“پێویستە هەڵوێستی کەجەکە بەرزبنرخێندرێت و پشتیوانیش لە هەدەپە بکرێت”

قەڵادزێ

چالاکوانانی شارۆچکەی قەڵادزێ، هەڵوێستی کەجەکە و ڕاگرتنی چالاكی گەریلاكان دژ بە سوپای تورك بە کارێکی مرۆڤی و ئەخلاقی ناو دەبەن و دەڵێن: پێویستە هەڵوێستی کەجەکە بەرز بنرخێندرێت و پشگیری و پشتیوانیش لە هەدەپە بکرێت .

دوای ئەوەی بەرەبەیانی ڕۆژی ٦ی مانگی شوبات، چەند بوومەلەرزەیەكى بەهێز، بەشێك لە ناوچەكانی باكووری كوردستان، توركیا، ڕۆژئاوای كوردستان و سووریایان هەژاند و بە چەند ڕۆژێک دوای کارەساتەکە، هاوسەرۆكی كۆنسەی بەڕێوەبەری كۆما جڤاكێن کوردستان – کەجەکە ڕاگرتنى شەڕى دژى سوپاى تورک ڕاگەیاند، هەروەها دوێنێ جارێکی تر و بەهۆی هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە کەجەکە شەڕى ڕاگرت.

عەلی قادر

عەلی قادر، کە چالاکوانێکی شارۆچکەی قەڵادزێيە لە ئیدارەی ڕاپەڕین دەربارەی ڕاگرتنى شەڕ لەلایەن کەجەکەوە بە بۆنەی هەڵبژاردنەکانی تورکیاوە دەڵێت: گەلی کورد گەلێکی ئاشتی خوازە و کەجەکەش لەسەر ئەو پێوانە بەردەوامە، ڕاگەیاندنی ئاگر بەست لەلایەن کەجەکە جێگای ڕێز و دەست خۆشيیە و ئێمە وەک و گەل پشتیوانی لەو هەنگاوە گرنگە دەکەین، کە ڕاگەیاندنی ئاگربەستە، بەڵام بەداخەوە دەوڵەتی داگیر کەری تورک گوێ بەو ئاگر بەستانە نادات و بەردەوامە لە هێرشەکانی .

ئەوچالاکوانە بەگرنگی دەزانێت، کە هاوڵاتیانی باکوری کوردستان، کە لەهەرشوێنێکی دنیا بن بگەڕێنەوە بۆ دەنگدان بە هەدەپە، بۆ ئەوەی بتوانرێت لەڕێگای ئەو دەنگدانەوە تورکیا ناچار بکرێت، کە کۆتایی بە کورد کوشتن و قڕکرنی گەلی کورد بهێنێت .

هەروەها، ڕەحمان حسێن، چالاکوانێکی دیکەى شارۆچکەکەیە و بە ڕۆژنیوزى وت: دووەم جارە کەجەکە ئاگر بەست ڕادەگەیەنێت، بەڵام تورکیا گوێ بە هەڵوێستە مرۆڤى و ئەخلاقیەکانی کەجەکە نادات، پێویستە هەڵوێستی کەجەکە بەرز بنرخێندرێت و پشگیری و پشتیوانیش لە هەدەپە بکرێت.

ڕەحمان حسێن

دەربارەی هەڵوێستی دەوڵەتى تورک بەرامبەر بە ڕاگەیاندنی ئاگر بەست لەلایەن کەجەکەوە ڕەحمان حسێن وتی: هەوڵوێستەکانی دەوڵەتی داگیر کەری تورک دوور لە مرۆڤایەتى و بەها ئەخلاقیەکانە و تائێستا ئەو دەوڵەتە داگیرکەرە، گوێی لە نەرمی و ئاگربەستەکانی کەجەکە نەگرتووە و پێویستە تورکیا بە سیاسەتەکانی خۆیدا بچێتەوە .

ئەو چالاکوانە داواش لە گەلی کورد لە باکوری کوردستان دەکات، کە بە یەک دەنگی بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و تۆڵە لە ئەردۆغان و دار و دەستەکەی بکەنەوە، کە لەماوەی ڕابردودا ئەو کۆمەڵکوژیانەی، کە بەسەر گەلی کوردیدا هێناوە.

س.س

Comments are closed.