نەورۆز كرایەوە و وتارێكی تۆماركراوی جەمیل بایك، هاوسەرۆكی دەستەی بەڕێوەبەری كەجەكە پێشكەش كرا.

بایك لە پەیامەكەیدا وتی: ٥١مین نەورۆزی ڕێبەرایەتی پیرۆز دەکەین، نەورۆزی ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان و تەواوی دنیا پیرۆز دەکەم و لەبارەی هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا جەختیكردەوە، هەڵبژاردنی داهاتووی تورکیا هەبژاردنێکی ئاسایی نییە، داهاتووی تورکیا و گەلی کورد دیاری دەکات.

بەشداربوانی ئاهەنگەکانی نەورۆز داوایان لە هێز و لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان كرد، کێشە و ئاریشەکانیان وەلا بنێن و نەورۆز بکەنە هەوێنی ئاشتی و برایەتی و هەروەها، داوایان لە گەلی كورد كرد، یەکگرتوو بن و چیتر ناو ماڵی خۆیان بە پەرتەوازەیی نەهێڵنەوە.

سەرهەڵدانی ژن، ژیان، ئازادیی، مۆری خۆی لە نەورۆزی ئەمساڵ ڕۆژهەڵاتی كوردستاندا و یادكردنەوەی ئەو بۆنەیە گۆڕدرا بۆ چالاكی ناڕەزایەتی دژی دەسەڵات و بەرز ڕاگرتنی یادی گیانبەختكردووانی خۆپیشاندانەكانی شەش مانگی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان.

ڕۆژی ٢٠ی ئادار، لە كۆتا ڕۆژی ساڵی كوردیدا، لە سەرجەم ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ئاگری نەورۆز كرایەوە و هاوڵاتیان بە ئاهەنگگێڕان، پێشوازیان لەو بۆنەیە كرد و ڕەنگ و دروشمەكانی سەرهەڵدان و یادی گیانبەختكردووان، بەسەر مەراسیمەكانی ئەمساڵی نەورۆزدا زاڵ بوو.

لە شاری سەقز، زێدی ژینا ئەمینی، ئەو كچە كوردەی بەهۆی ئەشكەنجەی پۆلیسی ئەخلاقەوە لە تاران گیانی لەدەستدا، بنەماڵەكەی و سەدان كەس لە چالاكوانان و دانیشتوانی شارەكە ڕوویان كردە سەر گڵكۆكەی و بە مەراسیمێكی تایبەت نەورۆزیان پیرۆز كرد و یادی ئەو گیانبەختكردووە و سەرجەم گیانبەختكردووانی سەرهەڵدانەكەیان بەرز ڕاگرت.

لە شارەكانی ورمێ، سنە، مهاباد، ماكۆ، سەردەشت، سەقز، پیرانشار، شارۆچكەی گاوارە لە كرماشان و هتد.. مەراسیمی گەورەی جەماوەری بۆ پیرۆزكردنی نەورۆز بەڕێوەچوو.

ڕۆژی ٢١ی ئادار، لە ڕۆژئاوای كوردستانیش بە دروشمی “لە هەموو شوێنێك نەورۆ، هەموو كات ئازادیی” ١٠یەمین ئاگری نەورۆزی ئازادیی سەرجەم ناوچەكاندا كرایەوە، لە ژێر چاودێری خۆبەڕێوبەری ڕۆژئاوای كوردستاندا، لە قامشلۆ و حەسەكە و كۆبانێ ئاهەنگی گەورە ڕێكخرا و لە دەوری ئاگری نەورۆز گۆڤەندیان گێڕا و جەژنی نەورۆز و ساڵی نوێی كوردیی پیرۆز كرا.

شارەكانی باكوری كوردستان ڕۆژی ٢١ی ئادار پڕكران لە دروشمی “لە هەموو شوێنێك نەورۆ، هەموو كات ئازادیی”، ئامەد و جزیرە و شرناخ و دەرسیم و نسێبین و كۆنیا و ئاگری و ناوچەی ڕەحا و سێرت و مێردین و موش و ئیزمیر و ئەنتالیا و چەولیك و چەندین ناوچەی تر، بە جۆش و خرۆشەوە ئاگری نەورۆز كرایەوە و بە ئاهەنگ و گۆڤەند نەورۆز و سەری ساڵ پیرۆز كرا.

لە ئاهەنگی ملیۆنی ئامەددا، میدحاد سانجار، هاوسەرۆکی گشتی هەدەپە لە نەورۆزی ئامەددا ڕایگەیاند، گومانتان نەبێت، ئەم دەسەڵاتە تێکدەشکێنین و ئەم سیستمە دەگۆڕین و وتیشی، ئەم دەسەڵاتە سەرچاوەکانی وڵاتی بۆ دەستبەسەرداگرتن، بەرژەوەندی پارێزی و شەڕ گۆڕیوە و ئێمە ئاشتی لەدژی شەڕ دەپارێزین.

هەروەها، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەنەكە لە ڕێگەی پەیامێكی ڤیدیۆییەوە له‌به‌رده‌م ملیۆنێك كەسدا لە شاری ئامەدی باكوری كوردستان لەگەڵ پیرۆزكردنی نەورۆز وتی: ئەم ساڵ ئەو ساڵەیە، كە هەموو كوردەكان بە یەكەوە ئیش دەكەن، هەموو كێشەكانمان بەلاوە دەنێین، بەیەكەوە بۆ بەرژەوەندی گەلەكەمان خەبات دەكەین.

بافڵ تاڵەبانی وتیشی: داوا لە هەموو وڵاتەكانی دەوروبەرمان دەكەم، كە سیاسەتمەدارەكانمان ئازاد بكەن، هەموو سەركردەكانمان ئازاد بكەن، ڕێگە بدرێت خەڵك سەردانیان بكات، پارێزەر و دكتۆر بیانبینن.

كوردانی هەندەران بە پۆشینی جلوبەرگی كوردیی و گێڕانی ئاهەنگ و گۆڤەند جەژنی سەری ساڵی كوردی و نەورۆزیان پیرۆز كرد، لە هەریەك لە وڵاتانی “ژاپۆن، بەریتانیا، ئەمریكا، ڕووسیا، فەرەنسا، هۆڵندا، سویسرا، سوید، ئسپانیا و چەندین وڵاتی تر” نەورۆز پیرۆز كرا.

س.س

Comments are closed.