بۆ هەمووان باشە بکەوێت…

پشت بە خوا و بە هیممەتی ئازادیخوازان ڕۆژی ٢٠٢٣/٥/١٥، چاو دەکەینەوە و ئەم پیاوە سەرۆکی توورکیا نییە و زۆریش نابات لە دادگادا دەیبینینەوە…
زۆر ڕوونە بۆ هەموو مرۆڤێکی ساخلەم و دەروون و ڕۆحدرووست و دادویست؛ کەوتنی ئاردۆدگان بۆنەیەکی زۆر خۆشە، لەبەر ئەم هۆیانە:
بۆ کورد ڕوونە کە فاشیستێکی وا هەتا زوو بکەوێت درەنگە…
ئەگەر تۆ مسوڵمانێکی ڕاستەقینەیت، کەوتنی ئاردۆگان دەبێت دڵخۆشت بکات، چونکە ئەم پیاوە بازرگانیی بە دینەکەتەوە دەکات، وڵاتێکی مسوڵمان نییە دەستێکی فیتنەبازانەی ئەم فاشیستەی تێدا نەبێت، ئاگرخۆشکەری شەڕە لە زیاد لە وڵاتێک، داعشی بەردایە گیانی مسوڵمانان و ئێزدیی و کورد و شیعەی بێوەی، مەلەفی زوڵملێکراوانی سووریا و میسڕ و لیبیای فرۆشت و ئێستا عەوداڵ و شێت و شەیدای لیقایەکی سیسیی و بەشار و حەفتەرە.
ئینجا تۆ لە هەر ڕووانگەیەکەوە لێی ڕادەمێنیت، ئەم پیاوە شایەنی درێژەدان نییە بە دەسەڵاتەکەی، ئەگەر کوردیت ئەوە دوژمنتە، ئەگەر ئیسلامییت، ئەوە فرۆشیاریی تراژیدیاکانتە، ئەگەر مسوڵمانیت ئەمە فتنەباز و ئاژاوەگێڕی بێڕکابەری ناوچەکەیە…
پیاوێک لەسەر ئاستی شەخسیی بێوەفا و سپڵە، هەموو سەرکەوتنەکانی بەری ڕەنجی کوردی ئاشتیخواز بوو، ئاخر ئەگەر سەرەتا لە بەرگی مەڕدا دەستی ئاشتەوایی بۆ ڕێبەرانی کوردی باکوور درێژ نەکردایە، ئایا دەیتوانی بەردێک بخاتە سەر بەرد؟ کەچی هەر ئەوەندەی نینۆکەکانی تیژ بوون یەکەم شوێن پەلاماری دا کورد بوو.
ئەو سپڵەیە هەموو ڕەنجی مرۆڤگەلێکی هێمن و هۆشمەندی وەکو عەبدوڵڵا گیول و داودئۆغڵۆ و باباجانی بەبا دا، سیاسەتی ئەوان کە دەکرا خۆرهەڵاتێکی ناوەڕاستی دوور لە جەنگ و ئاشووب درووست بکات، هەمووی وێران کرد.
درۆزن و دووڕووی وەکو ئەو نموونەی نییە، بێشەرم و ئۆینباز، بۆ فەلەستین دەگری بە ڕۆژ، کەچی بەشەو، لە بەندەری جەیهانەوە هەزاران بەرمیل نەوتی هەرێمی کوردستان بە ئیسرائیلی وەکو خۆی فاشیتس دەفرۆشێت، تۆش ئەی برای ئیسلامیی کە فرمێسک بۆ “شەهیدان”ی فەلەستین دەڕێژیت هەمان هەڵوێستت هەیە و هیچت جیاواز نییە لە پیاوێک کە بە چاوێک فرمێسک بۆ قوربانیی و بە چاوێکی دیکە ئاهەنگ لەگەڵ جەللاد دەگێڕێت.
با بکەوێت و دوابڕاو بێت، دڵنیابە خوداش چارەی زاڵمانی ناوێت: (فما بكت عليهم السماء والأرض وما كانوا منظرين)…

Comments are closed.